پۆلیسی هەولێر ڕوونكردنەوە لەسەر ڕووداوی گرتە ڤیدیۆییەكە بڵاو دەكاتەوە

:: PM:01:24:30/11/2019 ‌
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕوونكردنەوە لەسەر گرتە ڤیدیۆییەك دەدات كە شوفێرێك بە ئۆتۆمبێل هێرش دەكاتە ناو ماركێتێك و كەسێك بریندار دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 30ـی تشرینی دووەم، هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە ژمارەیەك پەیج لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، پۆلیسی هەولێر بەدواداچوونی كرد.

دادخواز داوای یاسایی تۆمار كردووە
گوتەبێی پۆلیسی هەولێر گوتی، دەركەوت ئەو گرتەیە لە 14-6-2019 تۆمار كراوە و پاشان لە شارۆچكەی عەنكاوە دادخواز داوای یاسایی تۆمار كردووە، بەڵام لە رێكەوتی 24-10-2019، دادخواز سكاڵاكەی كشاندووەتەوە، بۆیە دادگا پەڕاوەكەی داخست و كێشەكە كۆتایی هات.

لە گرتە ڤیدیۆییەكە دەردەكەوێت ئۆتۆمبێلێكی بەرز هێرش دەكاتە ناو ماركێتێك و دواتر دەكشێتەوە و بۆ جاری دووەم هێرش دەكاتەوە و بەسەر كەسێك دەكەوێت و دواتر ڕادەكات، ئەوەیش وایكردووە كاردانەوەی زۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێ‌ بكەوێتەوە.

پێشتر "وشە" بەپێی بەدواداچوونێكی ئاشكرای كرد، ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە دوێنێوە بڵاو بووەتەوە، دەردەكەوێت شوێنەكە لە هەولێرە و شارۆكەی عەنكاوەی هەولێرە و ماركێتێكە و هۆكاری ڕووداوەكەش بەهۆی دەمەقاڵێ بووە.



وشە - رامیار جەواد