خوشكێكی سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گه‌لان بڵاوی كرده‌وه، كه براكه‌ی له گرتووخانه تووشی هه‌ناسه‌ته‌نگی بووه و له‌هۆشخۆی چووه، به‌ڵام به كه‌مته‌رخه‌مییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هه‌یه، میدیاكانیش دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌میرتاش به په‌له گه‌یه‌نراوه‌ته نه‌خۆشخانه و پشكنینی وردی پزیشكی بۆ كراوه.
سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گه‌لان و كاندیدی پێشووی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا له مانگی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2016 له‌لایه‌ن حكوومه‌تی توركیاوه خراوه‌ته گرتووخانه‌وه، پێشتریش پارێزه‌ره‌كه‌ی دووپاتی له‌وه كردبووه‌وه، كه گرتووخانه ڕێ ناده‌ن ده‌رمانه پزیشكییه‌كان به ده‌میرتاش بگه‌یه‌نرێت، چونكه ئه‌و به‌ده‌م ئازار له سنگی و كێشه‌ی هه‌ناسه‌دانه‌وه ده‌ناڵێنێت.
ئیگول ده‌میرتاش خوشكی سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش له تویته‌ری خۆی نووسیویه‌تی، له 26ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ره‌وه براكه‌مان دۆخی ته‌ندروستی تێكچووه و به‌هۆی هه‌ناسه‌ته‌نگی و ئازاری سنگی له‌هۆش خۆی چووه، له‌لایه‌ن تیمی پزیشكی نه‌خۆشخانه‌كه هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی دراوه، به‌ڵام چه‌ند ڕۆژێك به بێهۆشی ماوه‌ته‌وه و دواجار پزیشكانی گرتووخانه‌كه دووپاتیان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه پێویسته له نۆرینگه‌ی تایبه‌ت پشكنینی بۆ بكرێت.
تووشی هه‌ناسه‌ته‌نگی بووه و ماوه‌یه‌ك له‌هۆش خۆی چووه
ئاماژه‌ی داوه، دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو ڕه‌زامه‌ندی دراوه و به نه‌خۆشی و شه‌كه‌تییه‌وه ده‌میرتاش گه‌یه‌نراوه‌ته نه‌خۆشخانه و پشكنینی وردی بۆ كراوه و دواتر له به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕؤ دووباره گه‌یه‌نراوه‌ته‌وه نه‌خۆشخانه.
ده‌میرتاش به یه‌كێك له سه‌ركرده دیاره‌كانی كورد له باكوری كوردستان ناوده‌برێ و له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2015 و به ڕابه‌رایه‌تی ئه‌و پارتی دیموكراتی گه‌لان توانی زیاتر له 80 كورسی په‌رله‌مانی توركیا بباته‌وه، به‌ڵام دواتر ئاكپارتی به بیانووی جیا جیا دووباره هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجام دایه‌وه و شه‌ڕی له باكوری كوردستان به‌رپا كرده‌وه.