سۆران.. خانەی فەرهەنگی شین كرایەوە

:: PM:10:17:03/12/2019 ‌

ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا بە ئادەبوونی سەرۆكی زانكۆی سۆران و نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران و رێژەیەكی زۆری كچ و كوڕانی ناوچەكە و رۆشنبیر و چالاكانی مەدەنی، خانەی "فەرهنگی شین" لە سەنتەری شارۆكەی سۆرانی سەر بە پارێزگەی هەولێر كرایەوە .

دامەرزاندنی خانەی "فەرهنگی شین"، لە سۆران هاوكاتە لەگەڵ بوونی بۆشاییەكی گەورە لە بواری هونەری و رۆشنبیری و ئەدەبی لەو دەڤەرەدا، بە شێوەیەك سەنتەری رۆشنبیرییەكانیش كە سەر بە حكوومەتن، بە ئەركی خۆیان هەڵنەستاون و كار و چاڵاكیان نییە و دوو گەنج هەڵسان بە دروستكردنی ماڵێكی رۆشنبیری و هونەری و ئەدەبی و ناویان لێ ناوە خانەی "فەرهنگی شین".
نوێترین فیلمی كوردی و بیانی تێدا نمایش دەكرێت
رێكان وەلید، دامەزرێنەری خانەی "فەرهنگی شین" بە "وشە"ی راگەیاند، خانەكە پڕۆژەیەكی ڕۆشنبیری و ئەدەبی و هونەری قازانج نەویستە. ئەم پڕۆژەیە هیوایەكە لە بێ ئومێدی گەنجەوە سەچاوەی گرتووە، خەونێكە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ ئاراستەی نەوەی نوێ بەرەو پێشڤەچوون ببەبن، خانەكە ئامرازێكە بۆ بەدیهێنانی هیواكان و بەرجەستەكردنی توانا نوێكەكان، لێرە هێزی قەڵەم و كتێب دەبێتە مەزنترین ئامراز بۆ گەشەپێدانی تاك و كۆمەڵ ، ئیمە دەمانەوێ گەنج و توانا تازەكان بەدەر بخەین و پەرە و گڕوتینیان پێ بدەین، دەمانەوێ شاعیران پەناگەیەكیان دەستكەوێ بۆ خوێندنەوەی دەقەكانیان، شانۆ جارێكی تر بە رۆحیەتێكی تازەوە بێتە مەیدانی هونەر لە سۆران، تابلۆكێشەكانمان شوێنی شایستەیان بۆ دەستەبەر بێت بۆ نمایشی تابڵۆكانیان، پەیكەرەكان لە ژوورەكانی هونەر بێنە دەرێ و تامی ئازادی بكەن، نووسەرەكان ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێنەران كۆ ببنەوە ناوەڕۆكی نووسینەكان گفتوگۆ بكەن.

زیاتر گوتی، گەنجانی سۆران لەبەر نەبوونی هەلی كار، بەشێوەیەك لە شێوەكان سەرگەردان و بێ شوێنن، ئەگەرچی چەندین كافێ هەن لەم شارە، بەڵام نەیانتوانیوە لە ئاست پێداویستی گەنجان بن و بوونەتە شوێنێك بۆ بەفیڕۆدانی كات بەبێ هیچ ئەنجامێك و هەبوونی هیوایەك، جگە لەوەی ئەم كافێیانە زیانێكی زۆری تەندروستیش بە گەنجان دەگەیەنن بە هۆی نێرگلەكێشانی لەڕادە بەدەر.

وەلید ئاماژی كرد، چەندین ئامانج لەم پڕۆژیەیدا خرانە ڕوو، بەڵام ئامانجی سەركی ڕێگریكردنە لە بەرەو ئاراستەبردنی گەنجان بۆ كاری خراپ و نەشیاو كە لە ئەنجامدا كۆمەڵگەیەكی ناهۆشیار و خێزانێكی پڕ لە كێشە و تاكێكی نەخۆش لە ڕووی دەروونی و جەستی دەخاتە دنیای داهاتوو. هەموو پڕۆژەیەكی سەربەخۆی بێلایەن هەمیشە لەپێناو بازرگانیدا دروست دەبێ، بەڵام ئەم پڕۆژە لەكاتێكدایە كە دەمانبینی كۆڵانەكان پڕ دەبوون لە كافێی بێ سوود و خراپ لە بواری تەندروستی مرۆڤ و پەروەردەیی، بۆیە بیرمان لەو پڕۆژەیە كردەوە كە بتوانین گەنجان تەنیا ئەو جۆرە كافێیانە نەبینن، بەڵكو كافێی بە سوودیش دەكرێ هەبێت و كاتی زیادی خۆمان لە خوێندنەوە و دانیشتن لە شوێنی شیاودا ببنە سەر.

