فرۆشتنی ئامێری گەورەكردنی ئەندامەكانی زاوزێ پەرە دەستێنێت

:: AM:09:08:19/11/2019 ‌

تەندروستی سلێمانی: ئەو ئامێرانە ڕێپێدراو نین 

بەشێك لە پیاو و ژن بۆ بەرزكردنەوەی توانای سێكسییان، پەنا دەبەنە بەر دەرمان و هەندێكیان سوود لەو ئامێرانە وەردەگرن كە تایبەتن بە گەورەكردنی ئەندامە پێوەندیدارەكانی لەش. لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیش رێكلامی سێكسی زۆر بووە و بەرپرسانی تەندروستی بە زیانبەخشی هەژمار دەكەن.

بە دەیان پەیج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێکلام بۆ ساغکردنەوەی ئەو بەرهەمانە دەکەن کە گۆیا توانای سێکسی بەرز دەکەنەوە و بە شان و باڵی ئامێر و دەرمانەکانیان هەڵدەڵێن. یەکێک لەوانە لە ژێر ناوی H&H SHOPPING باس لە چارەسەرکردنێکی خەیاڵی دەکات. یەکێکی تر بە ناوی جوانکاری ئەمەریکی2 کۆمەڵیک بەرهەمی پێوەندیداری خستووەتەڕوو و تەنانەت ژمارە تەلەفونیشی داناوە. کوردستان شۆپیش رێکلام بۆ دەرمانی گەورەکردنی سمت دەکات. DAILY ONLINE دەرمانی گەورەکردنی زەکەر و یەکێکی تر باس لە رێکخستنی بەشێکی دیاریکراوی لەش دەکات و هەر کام لەو پەیجانەش لە پێناو بازرگانیکردن و بێ مۆڵەت و چاودێری چارەسەری بۆ خەڵک دەستنیشان دەکەن. 

دەرمانخانەكان تەنیا رێیان پێ دراوە دەرمانی لاوازی سێكسی بفرۆشن


هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، بە"وشە"ی راگەیاند, تەواوی ئەو دەرمان و ئامێر و كەلوپەلانەی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی رێكلامیان بۆ دەكرێت بۆ فرۆشتن لە بواری سێكس و توانای سێكسی, هەروەها ئامێرەكانی گەورەكردنی شوێنە هەستیارەكانی ژن و پیاو، رێپێدراو نین و زیانیان هەیە و دەرمانخانەكانیش تەنیا بۆیان هەیە دەرمانی لاوازی سێكسی بفرۆشن.
ئەو بەرپرسە دووپاتی دەكاتەوە، هەر دەرمانێك لە رێی رێكخراوی "ئێف دی ئەی" جیهانی تایبەت بە دەرمانی باوەڕپێكراو، پشتڕاست نەكرابێتەوە ڕێ بە فرۆشتنی نادرێت و نایاساییە. 

هەرچەندە ئامێرەكانی گەورەكردنی شوێنە هەستیارەكانی پیاو و ژن ئەگەر لە ژێر چاودێری پزیشكدا بێت شتێكی ئاساییە، چونكە وەك ئەوە وایە ئامێرێكی چارەسەری سروشتی بەكار بێت، بەڵام زیانیشی هەیە و دوای ماوەیەك دەردەكەوێت.

ئەو دەرمان و ئامێرانەی پزیشكین و رێیان پێ دراوە لە دەرمانخانەكان بفرۆشرێن، ئاسایین، بەڵام هەموو ئەوانەی تر كە رێكخراوە تەندروستییەكان پشتڕاستیان نەكردوونەتەوە، قەدەغە كراون.

دكتۆر باریف زاهیر پسپۆڕ و شارەزا لە بواری دەرمانسازی و سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازان، بە"وشە"ی گوت، تەواوی ئەو دەرمانانەی تایبەتن بە بەهێزكردنی توانای سێكسی و لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی رێكلامیان بۆ دەكرێت و دەفرۆشرێن، رێپێدراو نین. 
"لەگەڵیدا ئامێرەكانی گەورەكردن و بچوككردنەوەی شوێنە هەستیارەكانی پیاو و ژن, كە لە رووی زانستی و تەندروستی رێكلامكردن بۆیان رێپێدراو نییە" باریف وای گوت.

روونی دەكاتەوە، دەرمانی زیادكردنی توانای سێكسی دوو جۆرە، هەندێكیان بەهۆی پێدانی هەندێ دەرمانە كە هۆرمۆنیان تێدایە و رێپێدراون، بەڵام جۆری دووەم هەندێ دەرمانن كە لە رێی خوێنەوە كەسەكە وەریدەگرێت و وایلێدەكات هەست بەوە بكات توانای سێكسی بەرز بووەتەوە، بەڵام ئەمەیان رێپێدراو نییە.

ئەو پسپۆڕە دووپاتی دەكاتەوە كە هیچ دەرمانخانەیەك بۆی نییە دەرمانە رێپێنەدراوەكانی تایبەت بە زیادكردنی توانای سێكسی بفرۆشرێت كە لە كوالێتی كۆنترۆڵ دەرنەچوون، وەك قاچاخ مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت. 

باسی لە زیانەكانی دەرمانەكانی زیادكردنی توانای سێكسی و ئامێرەكان دەكات و دەڵێت, ئەو دەرمانانە ئەگەر بە رێنوێنیی پزیشك بەكار بهێنرێت ئاساییە، بەڵام ئەوانەی بەشێوەیەكی هەڕەمەكی دەرمان بەكار دێنن، دەبنە هۆی پووكانەوەی ئێسك، زیادكردنی پەستانی خوێن و زیادكردنی چەوری ناو خوێن.

خاوەنی دەرمانخانەیەك لە شاری سلێمانی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە"وشە"ی راگەیاند، بەشێك لەو دەرمانانە لە وڵاتە پێشكەوتووەكانەوە دەهێنرێن و ئاسایین، بەڵام بەشێكی تریان سەرچاوەیان دیار نییە و پێویستە لە ژێر چاودێری پزیشك بەكار بهێنرێن.
بەگوتەی خاوەنی دەرمانخانەكە "ئەو دەرمانانە ئاسایین و دەرمانخانەكان دەتوانن بیفرۆشن، چەند مادەیەكی ورووژێنەرن و سوڕی خوێن چالاك دەكەن، بەڵام هیچ دەرمانخانەیەك بەبێ رەچەتەی پزیشك ئەو جۆرە دەرمانانە ناداتە هاووڵاتی".

وشە/بەدواداچوونی هۆشیار عەلی


*



وشە - وشه‌

ئه‌م بابه‌ته 470 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