(ناوى گوڵ) و (نیشانه‌ى كراوه) و (خوێنه‌ر له‌ناو چیڕۆكدا) و (باودۆلینۆ) و چه‌ندان رۆمانى تر، له‌ته‌ك ده‌یان وتارى ئه‌كادیمی هه‌مه‌جۆر، گه‌نجینه و شاكاری داهێنه‌رانه‌ى بیرمه‌ند و رۆماننووسى ئیتاڵی ئه‌مبێرتۆ ئێكۆ (1932-2016) پێك دێنن.
ئێكۆى ره‌خنه‌گر و فه‌یله‌سووف و رۆماننووس و تیۆریست، چه‌ندان وتارى ره‌خنه‌یی و مێژوویی بۆ به‌جێهێشتووین، هه‌روه‌ها بنچینه‌ى یه‌كێك له گرنگترین تیۆره‌كانى سیمۆتیكاى هاوچه‌رخی دانا كه به سیمۆتیكاى راڤه‌كارى (هیرمۆنتیك)ى ناسراوه. ئه‌مه بژارده‌یه‌كه له‌و په‌یڤینه‌ى گۆڤارى (پاریس ریڤیو) له‌گه‌ڵ ئه‌مبێرتۆ ئێكۆ سازی داوه.
تا چ ئاستێك رۆمانه‌كانت ژیاننامه‌ى خۆتن؟
هه‌ندێ جار پێم وایه گشت رۆمانه‌كان ژیاننامه‌ى كه‌سین، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ر كاتێ بیر له كاره‌كته‌رێك ده‌كه‌یته‌وه به‌شێك له یاده‌وه‌رییه‌كانى خۆتی پێ ده‌به‌خشی، به‌شێكی خۆت به كاره‌كته‌رێك ده‌ده‌ى و به‌شێكی تریش بۆ كاره‌كته‌رێكی دی. به‌و مانایه من هیچ جۆرێكی ژیاننامه‌ى خۆم نانووسمه‌وه، به‌ڵام رۆمانه‌كان سه‌رگوزشته‌ى خۆمن، له‌وه‌شدا جیاوازییه‌ك هه‌یه.
چۆن بوو بڕیارت دا لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ى ئیستاتیكای چاخه‌كانى ناوه‌ڕاستدا بكه‌ی؟
سه‌ره‌تا وه‌ك بنه‌ما كاسۆلیكییه‌تم خوێند و دواتر له ساڵانی زانكۆ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی قوتابیانی كاسۆلیكم به‌ڕێوه برد. له‌به‌رئه‌وه‌ى من زۆر په‌رۆشی بیری سیكۆلائی ناوه‌ڕاست (قوتابخانه‌ى فه‌لسه‌فی چاخه‌كانى ناوه‌ڕاست) و نۆبه‌ره‌ى لاهووتیكی كریستیانی بووم، بۆیه ده‌ستم به لێكۆڵینه‌وه‌ى ستاتیكا یاخۆ فه‌لسه‌فه‌ى جوانناسی لای تۆما ئه‌كوینی كرد، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌كه ته‌واو بكه‌م، رووبه‌ڕووی تاقیكردنه‌وه بووم له رووى بڕواوه. ئه‌وه پرسێكی سیاسی ئاڵۆز بوو، چونكه سروشتی كاره‌كه‌م له كۆمه‌ڵه‌ى قوتابیان وای لێ كردم زیاتر بایه‌خ به كێشه و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی بده‌م.
پاپا پیۆسى دوازده‌یه‌میش پشتی پارتی راستڕه‌وى ده‌گرت، رۆژێكیان پارتی كۆمه‌ڵه‌كه به لاده‌ر و كۆمۆنیزم تۆمه‌تبار كرا و كار گه‌یشته ئه‌وه‌ى رۆژنامه‌ى فه‌رمی ڤاتیكان هێرشمان بكاته سه‌ر.
ئه‌و رووداوه وه‌ك چه‌خماخه‌یه‌ك وابوو بۆ ئه‌وه‌ى له رووى فه‌لسه‌فییه‌وه چاو به بیروبڕواى خۆمدا بخشێنمه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر به‌ڕێز و ستایشه‌وه له‌سه‌ر توێژینه‌وه‌كانم به‌رده‌وام بووم له‌باره‌ى فه‌لسه‌فه‌ى چاخه‌كانى ناوه‌ڕاست، وێڕاى خۆشه‌ویستیم بۆ ئه‌كوینی.