دووپاتی كردەوە، لەپێناو ئارستەكردنی گەنج بۆ هەوڵ و تێكۆشان لەپێناو ژیانێكی باشتر و بەكارهێنانی تواناكانیان لە كاری سوودبەخش بۆ كۆمەڵگا و خۆڕۆشنبیركردنیان و سوودگەیاندن بە دەوروبەریان، بیرمان كردووە كە خانەی "فەرهەنگی شین" دابمەزرێنین، ئەگەرچی ئەم خانەیە پڕۆژەیەكی مەدەنی و بێلایەنی قازانج نەویستە، بەڵام بەدەستهێنانی سەرمایی ئێمە بریتییە لە گەشەكردنی گەنج و خۆدۆزینەوەی، هیوا و ئامانجێكی زۆر باشتری بۆ ژیان خۆی و كۆمەڵگای هەبێت.

خانەی "فەرهەنگی شین"، كار دەكات بۆ ڕەخساندنی باشترین دەرفەت بۆ بەتواناكردنی زیاتر و گرینگیدان بە تواناكان، ئێستە لە قۆناغی كۆتاییدایەوە و لەماوەیەكی نزیكدا دەكەوێـتە خزمەتی گەنج و بەهرەمەندانی سۆران، ناوندێك دەبێت بۆ كۆكردنەوەی كەسانی ڕۆشنبیر، شوێنێك دەبێت بۆ ئارامی تاكی سۆران، كافێ بووكی خانەی فەرهەنگی سۆران جێگایەك دەبێت كە مێوانەكانی گەنج بتوانن تێیدا هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی بكەن، ئەگەر تا دوێنێ شوێنێك نەبووبێ گەنجان تێیدا بە دیدارییەك شاد بن، لە ئەمڕۆ خانەی "فەرهەنگی شین"، ئەو دەرفەتە بۆ گەنج درەخسێنێت. دامەزرێنەری خانەكە وای گوت.

خانەی "فەرهەنگی شین"، پڕۆژەی دوو گەنجە بەبێ ئەوەی هیچ لایەن و كەسێك لە پشتیان بێت، ئەوان توانایی خۆیان لە كردنەوەی ئەو خانەیە خستووەتە گەڕ، بۆ ئێوەی بتوانن زۆرترین سوود بۆ گەنج و كەمترین سوودیش بۆخۆمان بێت. خانەكە كافێبووك و قاوەخانە و كتێبخانە لەخۆ دەگرێت كە ڕۆژانە لە سەعات نۆی بەیانی تا 11ی شەو كراوەیە. هەروەها هەفتەی جارێك هۆڵی خانەی "فەرهەنگی شین"، دەكرێتە سینەما و نوێترین فیلمی كوردی و بیانی تێدا نمایش دەكرێت.

رێكان وەلید، دامەزرێنەری خانەی "فەرهنگی شین" بۆ "وشە"، روونی كردەوە، بۆ یەكەمجار لە كوردستان و سۆران سیستەمی خۆبەخشی بۆ گشت گەنج و لاوێك دەكەینەوە، ئەو كەسی دەبێتە خۆبەخەشی فەرمی گشت خواردنەویەك بە خۆڕایی دەبێت بۆی، هەروەها دەتوانێ هەفتەی جارێك كتێب ببات و بیخوێنێتەوە بێبەرامبەر، لە گشت چالاكییەكەی خانەی فەرهەنگ كورسی خۆی تایبەت دەبێت لە بەرانبەر ئەو خزمەتگوزاریانە خۆبەخشەكە تەنیا مانگێ پێنج هەزار دیناری عراقی دەدات وەك ڕۆتینێك بۆ خانەی فەرهەنگ.

سۆران/ موڕشید برادۆستی










وشە - مه‌حموود ئیسماعیل