"وشە" ناوەڕۆكی یاسای هەڵبژاردنی نوێی عێراقی بە خاڵ بڵاو دەكاتەوە

:: PM:02:18:17/11/2019 ‌
دوای ئەوەی پڕۆژەكە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمان رەوانەی لیژنەی یاسایی كرا، حكوومەتی عێراق دیارترین گۆڕانكارییەكانی ناو یاساكەی ئاشكرا كرد كە خۆی زیاتر لە 20 خاڵ دەبینێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ی تشرینی دووەم، سەعد حەدیسی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق دیارترنی خاڵەكانی ناو پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی نوێی ئاشكرا كرد، دیارترینیان ئەمانەن:

1-ئەو كەسەی خۆی كاندید دەكات دەبێت 25 ساڵی تەواو كردبێت.

2-ئەوانەی ئەو پۆستانەیان پێشتر هەبووە، مافی خۆ كاندیدكردنیان نییە:
سەرۆك كۆمار و جێگرانی.
سەرۆك وەزیران و جێگرانی.
وەزیرەكان و بریكاری وەزیرەكان.
سەرۆك و ئەندامانی دەستە سەربەخۆكان.
سەرۆك و ئەندامانی دەستە نەبەستراوەكان بە وەزارەتەكان.
راوێژكارەكان.
پارێزگار و جێگرانی.
سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.
پلەتایبەتەكان.
بەڕێوەبەرە گشتییەكان. 

ئەوانەی ئێستە لە پۆستن بۆیان نییە خۆیان كاندید بكەنەوە

3-ئەوانەی ئەو پۆستانەی خوارەوەیان هەیە لە دەسەڵاتی دادگەری بۆیان نییە خۆیان كاندید بكەن.
دادوەران.
ئەندامانی داواكاری گشتی.
ئەندامانی هێزە چەكدارەكان و دامەزراوە تەناهییەكان.
ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران و ئەوانەی پلەی باڵایان لە ئەنجوومەنی هەڵبژاردن هەیە لەگەڵ فەرمانبەرانی كۆمسیۆنیش.
ئەوانەی دەیانەوێت بە لیستی سەربەخۆ و تاك بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن، ئەوا لە بارمتەی هەڵبژاردن دەبوورێن و پارەكە نادەن.
پەرلەمان لە 251 كورسی پێكدێت، نۆ كورسی بۆ كۆتاكان، پێنج بۆ مەسیحییەكان، یەك بۆ سابیئە، یەك بۆ ئێزیدییەكان، كورسییەك بۆ كوردی فەیلی، كورسییەك بۆ شەبەك.
سیستمی زۆرترین دەنگ بۆ دەستنیشانكردنی كاندید بەكار دەهێنرێت، بە جۆرێك هەموو كاندیدانی بازنەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای دەنگەكانی بە دەستیان هێناوە ریزبەند دەكرێن بێ لەبەرچاوگرتنی لیستەكانیان، ئەوانەی زۆرترین دەنگیان هێناوە براوەن.
كۆمسیۆن پشت بە ئامێری خێرا دەرخستنی ئەنجامی ئەلیكترۆنی هەڵبژاردن دەبەستێت، ئەگەر تانە لەسەر هەر ناوەندێكی دەنگدان هەبێت یان هەر وێستگەیەك، ئەوا كۆمسیۆن دەبێت بە دەست دەنگی ئەو ناوەندە بژمێرێتەوە. 
هەموو ئەو عێراقییانەی لە دەرەوەی وڵاتن، لە شوێنی خۆیان دەنگ دەدەن بەگوێرەی بازنەی هەڵبژاردنی شارەكانیان. 
رێكاری پەنجەمۆر بۆ دەنگدانی تایبەت و گشتی بەكار دەهێنرێت.
لە دەنگدانی تایبەت، پسوولەی دەنگدان لە هێزە تەناهییەكان دوای دەنگدانیان، لێیان وەردەگیرێتەوە و پاش تەواوبوونی پرۆسەكە بۆیان دەگەڕێنرێتەوە. 
بۆ هیچ ئەندام و حزب و لیستێك نییە كە لە چوارچێوەی لیستێك خۆیان كاندید كردووە و براوەی هەڵبژاردن بووە، بچێتە پاڵ هاوپەیمانیەتییەك یان حزبێك یان لیستێكی تر، تا پێكهێنانی حكوومەت. 
بۆ هیچ كاندیدێكی براوەی هەڵبژاردن نییە خۆی بۆ پۆستی وەزیری یان هەر پلەیەكی باڵا كاندید بكات لەو خولەی ئەو تێیدا بووەتە ئەندامی پەرلەمان.
عێراق دابەشی سەر 18 ناوەندی هەڵبژاردن دەكرێت لەسەر بنەمای پارێزگاكان.

ئاشكراكردنی ناوەڕۆكی یاساكە لە كاتێكدایە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان، پڕۆژەكەی رەوانەی لیژنەی یاسایی كرد بە مەبەستی ئامادەكردنی راپۆرت لیژنە لەسەر پڕۆژەكە.



وشە - فه‌رمان سادق

ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