عه‌لی دۆڵه‌مه‌ری نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فڕه‌نسا رای ده‌گه‌یه‌نێت كه له داهاتوویه‌كی زۆر نزیكدا گۆڕانكاری گه‌وره له نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت. دۆڵه‌مه‌ری له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ئاماژه به سه‌ردانی سه‌رۆكى فڕه‌نسا بۆ كوردستان ده‌كات له كۆتایی ئه‌مساڵ.
هاوكات له‌باره‌ى ره‌وشی ته‌ندروستى محه‌مه‌د حه‌مید كوڕه كورده سووتاوه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان، ئاشكرای ده‌كات كه تیمێكی پزیشكی سه‌رپه‌رشتى ده‌كه‌ن و دوای چاره‌سه‌ركردنیشی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ئه‌نجامه‌كه‌ی راده‌گه‌یه‌نن.
وه‌ك به‌شێك له كارنامه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێداچوونه‌وه به نوێنه‌رایه‌تییه‌كان یه‌كێك بووه له‌و پرسانه‌ى ئاماژه‌ى پێ كراوه، گۆڕانكارییه‌كه به‌كوێ گه‌یشتووه؟
دیاره له كابینه‌ی نوێ گۆڕانكاری له نوێنه‌رایه‌تییه‌كان ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، چه‌ندان نوێنه‌رایه‌تى هه‌ن بێ نوێنه‌رن، ره‌نگه هه‌ندێك نوێنه‌رایه‌تیى زیاد بكرێن. یه‌كێكی تر له پرسه هه‌ره گرنگه‌كانی پێوه‌ند به نوێنه‌رایه‌تى هه‌رێمی كوردستان له ده‌ره‌وه، گرنگیدانه به پێوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كان و له داهاتووی زۆر نزیكدا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌مانه له به‌رنامه‌دا بوون، به‌ڵام به‌هۆی بارودۆخی نه‌خوازراوی عێراق ئه‌و پرسه دواخرا، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و پێشهاته نه‌بووایه ده‌مێك بوو ده‌ست به گۆڕانكاری له نوێنه‌رایه‌تییه‌كان ده‌كرا تا زیاتر گرنگی به پێوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كان بدرێت.
له داهاتوویه‌كی نزیكدا گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره له نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت.
ئه‌و گۆڕانكارییه‌ى باسی ده‌كه‌ی، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پرس و راوێژی به نوێنه‌ره‌كانی كردووه كه چی بكرێت وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێوه‌مانان ئه‌زموونتان هه‌یه؟
بێگومان، داوا له هه‌موو نوێنه‌رایه‌تییه‌كان كراوه پڕۆژه‌ی خۆیان پێشكه‌ش به حكوومه‌ت بكه‌ن. هه‌ر نوێنه‌رێكیش له روانگه‌ى دیدی جیاوازی ئه‌و وڵاتانه‌ى تێیدا نوێنه‌رایه‌تى هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، راپۆرتى خۆیان ئاماده بكه‌ن و به ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی بده‌ن كه له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك په‌ره به پێوه‌ندی كوردستان و ئه‌و وڵاتانه بدرێت، ته‌نانه‌ت ئێمه ئه‌وه‌مان به راپۆرت بۆ فه‌رمانگه‌ى پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ناردووه، ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمی كوردستان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
به ئه‌زموونی خۆتان وه‌ك نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان له فڕه‌نسا، چیتان له راپۆرته‌كه‌تاندا پێشنیار كردووه تا حكوومه‌ت كاری له‌سه‌ر بكات بۆ رێكخستنه‌وه و پێشخستنی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی؟
له رابردوودا كاری گه‌وره كراون و كونسوڵگه‌ی زۆر له وڵاتان له هه‌رێمی كوردستان كراونه‌ته‌وه، فه‌رمانگه رۆڵی كاریگه‌ری بینیوه له سه‌ردانی شانده‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان و شانده‌كانی هه‌رێمیش بۆ ده‌ره‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پێویسته ئه‌و پێوه‌ندییانه نوێ بكرێنه‌وه و رێك بخرێنه‌وه.
