جیا له‌وه‌ى شانشینى به‌ریتانیا له ته‌نگژه‌یه‌كى قووڵ ده‌ژی، به‌هۆى بابه‌تى ده‌رچوونى له یه‌كێتیى ئه‌وروپا و چۆنییه‌تیى رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتییه‌كه بۆ قۆناغى دواى چوونه ده‌ره‌وه، جگه له‌و بابه‌ته بابه‌تى ژنه شۆخه‌كان ته‌واو بۆریس جۆنسۆنى سه‌رۆكى وه‌زیرانى به‌ریتانیا سه‌رقاڵ ده‌كات و ناوه ناوه یه‌كێكیان ده‌رده‌كه‌وێت بۆریس جۆنسۆن به گێچه‌ڵ و پێوه‌ندى سێكسى تۆمه‌تبار ده‌كات.
هاوشێوه‌ى دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا و بێل كلنتۆنى سه‌رۆكى پێشووى تر‌ى ئه‌مه‌ریكا، بۆریس جۆنسۆن له بوارى پێوه‌ندى سۆزدارى و ژنان، دۆسییه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ندى هه‌یه و وێراى ئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌كى كورته سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌تى ده‌كات، كه‌چى له‌م ماوه كورتدا چه‌ندان بابه‌تى له‌سه‌ر وروژێندراوه و به‌وه تۆمه‌تبار كراوه پێوه‌ندى سێكسى و سۆزدارى له ده‌ره‌وه‌ى خێزان هه‌بووه و یانیش گێچه‌ڵى سێكسى به ژنان كردووه.
گومان ده‌كرێت جۆنسۆن پاره‌ى ده‌وڵه‌تى به ئاركۆرى دابێ
دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى چیرۆكى ژنێكى رۆژنامه‌نووس گوایه پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ جۆنسۆن هه‌بووه و جۆنسۆن ناچارى كردووه كۆرپه‌له‌كه‌ى له‌بار ببات، ئه‌م جاره ژنێكى ئه‌مه‌ریكى پێوه‌ندى خۆى له‌گه‌ڵ جۆنسۆن ئاشكرا ده‌كات و له كه‌ناڵێكى ته‌له‌ڤزیۆنى به ئاشكرا به په‌یامێك بۆ جۆنسۆن ده‌نێرێت و به بێ وه‌فایى تۆمه‌تبارى ده‌كات.
جینفهرى ئاركۆرى سه‌ندووقى نهێنیه‌كانى جۆنسۆن
ژنێكى ئه‌مه‌ریكى كه له بوارى وه‌به‌رهێنان كار ده‌كات به ناوى جنیفه‌ر ئاركۆرى ناسراوه، چه‌ند رۆژێكه میدیاكانى به‌ریتانیا و رۆژئاواى به‌خۆیه‌وه خه‌ریك كردووه، چونكه ده‌ڵێ ساڵانێكى زۆر پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ بۆریس جۆنسۆنى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئێسته‌ى به‌ریتانیا هه‌بووه.
به‌گوێره‌ى راپۆرتێك كه لهماڵپهڕى
BBC ى به‌ریتانى بڵاوكراوه‌ته‌وه جنیفه‌ر ئاركۆرى باسى له‌وه كردووه پێشتر پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ جۆنسۆن هه‌بووه، كه‌چى ئێسته ئه‌و پیاوه خۆى لێ به‌دوور ده‌گرێت و وه‌ك "تارمایی"یه‌ك مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كات. ناوى ئه‌م ژنه به‌لاى میدیاكانى به‌ریتانیاوه نامۆ نییه چونكه پێشتریش جۆنسۆن به‌وه تۆمه‌تبار كراوه ئه‌و كاته‌ى پارێزگارى له‌نده‌ن بووه مامه‌ڵه‌ى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه كردووه.
به‌ڵام بۆریس جۆنسۆن ئه‌وه‌ى زانیارییانه‌ى ره‌تكردووه‌ته‌وه. له راپۆرته‌كه‌ى BBC ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه جنیفه‌ر ئاركۆرى دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى ئاى تیڤى كردووه و دهڵىچ كۆمه‌ڵێك نهێنى بۆریس جۆنسۆنى له‌لاى خۆى پاراستووه، پێوه‌ندییه‌كى به‌هێزیان هه‌بووه، به‌ڵام كاتێك له بوارى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ راگه‌یاندن ئامۆژگارى جۆنسۆنى كردووه ئه‌و فه‌رامۆشى كردووه.
