بەهۆی سووتانی پووش و پاوان لەچیای قەلەڕەش لە دەڤەری برادۆستی سنووری شارەدێی سیدەکان وێنەی ژنێکی خەمبار لە شوێنی سووتانەکە دەرچووە و ئەمەش دەنگدانەوەی درووست کردووە .
وینەکە دوای سووتانی چیای قەلەڕەش لەسەر لاپاڵی چیاکە دەرکەوتووە
موسا داود کە پیشەی مامۆستا و چاڵاکی مەدەنییە لە سیدەکان بە " وشە "ی راگەیاند، تێکدانی ژینگە لە کوردستان و بەتایبەتیش لە ناوچە سنوورییەکان بۆتە جێگەی باس و هەڵوێستە لەسەر کردن، ساڵانە دەبینین بەهۆکاری جیاجیا ئاگر لەدارستان و پووش پاوانەکان بەردەبێت جا چ بەهۆی بۆردمانی فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانی ئێران و تورکیاوە بێت یانیش لەلایەن هاووڵاتیاینەوە، وای لێهاتووە ڕۆژبەڕۆژ ئەم سرووشتە جوانە لەناو بچێت .
روونی دەکاتەوە، چیای قەلەڕەشە لە دەڤەری سیدەکان لە پاشماوەی سووتانی پووش و پاوان وێنەی ئافرەتێک دەرچووە کە بەڕوخساری دیارە زۆر غەمبار و دڵگرانە و بەبۆچوونی من ئەو ئافرەتە دڵشکاوە بەئێمە دەڵێت ئیتر بەسە تێکدانی ژینگە.
لەلایەکی تریشەوە لەبەر دابین نەکردنی سووتەمەنی پێویست بەسەر هاووڵاتییان لە وەرزی سەرما خەڵک ن پەنا بۆ داربڕین و تێکدانی ژینگە دەبەن، هەروەها ڕاوکردنی لەڕادەبەدەری پەلەوەر و ئاژەڵی کێویش لەلایەن هاووڵاتییان و بێدەنگی ژینگەپارێزان وای کردووە ژینگە تا بێت لە سنووری سیدەکان وێران بێت.
سیدەکان لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە شارۆکەی سۆرانە و بە دووری 144 کم لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵکەوتووە ناوچەیەکی سارد و شاخاوییە و ساڵانە بەهۆکاری جیا جیا رووبەرێکی زۆری دارستان و ژینگەکەی رووبەڕووی لەناوچوون و سووتان دەێتەوە.
سیدەکان/ موڕشید برادۆستی