یه‌كێك له‌و پێشنیارانه‌ى ئێمه كردوومانه، كردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه له وڵاتانی كیشوه‌ری ئه‌مه‌ریكای لاتین و وڵاتانی تری عه‌ره‌بی و چین و وڵاتانی تری ئاسیا و توركیا، ره‌نگه به‌ستنی كۆنفڕاسێك بۆ ئه‌و پرسه شتێكی گرنگ بێت بۆ پێداچوونه‌وه و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێشهات و پێشكه‌وتنه‌كانی له دنیادا هه‌یه.
ئه‌وروپا وه‌ك ناوه‌ندێكی گرنگی سیاسی و ئابووری، له ماوه‌ی رابردوودا هه‌رێمی كوردستان گرنگی زۆری پێ داوه، به تێگه‌یشتنی ئێوه ده‌بێ چی تریش بكرێت تا سیاسه‌تی هه‌رێم بگاته ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه و زانكۆ و كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی، به‌دیوه‌كه‌ی تریش ده‌كرێ له رێى كاری فه‌رهه‌نگی و بازرگانی و ئابووری نزیكبوونه‌وه‌كه زیاتر بكرێت؟
راستییه‌كه‌ی پێوه‌ندییه‌كی گرنگ هه‌یه له نێوان وڵاتانی ئه‌وروپی و هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت ئه‌ڵمانیا، فڕه‌نسا، به‌ریتانیا و ئیتالیا، له بواری دیپلۆماسی و سیاسی پێوه‌ندییه‌كی زۆر به‌هێز هه‌یه، بۆیه گرنگه له داهاتوودا گرنگی به پێوه‌ندیی رۆشنبیری و فه‌رهه‌نگی و ئابووری بدرێت و كاری له‌سه‌ر بكرێت تا بتوانین زیاتر هانی وه‌به‌رهێنی ئه‌وروپی بدرێن بێنه كوردستان.
جگه له‌مه‌ش، ئاڵوگۆڕی سه‌ردانی فه‌رهه‌نگی كه ئه‌مه رۆڵێكی زۆر گرنگ ده‌گێڕێت به‌تایبه‌ت له وڵاتانی ئه‌وروپی. هاوكاتی ئه‌وانه، پێویسته پڕۆگرامی تواناسازی به‌شێوه‌یه‌كی تر ئه‌نجام بدرێته‌وه كه پرۆگرامێكی زۆر گرنگ بوو، هێنانی قوتابیانی ئه‌وروپی بۆ كوردستان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى توێژینه‌وه و تایبه‌تمه‌ندییان له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتناسییه.
یه‌كێكی تر له‌و پرسانه‌ى ئێمه پێشنیارمان كردووه، دروستكردنی لۆبیی ره‌وه‌ندی كوردییه له وڵاتانی ده‌ره‌وه، تا ئێسته ئه‌مه نه‌كراوه و ره‌وه‌ندی كوردیش رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بووه له دوای 1991ـه‌وه تا ئێسته چ به ئه‌نجامدانی چالاكی یان هه‌ر كه‌ناڵێكی تر، هه‌ر تاكێكی كورد له ئه‌وروپا وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك وایه، بۆیه بوونی ئه‌و لۆبییه زۆر كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌وروپا و كوردستان، به‌ڵام ئه‌م پرسه پێویستى به بودجه‌یه، چونكه ره‌وه‌ندی كوردی له ده‌ره‌وه په‌رش و بڵاون و كۆكردنه‌وه‌یان پێویستى به خه‌رجی هه‌یه.
به‌ڵام زیاتر خۆڕسك بووه نه‌ك به سیستم؟
ئه‌مه‌ش كاری له‌سه‌ر كراوه، بۆ نموونه له فڕه‌نسا رێكخراوێكی ناحكوومیمان بۆ ره‌وه‌ندی كوردی دامه‌زراندووه و پێوه‌ندی راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ شاره‌وانی و پارێزگاری ئه‌و شارانه هه‌یه كه لێی نیشته‌جێن و ئێمه یارمه‌تییان ده‌ده‌ین، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه پێویستى به‌وه‌یه زیاتر په‌ره‌ی پێ بدرێت، ئه‌مه‌ش له به‌رنامه‌ی ئێمه هه‌یه كه بیكه‌ین به لۆبی وه‌ك جووه‌كان و ئه‌رمه‌نه‌كان كردوویانه.
