لە هەرێمی كوردستان 35 حاڵەتی تووشبووی ئایدز هەیە

:: AM:09:30:01/12/2019 ‌
وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی جیهانی ئایدز راپۆرتێك بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، لە هەرێمی كوردستان دوو حاڵەتی نوێی ئایدز تۆمار كراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم یەكی كانوونی یەكەم، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستی حككومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، ئەمڕۆ دەرفەتێكی جیهانییە بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك و یەكخستنی هەوڵەكانی دەزگا پێوەندارەكان و خستنەڕووی هاوكاری و پاڵپشتی بۆ تووشبووانی نەخۆشیی ئایدز لەسەر ئاستی دنیا.

باس لەوەش كراوە، لە دنیادا 37 ملیۆن  و 900 هەزار هەڵگری ڤایرۆسی كەمی بەرگری لەش HIV هەیە و ساڵانە نزیكە یەك ملیۆن كەس دەكوژێت لە دنیا و نزیكەی دوو ملیۆنی تریش وەك تووشبووی نوێ دەكاتە قوربانی، هەرچەندە تا ئێستە ئایدز ، چارەسەری بنبڕكەری نییە، بەڵام دەرمانی دژە ئایدزی زۆر كاریگەر هەن كە دەتوانن بە تەواوی كۆنتڕۆڵی نەخۆشییەكە بكەن و دەرفەت بە تووشبوو بدەن كە ژیانێكی ئاسایی وەك هەر كەسێكی تر بژیت.

35 حاڵەت كە نۆیان لە ڕەگەزی مێینەن و 26 نێرینەن 
ڕوون كراوەتەوە، لە هەرێمی كوردستان ئەمساڵ دوو حاڵەتی نوێی نەخۆشییەكە لەناو هاووڵاتییانی هەرێم تۆمار كراوە، بەمەش كۆی گشتی تووشبووانی ئایدز لە هەرێم  لە ساڵی ۱۹٨٦ تا كۆتایی ۲۰۱٨ دەبێتە 35 حاڵەت كە نۆیان لە ڕەگەزی مێینەن و 26 نێرینەن.

ئەوەش ئاشكرا كراوە، ساڵانە زیاتر لە 350 هەزار پشكنینی ڤایرۆسی ئایدز لە هەرێم ئەنجام دەدرێت، هەموو بیانییەكان كە دێنە هەرێم پشكنینیان بۆ دەكرێت، هەروەها هەموو بوتڵێكی خوێن دەپشكنرێت و ئەوانەی تازە ژیانی هاوسەری پێكدێنن، كرێكاری شوێنە گەشتیارییەكان، بەندكراوەكان، نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و نەخۆشی سیل و هەوكردنی جگەر و ئەوانەی نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام دەدرێت.

وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەش كردووە، ئەمساڵ لە ئەنجامی پشكنینی بیانییەكان 41 حاڵەتی نەخۆشییەكە دۆزراوەتەوە و ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان كراونەتەوە .



وشە - رامیار جەواد