سوودە نەبڕاوەکانی خەیار

:: PM:09:04:04/12/2019 ‌

خەیار سەوزەیە یان میوە؟ هێشتا هەندێك لە پسپۆڕانی كشتوكاڵی بەشوێن وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن، بەڵام هەموو كەس ئەوە باش دەزانن كە خەیار پێكهاتەیەكی سەرەكیی زەڵاتەیە، ئەی ئایا چەند كەس دەزانێ سوودی چییە؟

توێژەرانی بواری تەندروستی و خۆراك، ئاماژە بەوە دەكەن ئەگەرچی زۆربەی هەرە زۆری خەیار لە ئاو پێك هاتووە، بەڵام پڕییەتی لە مادەی خۆراكی گرنگ و سەرچاوەیەكی باشە بۆ ڤیتامین A، C، ترشی فۆلیك یان ڤیتامین B9. 

خواردنی خەیار زۆر بەسوودە بۆ پاراستنی سافی پێست

توێكڵە سەوزەكەی خەیار رێژەیەكی بەرز لە ریشاڵی رووەكی لەخۆ دەگرێت لەگەڵ چەند كانزایەكی وەك مەگنسیۆم، پۆتاسیۆم، مۆلبیدینیۆم، سیلیكۆن. 

كانزای سیلیكۆن بە بڕی كەم بۆ لەش پێویستە، بەڵام گرنگی زۆری هەیە بۆ شانە بەستەرەكان كە لەشی مرۆڤ بە یەكەوە دەبەستنەوە. 

خواردنی خەیار زۆر بەسوودە بۆ پاراستنی سافی پێست و پاراستنی لە گەلێك نەخۆشی بەتایبەتی ئاوسانی پێستی بەری چاوەكان و خۆربردن. 

خەیار، ڤیتامین C و ترشی كافائیك لەخۆ دەگرێت كە كاریگەرییان هەیە دژی خڕبوونەوەی ئاو لە لەشدا، بۆیە خەیار راستەوخۆ دەخرێتە سەر پێست بۆ سووككردنی نیشانەكانی هەوكردن و سووتانی پێست و بۆ سووككردنی ئاوسانی دەوری چاوەكان.



وشە - كوردۆ شابان