نه‌بوونی سیستمێكی به‌هێزی بانكی كێشه‌ی گه‌وره‌یه، بۆیه هیچ كۆمپانیایه‌كی ئه‌وروپی نایه‌ت له كوردستان سه‌رمایه‌گوزاری به پاره‌ی كاش بكات
هۆی چییه نه‌توانراوه وه‌ك پێویست سه‌رمایه‌گوزاری و بازرگانی ئه‌وروپی بهێنرێته كوردستان، به‌تایبه‌ت كه ئێسته بایكۆتی كاڵای توركی هه‌یه؟
پێشتر ئه‌وه كراوه و گه‌وره‌ترین كۆنفڕانسی ئابووری له نێوان فڕه‌نسا و هه‌رێمی كوردستان ساڵی 2011 ئه‌نجام درا، به‌ڵام با ئه‌وه له بیر نه‌كه‌ین كوردستان هه‌رێمێكه سه‌ربه عێراقه كه ده‌وڵه‌تێكی شكستخواردووه، جگه له‌مه نه‌بوونی سیستمێكی به‌هێزی بانكی كه ئه‌مه‌یش سه‌ربه حكوومه‌تی عێراقه و كێشه‌ی گه‌وره‌ی ده‌خاته به‌رده‌م، هیچ كۆمپانیایه‌كی ئه‌وروپی نایه‌ت له كوردستان سه‌رمایه‌گوزاری بكات و پاره‌ى كاش بخاته بازاڕ، ئه‌مه یه‌كێكه له كێشه هه‌ره گه‌وره‌كان كه ناتوانن له كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.
جگه له‌مه نه‌بوونی پێوه‌ندییه‌كی به‌هێز له نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق یه‌كێكی تره له كێشه‌كان، چونكه وڵاتانی ئه‌وروپی له‌گه‌ڵ وڵات كار ده‌كه‌ن نه‌ك هه‌رێم. بۆیه پێویسته هه‌رێمی كوردستان سیستمی بانكی و دارایی خۆی رێك بخات و رۆتین كه‌م بكاته‌وه، تا هانی وه‌به‌رهێنی ئه‌وروپی بدرێت بێته كوردستان.
یه‌كێك له‌و پرسانه‌ى به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت له نێوان پارتى و یه‌كێتی، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تى ئه‌و حزبانه‌یه له ده‌ره‌وه. پێت وایه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان چه‌نده ده‌بێته هۆی به‌هێزكردنی نوێنه‌اریه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان؟
بوونی نوێنه‌رایه‌تى حزبه‌كان شتێكی ئاساییه به مه‌رجێك ده‌ستوه‌ردان نه‌كه‌ن له كاروباری نوێنه‌رایه‌تى هه‌رێمی كوردستان. جگه له‌مه، ئێسته حزبه‌كان نوێنه‌رایه‌تییان له ده‌ره‌وه زۆر كه‌م بووه‌ته‌وه و پارتى له ساڵى 1997ـه‌وه له فڕه‌نسا نوێنه‌رایه‌تى نه‌ماوه، یه‌كێتیش له زۆر وڵات نوێنه‌ریان نه‌ماوه، ته‌نیا وه‌ك حزب هه‌ن كه زیاتر كاری رێكخستنی حزبی ده‌كه‌ن و ده‌ست له كاروباری حكوومه‌ت وه‌رناده‌ن، جگه له‌مه حكوومه‌ته‌كانیش راسته‌وخۆی پێوه‌ندی به هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌كه‌ن نه‌ك له رێى نوێنه‌رایه‌تى حزبه‌كان.
