شەكرە و پەستانی خوێن دوو كێشەی گەورەی تەندروستین لە سەرانسەری دنیا و ملیۆنان كەس بەدەستیانەوە دەناڵێنن، توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای دەكات كە خواردنەوەی قاوە ئەگەری تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە و بەرزی بەستانی خوێن و كێشەكانی دڵ كەم دەكاتەوە.
هۆكارەكەی ئەو پۆلیفینۆلەیە كە بە دژەئۆكسێنەر دەوڵەمەندە
دەركەوتووە كە خواردنەوەی رۆژانەی تا چوار كووپ قاوە، دەكرێت ئەگەری تووشبوون بە بەرزی پەستانی خوێن و شەكرە زۆر كەم بكاتەوە، تەنانەت زانایان بۆیان دەركەوت كە قاوەی بێ كافایین ئەویش سوودی زۆری تەندروستی هەیە.
لەوكاتەی توێژەران لە هەردوو زانكۆی نافاری لە ئیسپانیا و كاتانیا لە ئیتاڵیا، بوونی پێوەندیان لە نێوان خواردنەوەی قاوە و كێشەی میتابۆلیسم دۆزییەوە، كە بەهۆی قەڵەوی و زیادبوونی كێش دروست دەبێت و دەبێتە هۆی نەخۆشی دڵ و لوولەكانی خوێن و شەكرە و لەگەڵ بەتەمەنداچوون دەردەكەوێت، وەك ماڵپەڕی
"دەیلی مێڵ"، ئاشكرای كرد.
توێژینەوەكان دەری دەخەن كە خواردنەوەی رۆژانەی 3-4 كووپ قاوە دەبێتە هۆی ئەگەری كەمبوونەوەی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە بە رێژەی 25% بەبەراورد بەوانەی نایخۆنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەزاران كەس لە هەشت دەوڵەت پشكنینیان بۆ كرا و بوونی ئەو پێوەندییە دەركەوت، جۆزیبی گرۆسۆ، توێژەر و مامۆستای زانكۆ لەوبارەوە دەڵێت، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەو پۆلیفینۆلە بێت كە پڕە لە دژەئۆكسێنەر و لە قاوەدا هەیە.