نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران كرایەوە

:: PM:12:04:18/11/2019 ‌
بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران كرایەوە و دانیشتووانی ڕواندز و سۆران و مێرگەسۆر و چۆمان سوودی لێ‌ دەبینن.

ئەمڕۆ دووشەم 17ـی تشرینی دووەم، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، دوای هەوڵێكی زۆر و بە لەبەرچاوگرتنی دووریی ناوچەكە و زۆریی رێژەی دانیشتووانی هەر چوار شارۆكەی سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر و رواندز، توانیمان رەزامەندیی وەزیری ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵی بە كردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت لە سەنتەری سۆران وەربگرین. 

ئەمڕۆ دوو هاووڵاتی لە سۆران پاسپۆرتیان وەرگرت
پارێزگاری هەولێر گوتی، پێشتر چەندان نووسراو و هەوڵ هەبوو لەلایەن بەرپرسانی كورد بۆ كردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت و راییكردنی كاروباری هاووڵاتییان، خۆشبەختانە سەرجەم كارەكان و ئامادەكارییەكان بە كۆتایی هات و ئەمڕۆ دوو هاووڵاتی لە سۆران پاسپۆرتیان وەرگرت.

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا گوتی، بە كردنەوەی نووسینگەكە هاووڵاتییان و خەڵكی دەڤەری سۆران كارئاسانیی باشیان بۆ دروست دەبێت و هەموو كارەكانی تایبەت بە پاسپۆرت لە سۆران ئەنجام دەدەن.

شارۆكەی سۆران لەڕووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە و بەدووریی 110 كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، ناوەندی سێ شارۆكەیە و رێژەی دانیشتووانی زیاتر لە 300 هەزار كەس دەبێت.



وشە - رامیار جەواد