پارێزگاران ده‌ڵێن هیچ ره‌فتارێكى ناشیاوى له‌م جۆره بوونى نه‌بووه. كه‌چى جنیفه‌ر ئاركۆرى له دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵێكى به‌ریتانى په‌یامێكى راسته‌وخۆ بۆ بۆریس جۆنسۆنى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌نێرێت و ده‌ڵێ "من هه‌میشه بۆ تۆ دڵسۆز بووم، پاڵپشتت بووم، متمانه‌م به تۆ هه‌بوو، نهێنى تۆم پاراست، هاوڕێى تۆ بووم، نازانم بۆچى من فه‌رامۆش ده‌كه‌یت، وه‌ك ئه‌وه‌ى كچێكى پێوهندیهكى راگوزهرم له‌گه‌ڵت هه‌بێت و له مه‌یخانه منت بردبێته‌وه، من به‌م جۆره نییم و تۆش ئه‌وه ده‌زانییت، ئه‌و فه‌رامۆشكردنه دڵى شكاندم".
وێراى ئه‌م قسانه‌یش ئاركۆرى ره‌تى ده‌كاته‌وه شێوازى ئه‌م پێوه‌ندییه ئاشكرا بكات كه له‌گه‌ڵ بۆریس جۆنسۆنى هه‌بووه و چه‌ندان ساڵى خایاندووه.
ئاركۆرى به‌سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ڵێ : دڵت شكاندووم
جنیفه‌ر ئاركۆرى كێیه؟
ئه‌و ژنه وه‌ها له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌ك وه‌به‌رهێنێك خۆى ده‌ناسێنێ و هه‌ندێك جاریش ده‌ڵێ شاره‌زایه له سكیوریتى ئه‌لیكترۆنى و هه‌روه‌ها پرۆدسهریشه.
بوارى پیشه‌یى ئاركۆرى سه‌ره‌تا وه‌ك دیجهى له رادیۆ دیزنى ده‌ستى پێ كردووه و دواتر له بوارى سینه‌ما كارى كردووه و ته‌نانه‌ت فیلمێكى نووسیوه و به‌رهه‌میشى هێناوه و به‌م فیلمه‌یش به‌شدارى فیستڤاڵى كانى كردووه.
له‌سه‌ره‌تاى پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ بۆریس جۆنسۆن كۆمپانیایه‌كى تر‌ى له به‌ریتانیا داناوه به ناوى Innotech ئه‌و كۆمپانیایه چه‌ندان چالاكى كردووه بۆ تاوتوێكردنى سیاسه‌تى ته‌كنه‌لۆجى بۆریس جۆنسۆن یه‌كێك بووه له به‌شداربووه‌كانى.
له له‌نده‌ن كۆمپانیاكى تر داده‌مه‌زرێنێت به‌ناوى Hacker House گوایه كار بۆ پێگه‌یاندنى ئه‌و هاكه‌رانه ده‌كات كه ده‌یانه‌وێ چاره‌سه‌رى كیشه تهكنهلۆجیاكانى بكه‌ن له بوارى كارى كۆمپانیاكان.
رۆژنامه‌ى سه‌نده‌ى تایمزى به‌ریتانى له مانگى ئه‌یلوولى رابردوو بۆ یه‌كه‌مجار چیرۆكى پێوه‌ندى جۆنسۆن و ئاركۆرى بڵاوكرده‌وه و رۆژنامه‌كه باسى له‌وه كرد ئه‌و ژنه له‌و ماوه‌یه‌ى جۆنسۆن پارێزگارى له‌نده‌ن بووه 126 هه‌زار پاوه‌ندى له سامانى گشتى به‌ده‌ست هێناوه و وه‌ك پاداشت پێى دراوه.
ئێسته لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك به‌سه‌رپه‌رشتى سادق خان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه پرسیارێكى ئاراسته‌ى جۆنسۆن كردووه و داواى لێ كردووه جۆرى پێوه‌ندى خۆى له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه دیار بكات، جۆنسۆن له نۆى ئۆكتۆبه‌رى رابردوو وه‌ڵامى داوه‌ته‌وه، لیژنه‌كه‌ى ناوه‌ڕۆكى وه‌ڵامه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئاشكرا نه‌كردووه ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت، ده‌ڵێ "جۆنسۆن وه‌ڵامێكى پێویستى نه‌داوه‌ته‌وه".
.