ره‌خنه‌یه‌ك له‌سه‌ر نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ده‌ره‌وه و حكوومه‌ت خۆیشی ده‌گیرێت ئه‌وه‌یه، ئێوه و زۆر له نوێنه‌رانی تر له‌سه‌ر بنه‌مای پشكی حزبی دانراون، به دیوه‌كه‌ی تر به فلته‌ری په‌یمانگه‌ى پێگه‌یاندنی كادری دیپلۆماتی و پڕۆتۆكۆلیدا تێ نه‌په‌ڕیون،. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، كاتى نه‌هاتووه ئه‌و په‌یمانگه‌یه دابمه‌زرێت و نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت به‌رپرسانیشی به‌و فلته‌ره‌دا تێپه‌ڕن؟
راسته له‌سه‌ر بنه‌مای پشكی حزبه‌كانه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام ئه‌مه له هه‌موو دنیادا وایه. زۆرینه‌ى نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له ده‌ره‌وه خولی دیپلۆماتی و پڕۆتۆكۆلییان بینیوه، منیش وه‌ك عه‌لی دۆڵه‌مه‌ری ئه‌و خوله‌م له فڕه‌نسا بینیوه و بڕوانامه‌ی دكتۆرام له پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یمانگه‌یه‌كی پڕۆتۆكۆڵی و دیپلۆماتى له هه‌رێمی كوردستان دابنێت، بۆ ئه‌وانه‌ى نوێن و دێنه پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان تا له‌وێدا بخوێنن و خول ببینن.
چی ئاگاداری سه‌ردانی ئیمانوێڵ ماكرۆن سه‌رۆكى فڕه‌نسان بۆ هه‌ولێر كه بڕیاره له كۆتایی ئه‌مساڵ سه‌ردانه‌كه ئه‌نجام بدات؟
سه‌رۆكى فڕه‌نسا خۆی له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له بڕۆكسل، سه‌ردانی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند كه كۆتایی ئه‌مساڵ ده‌بێت، به‌ڵام هێشتا هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی سه‌ردانه‌كه ئاشكرا نه‌كراوه و كاته‌كه‌یشی دیاری نه‌كراوه.
تیمێكی ته‌ندروستیى حكوومه‌تی فڕه‌نسی سه‌رپه‌رشتى چاره‌سه‌ركردنی محه‌مه‌د حه‌مید ده‌كه‌ن و رێ‌یان نه‌داوه به هیچ ناوه‌ندێك بیبینێت
چی ئاگاداری ته‌ندروستیى محه‌مه‌د حه‌مید كوڕه كورده سووتاوه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان هه‌ن كه له رێى هه‌رێمی كوردستانه‌وه ره‌وانه‌ى فڕه‌نسا كرا؟
محه‌مه‌د به بڕیاری سه‌رۆك بارزانی بۆ چاره‌سه‌ر ره‌وانه‌ى فڕه‌نسا كراوه، تیمێكی ته‌ندروستیى حكوومه‌تی فڕه‌نسی سه‌رپه‌رشتى چاره‌سه‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌ن و رێ‌یان نه‌داوه به هیچ ناوه‌ندێك بیبینێت، بڕیاره دوای ته‌واوبوونی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر، ئه‌و تیمه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی راپۆرتى پزیشكی و چاره‌سه‌ره‌كه‌ی ئاشكرا بكه‌ن، بۆیه تا ئێسته هیچ شتێك دیار نییه.
هاتنی محه‌مه‌د چ كاردانه‌وه‌یه‌كی له میدیای فڕه‌نسی هه‌بووه؟
بێگومان كاردانه‌وه‌ی هه‌بووه و حكوومه‌ت و گه‌لی فڕه‌نسی دژی له‌شكركێشی توركیان بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، ته‌نیا محه‌مه‌د نییه، چه‌ندان كه‌سی تر هه‌ن هه‌مان دۆخی ئه‌ویان هه‌یه.
پێوه‌ند به خۆپێشاندانه‌كانی ئێسته‌ى عێراق كه پێ ده‌نێته سێیه‌م مانگی، له فڕه‌نسایش ساڵێك به‌سه‌ر خۆپێشاندانه‌كانی ئێله‌گ زه‌رده‌كان تێپه‌ڕی، چ جیاوازییه‌ك ده‌بینین؟
ئه‌وه‌ى ئێله‌گ زه‌رده‌كانی فڕه‌نسا، پاش ساڵێك ئینجا حكوومه‌ت توانی به‌شێك له داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام وڵاتێكی وه‌ك عێراق كه وڵاتێكی شكستخواردووه و دوای 2003 تا ئێسته نه‌یتوانیوه له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت، ئه‌سته‌مه بتوانێ هه‌موو داواكاریی خۆپێشانده‌ران جێبه‌جێ بكات.