زۆربه‌ى خه‌ڵكی پێیان وایه چاخه‌كانى ناوه‌ڕاست جۆرێك له ته‌م و ته‌ریكبوونى پێوه دیاره، چی ئێوه‌ى پاڵ پێوه‌نا به‌لاى ئه‌و پرسه‌دا؟
وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و پرسیاره زۆر قورسه كه ده‌ڵێ بۆچی ده‌كه‌ویته داوى خۆشه‌ویستییه‌وه؟ ئه‌گه‌ر ناچار بم باسی بكه‌م ئه‌وه ده‌ڵێم له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و قۆناغه به‌دیاریكراوى و رێك پێچه‌وانه‌ى ئه‌و بیر و تێڕوانینه‌یه خه‌ڵك له‌باره‌یه‌وه هه‌یانه. چونكه من هه‌رگیز ئه‌و قۆناغه‌م به سه‌رده‌مێكی تاریك نه‌ده‌بینی، به‌ڵكو سه‌رده‌مێكی دره‌وشاوه بوو، سه‌رزه‌وینێكی به پیت بوو كه رابوون و رێنیسانسی لێ به‌رهه‌م هات، ساته‌وه‌ختێكی راگوزه‌رى ناسه‌قامگیر، به‌ڵام ئاوس و چالاك، سه‌ره‌تاى له‌دایكبوونى شارى نوێ و سیستمی بانكی و زانكۆ و تێڕوانینمان له‌باره‌ى ئه‌وروپاوه به گشت زمان و ئه‌تنیك و كه‌ڵچه‌ره‌وه.
جارێكیان گوتووته كه سیمۆتیكا تیۆری درۆكردنه؟
له جیاتی " درۆ"، ده‌بوو بڵێم كه "گوتنی پێچه‌وانه‌ى هه‌قیقه‌ته". مرۆڤه‌كان ده‌توانن چیڕۆكی خه‌یاڵی بگێڕنه‌وه و وێناى جیهانگه‌لێكی نوێ بكه‌ن و هه‌ڵه بكه‌ن و درۆ بكه‌ن، زمان هه‌موو ئه‌و به‌رژه‌نگ و ئه‌گه‌رانه ده‌خاته روو. درۆكردن كارامه‌ییه‌كی تایبه‌ت به مرۆڤه. ئه‌و سه‌گه‌ى شوێنپێ هه‌ڵده‌گرێ و به‌دواى شوێنه‌واری بۆندا ده‌گه‌ڕێ، نه سه‌گه‌كه و نه بۆنه‌كه "درۆ" ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر گوزارشته‌كه شیاو بێ. به‌ڵام من ده‌توانم درۆت له‌گه‌ڵدا بكه‌م و پێت بڵێم به‌و ئاراسته‌یه‌دا بڕۆ كه ئه‌و ئاراسته‌یه نییه پرسیارت له‌باره‌یه‌وه كردووه، كه‌چی تۆ بڕوام پێ ده‌كه‌ى و به‌و ئاراسته هه‌ڵه‌یه‌دا ده‌ڕۆی. هۆى ئه‌گه‌رى رووداوێكی له‌مجۆره پشتبه‌ستنمانه به ئاماژه‌كان.
له رۆمانه‌كه‌تدا (پاندۆڵی فۆكۆ) نووسیوته "چه‌نده سیمبۆل په‌ناوپێچ و ته‌مومژاوی بێ، زیاتر به هێز و واتادار ده‌بێ".
گێڕانه‌وه به هێز ده‌بێ كه به‌تاڵ و ڤالا بێ. زۆرجار خه‌ڵكی باسی "نهێنی ماسۆنی" ده‌كه‌ن. نهێنی ماسۆنی چییه بۆ خاترى خوا؟ كه‌س نایزانێ.
ئه‌و نهێنیه تا به به‌تاڵى بمێنێته‌وه ده‌شێ به هه‌موو بیرۆكه‌یه‌ك پڕ بكرێته‌وه رێی تێ بچێ و هێزی زیاترى به به‌را بكرێ.
تۆ ده‌ڵێی كاره‌كه‌ت وه‌ك سیمۆتیكستێك ته‌واو جیایه له كاركردنت وه‌ك رۆماننووس؟
له‌وانه‌یه ئه‌وه‌یان به ئاسانی مایه‌ى بڕواپێكردن نه‌بێ، به‌ڵام من هه‌رگیز بیر له سیمۆتیك ناكه‌مه‌وه كه رۆمانه‌كانم ده‌نووسم. ئه‌و كاره بۆ ئه‌وانیتر جێدێڵم دواتر بیكه‌ن، هه‌میشه به ده‌ره‌نجامى كاره‌كانیان شاگه‌شكه ده‌بم.
"كۆدی داڤێنشی"ت خوێندووه‌ته‌وه؟
به‌ڵێ، ددان به‌وه‌دا ده‌نێم.
