ئەنفلۆنزا قوتابخانەكانی سێ شاری رۆژهەڵاتی كوردستانی داخست

:: AM:11:57:04/12/2019 ‌

سەرجەم قوتابخانەكانی قۆناغی سەرەتایی و باخچەی ساوایان لە شارەكانی بانە و سەقز  و دیواندەڕە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا كرانە پشوو.

راگەیاندنی پشوو دوای ئەوە دێت چەندان حاڵەتی ئەنفلۆنزا بینرا كە ژمارەیەكیان هی جۆری H1N1ی ناسراو بە ئەنفلۆنزای باڵندە بوون.

بەرپرسانی پەروەردەی  ئەو شارانە هۆكاری راگەیاندنی پشوو لەم قوتابخانانەیان بۆ رێگریكردنی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە گەڕاندووەتەوە و پێداگریشیان لەوە كردووە كە ئەو جۆرە ئەنفلۆنزایەی بڵاو بووەتەوە، زۆر مەترسیدار نییە و دەرمانی چارەسەری بۆ نەخۆشەكان دەستنیشان كراوە.

جگە لە پەروەردەی هەر دوو شاری بانە و سەقز، پەروەردەی دیواندەڕە هۆكاری سەرەكی راگەیاندنی پشوو لە قوتابخانەكانی بۆ دابەزینی پلەی گەرما گەڕاندووەتەوە.

ئیبراهیم قادری جێگری سەرۆكی زانكۆی پزیشكی بۆ بواری تەندروستی پێی وایە، هەر جۆرە هەنگاوێك بۆ راگەیاندنی پشوو لە قوتابخانەكان دەبێ بە هاوئاهەنگی ئەوان ئەنجام بدرێت و خەڵك چاوەڕوانی ئەوە دەكەن حاڵەتەكانی ئەنفلۆنزا كەم بێتەوە و ئەگەر داخرانی قوتابخانەكان یارمەتی پرۆسەكە نەدات بێ متمانەیی دێتە كایەوە.

لە پارێزگای سنە 80 كەس تووشی ئەنفلۆنزا هاتوون كە چوار لەوانە گیانیان لە دەست داوە.


بەگوێرەی "ئیرنا" ئەو رەتی دەكاتەوە ئەو جۆرە ئەنفلۆنزایەی بڵاو بووەتەوە لە جۆرە مەترسیدارەكەی بێت و پێی وایە كۆنترۆڵی جۆری ئەنفلۆنزای باڵندە كراوە.

بەپێی دواین ئامارەكان  تەنیا لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان 80 كەس تووشی ئەنفلۆنزا هاتوون كە چوار لەوانە گیانیان لە دەست داوە.




وشە - سلێمان تاشان