ئەندامێكی لیژنەی دەسپاكی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت كە دۆسیەی گەندەڵی تایبەت بە راكان جبووری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركووك لای دادگای عێراقە و ئەو سەرپێچییەكی گەورەی یاسایی كردووە و سزا دەدرێت، هاوكات حكوومەت و دادگا بە لاواز ناو دێنێت لە دۆسیەكە.
حكوومەت و دادگای عێراق لە سزادانی جبووری خاون
ئەمڕۆ شەموو جەمال شوكر، ئەندامی لیژنەی دەسپاكی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، لیژنەكەمان كاری لەسەر ئەو كەیسانە كردووە كە لەسەر راكان جبووری پارێزگاری كەركووك هەن و راپۆرتی خۆی داوەتە دەستەی دەسپاكی، ئەویش راپۆرتەكانی بۆ دادگای عێراق بۆ لێكۆڵینەوە و سزادان بەرز كردووەتەوە.
زیاتر گوتی، راكان جبووری لەسەر پرسی خەرجكردنی پارە زیادەڕوییەكی زۆری كردووە و ئەو پارەی كە بەكاری هێناوە، بڕێكی زۆرە و سەرپێچی كردووە لە خەرجكردنی پارەكەدا، ئەوانەشی لیژنە بوون لە كرینی شتەكان، هەندێكیان فەرمانبەری دەوڵەت نین و سەرجەم ئەوانە سەرپێچی یاسان.
شوكر روونی كردەوە، ئێستە كەیسەكە لە دادگایە و ئێمەش بەردەوام لە چاودێریكردنیداین، چەند كەسێك لەسەر ئەو گەندەڵییە گیرابوون، دواتر بە كەفالەتی زۆر ئازاد بوون، دووپاتی كردەوە كە كەیسەكە ماوە، بەڵام لاوازیی حكوومەت و دادگا تا رادەیەك كاریگەری دەبێت لەسەر كەیسەكە و لێپرسینەوەكان، سەرەڕای ئەوە دەبێ جبووری سزا بدرێ، ئەگەرچی تا ئێستە خاوە خاوی هەیە.
شایەنی باسە لە ماوەی رابردوو چەندین كەیسی گەندەڵی لەسەر راكان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ئاشكرا بووە، هەفتەی رابردوو دۆسیەیەكی لەسەر كراوەتەوە لەسەر زیادەڕۆیی و خەرجكردنی پارەیەكی زۆر لە خواردن و كڕینی پێویستی.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی