ئاردی سێو بخۆیت بەردەوام تێر دەبیت و قەڵەو نابیت

:: PM:03:22:03/12/2019 ‌

پسپۆرانی تەندروستی لە نوێترین توێژینەوەدا بۆیان دەرکەوتووە، یەکێک لە باشترین ڕێیەکانی دابەزاندنی کێشی جەستە خواردنی ئاردی سێوە، کە بە ژمارەیەکی زۆر لە ماددە خۆراکییەکان دەوڵەمەندە. 

ماڵپەڕی لبنان24 بڵاوی کردەوە، پسپۆرانی ئەڵمانیا بۆیان دەرکەوتووە، ئاردی سێو کلیلی نهێنیی دابەزاندنی کێشی جەستەیە، لەبەر ئەوەی لەدوای خواردنی بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە تێری دەکەیت و ئارەزووی خواردنت کەم دەکاتەوە. 

ئاردی سێو لە ئاردی گەنم باشترە

ئاردی سێو بە ڕیشاڵە خۆراکییەکان دەوڵەمەندە، بەپێی قسەی پسپۆران لە هەر 100 گرامێک لە ئاردی سێودا، 13 گرام ماددە و ڕیشاڵە خۆراکییەکان بوونیان هەیە، ئەمەش بە بەراورد بە ئاردی گەنمی باو زۆر زیاترە، چونکە لە هەر 100 گرامێک ئاردی گەنمدا تەنیا 2.8 گرام ماددە ڕیشاڵییە خۆراکییەکان هەن. 

لە لایەکی ترەسەوە، هەواڵەکە باسی لەوە کردووە، ئاردی سێو دەبێتە هۆی دابەزاندنی کۆلیسترۆلۆی مەترسیدار، هەروەها ڕێژەی شەکر لە خوێندا ڕێک دەخات و سووڕی خوێن چالاک دەکات. 

ئاردی سێو بە ڤیتامینەکان و ئاسن دەوڵەمەندە، وەک: ڤیتامین سی و پۆتاسیۆم، هەروەها ماددەی باکتینی تێدایە کە کرداری هەرسکردن چالاک و ئاسان دەکاتەوە و باکردنی سک ناهێڵێت.

 

 





وشە - ڕێناس شابان