ناونانی منداڵ بەبێ پرس دایک تووشی خەمۆکی دەکات

:: PM:02:20:02/12/2019 ‌
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، یەکێک لەو شتانەی دڵی ژنی دووگیان خۆش دەکات و هەستێکی تایبەتی پێ دەبەخشێت، ناونانی منداڵەکەیەتی، هەر بۆیە ئەگەر بە ویستی ئەو ناو لە منداڵەکەی نەنرێت، تووشی خەمۆکیی دەکات.

ماڵپەڕی فۆشیا بڵاوی کردەوە، لەناو خێزانەکاندا تا ئێستەش ئەو دیاردەیە ماوە کە پیاو بەبێ پرسی ژنەکەی بە ناوی دایکی، باوکی، نەنکی، باپیرییەوە ناو لە منداڵەکەی دەنێت، بەمەش ژنەکەی تووشی خەمۆکی و بێتاقەتی دەکات.

دووگیانی لە چەند قۆناغێک پێک دێت، لە هەریەک لە قۆناغەکانیدا دایک بە چەند شتێکی جیاوازدا تێدەپەڕێت و چەند ئەرکێک دێتە سەر شانی، بەڵام تاکە شت کە نەگۆڕە و لە سەرەتا تا لەدایکبوونی منداڵەکەی بیری لێ دەکاتەوە، دۆزینەوەی ناوێکی گونجاوە.

دایک حەز دەکات خۆشترین و مۆدێرنترین ناو لە منداڵەکەی بنێت، بەڵام باوک نا

توێژەران دەڵێن: دایک زۆر بە دووگیانییەوە ماندوو دەبێت و هەستێکی جیاوازی بۆ کۆرپەکەی هەیە، هەر بۆیە بە وردی بیر لە هەموو شتێکی دەکاتەوە و حەزیش دەکات خۆشترین و مۆدێرنترین ناوی لێ بنێت.

لە سەردەمی کۆن و ئێستەی خێزانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەمیشە هەوڵی ئەوە دراوە ناوە کۆنەکان لە منداڵەکان بنێن، تاکو مێژووی کۆن بپارێزن و ئەو ناوانەیان لەناو کۆمەڵگەدا هەر بە زیندوویی بمێنێتەوە، بەڵام ئەم کارە بۆ ئێستە تەواو نامۆیە و زۆرێک لە منداڵەکان کە ناوی کۆنیان لێ نراوە و ئێستە چوونەتە قوتابخانەکان، ڕوویان نایە ناوی خۆیان بهێنن.

ئەم حاڵەتە وا دەکات دایک خەمێکی زۆر بە ناونانی منداڵەکەی بخوات و هەوڵی دۆزینەوەی جوانترین و مۆدێرنترین ناو لە منداڵەکەی بنێت، بۆ ئەوەی لەکاتی گەورەییدا هەست بە شەرمەزاریی نەکات، بەڵام لە بەرانبەردا پیاوان ئەو هەستەیان نییە و هەمیشە ئەوانن حەز دەکەن ناوی کۆن لە منداڵەکانیان بنێن.

بەپێی توێژینەوەیەک، دایکان زیاتر خەم لە ناوی کچەکانیان دەخۆن، واتە زیاتر گرنگی بەوە دەدەن ناوی کچەکانیان مۆدێرن بێت، چونکە کچ دڵی ناسکترە و زۆرتر لە بەرانبەر ئەو شتە تایبەتییانەدا هەست بە شەرمەزاریی دەکات.

پسپۆرانی کۆمەڵایەتی داوا لە خێزانەکان دەکەن، منداڵەکانیان بە ناوی کۆن، ناوی کەرەستەی ماڵ، ئاژەڵ، میوە و خواردن نەنێن. ئەوان دەڵێن باشترین ناوەکان ئەو ناوانەن کە ماناکەیان بۆ وەسفێکی جوان دەگەڕێتەوە.


وشە - ڕێناس شابان