140 بریندار هەیە و شەڕ بەردەوامە.. پێنج هەزار خۆپێشاندەر كونسڵخانەی ئێرانیان لە نەجەف گەمارۆ داوە

:: PM:09:02:27/11/2019 ‌
خۆپێشاندەران لە نەجەف لە هەوڵدان بۆ هەڵكوتانە سەر كونسڵخانەی ئێران لە شارەكەیان، هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی گێرەشێوێنی بە توندی وەڵامی خۆپێشاندەران دەدەنەوە. چالاكوانێكی بەشدار لە خۆپێشاندانەكە دەڵێ، زیاتر لە 140 بریندار هەیە.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 27ی تشرینی دووەم، خۆپێشاندەران لە نەجەف، بەرەو رووی كونسڵخانەی ئێران رۆیشتوون و هەوڵی هێنانە خوارەوەی ئاڵای ئێرانیان لەسەر باڵەخانەی كونسڵخانە دا، بەڵام لەلایەن هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی گێرەشێوێنی بە توندی بەرەنگاریان بوونەوە.

حسام زووین یەكێك لە چالاكەكانی بەشدار لە خۆپێشاندانەكەی ئێستەی بەردەم كونسڵخانەی ئێرانی لە نەجەف، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە پێنج هەزار مانگرتوو بەشداریان لە خۆپێشاندانەكەی بەردەم كونسڵخانەی ئێران كردووە، بەڵام هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی گێرەشێوێنی، بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ خۆپێشاندەران كردووە و گازی فرمێسكڕێژ و گازی دروستكردنی دوكەڵیان لە دژ بەكار هێناون، بەهۆیەوە تا ئێستە زیاتر لە 140 خۆپێشاندەر بریندارن، گوتی "خۆپێشاندەران گەمارۆی كونسڵخانەی ئێرانیان لە نەجەف داوە، هێزە تەناهییەكانیش بە هەموو شێوەیەك هەوڵی دوورخستنەوەی خۆپێشاندەران دەدەن".

چالاكوانێك: ویستمان پەیامی ئەوە بە كونسڵخانەی ئێران بدەین كە چیتر دەستوەردان لە عێراق نەكەن


حسام كە لە رێگەی واتس ئاپ، قسەی بۆ "وشە" كردووە و وێنە و ڤیدیۆی رووداوەكانی بۆ ناردووە، ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی تەندروستی و تیك تۆك دەردەكەوێت كە برینداران بە پەلە دەگەیەننە نەخۆشخانە.

ئەو چالاكە ئاماژەی بەوەدا كە پەیامی خۆپێشاندەران كە مەبەستیان بوو بیگەنن بە كونسڵ و وڵاتی ئێران، رەتكردنەوەی ئەو دەستوەردانەی ئێرانە لە كاروباری عێراق، گوتی "ئێستە ئێران لە عێراق بڕیار بەدەستە و شتێك نەماوە بەناوی حكوومەتی عێراق، ئەوەی بڕیار دەدات ئەوا ئێرانە، بۆیە ئێمە ویستمان پێیان بڵێین چیتر دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق مەكەن".

بە قسەی حسام، زیاتر لە 500 پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی گێرەشوێنی تەوقی كونسڵخانەی ئێرانیان لە نەجەف گرتووە و هەموو جۆرە چەكێكی قورس و سووكیان بە دەستەوەیە، هاوكات كونسڵی ئێران و فەرمانبەرانی كونسڵخانەكەش تا ئێستە لەناو بینای كونسڵخانەن، زیاتر گوتی "یەكێك لە بریندارەكان، برینەكەی زۆر سەخت بوو بە پەلە گەیەنراوەتەوە نەخۆشخانە، بەڵام تا سەعات نۆی شەو كە پشێوی هێشتا بەردەوامە، هیچ خۆپێشاندەرێك گیانی لە دەست نەداوە".

لەو كاتەی حسام قسەی بۆ "وشە" دەكرد، شەڕ لەبەردەم كونسڵخانەی ئێران لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزی بەرەنگاربوونەوەی گێرەشێوێنی بەردەوامی هەبوو.









وشە - فه‌رمان سادق