ئه‌و رۆمانه وه‌ك به‌شێكی بچووك و سه‌یرى (پاندۆڵی فۆكۆ) ده‌بینرێ؟.
"دان براون"ى نووسه‌ر، كاره‌كته‌رێكه له (پاندۆڵی فۆكۆ) من دامهێناوه. ئه‌و له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ره‌كانی ترم به‌شداره له‌و شه‌یداسه‌رییه به پیلانگێڕییه‌كانى رۆزكرۆچی و ماسۆنی و جزوێت و رۆڵی سوارانی په‌رستگه و نهێنى داخراو، ئه‌و بڕوایه‌ى كه هه‌موو شتێك به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. من ته‌نانه‌ت گومانم له‌وه هه‌یه دان براون له‌وانه‌یه هه‌ر بوونیشى نه‌بێ.
چی تۆی به‌لاى نووسینی رۆمانێك كێش كرد رووداوی مێژوویی له‌خۆ بگرێ؟
رۆمانى مێژوویی به‌لاى منه‌وه ته‌نیا كۆپییه‌كی خه‌یاڵی رووداوگه‌لێكی راسته‌قینه نییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ى یارمه‌تیده‌رمان ده‌بێ بۆ تێگه‌یشتنێكی باشترى مێژووی واقیعی. هه‌روه‌ها گه‌ره‌كمه رۆمانى مێژوویی به رۆمانی ئاڤاگه‌ر bildungsroman ببه‌ستمه‌وه. له گشت رۆمانه‌كانمدا هه‌میشه كاره‌كته‌رێكی گه‌نج هه‌یه پێ ده‌گات و فێر ده‌بێت و ئازار ده‌چێژێ له میانی زنجیره‌یه‌ك سه‌ربرده و ئه‌زموون.
بۆچی ده‌ستت به نووسینی رۆمان نه‌كرد هه‌تا نه‌گه‌یشتیته ته‌مه‌نى 48 ساڵ؟
ئه‌وه قه‌ڵه‌مباز نه‌بوو وه‌ك هه‌مووان پێیان وایه، له‌به‌رئه‌وه‌ى من هه‌تا له تێزى دكتۆراكه‌م و نووسینه تیۆرییه‌كانم به راستی رۆمانم ده‌نووسییه‌وه.
ده‌مێكی درێژ پێم وابوو زۆربه‌ى كتێبه فه‌لسه‌فییه‌كان له بنه‌ڕه‌تدا چیڕۆكی لێكۆڵینه‌وه‌ى خۆیان ده‌گێڕنه‌وه، هه‌روه‌ك چۆن زاناكان گه‌یشتنیان به دۆزینه‌وه گه‌وره‌كانیان شی ده‌كه‌نه‌وه. له‌به‌رئه‌وه هه‌ست ده‌كه‌م هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چیڕۆكم گێڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌شێوازێكی تۆزێك جیاواز.
چۆن ده‌ستت به گه‌ڕان و سووڕان كرد به‌دواى رۆمانه‌كانت؟
له‌باره‌ی رۆمانی (ناوى گوڵ) به راستی من په‌رۆشی بایه‌خدان بووم به چاخه‌كانى ناوه‌ڕاست، له‌وباره‌یه‌وه سه‌تان دۆسیه‌م له به‌رده‌ست بوو، ئه‌و كاره دوو ساڵی خایاند تا نووسیمه‌وه. (پاندۆڵی فۆكۆ) هه‌شت ساڵی خایاند وه‌ك گه‌ڕان و نووسین، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى من به كه‌س ناڵێم چی ده‌كه‌م، ئێسته وا هه‌ست ده‌كه‌م 10 ساڵ له‌و دنیا تایبه‌ته‌ى خۆم ژیاوم. كاتێ چوومه ده‌ره‌وه و چاوم به رێگه‌وبان و ئۆتۆمبێڵ و دارودره‌خت كه‌وت، به‌خۆمم گوت ئاى خۆ من ده‌توانم ئه‌و شتانه به چیڕۆكه‌كه‌مه‌وه ببه‌ستمه‌وه. به‌م شێوه‌یه چیڕۆكه‌كه‌م رۆژ به رۆژ گه‌شه‌ى كرد، بۆیه هه‌ر شتێكم كرد، یان هه‌ر پنتێكی بچووكى ژیان و هه‌موو ده‌مه‌ته‌قێ و باسوخواسه‌كان بیرۆكه‌یان لا گه‌ڵاڵه ده‌كردم.
دواتر چوومه ئه‌و شوێنه راسته‌قینانه‌ى له‌باره‌یانه‌وه ده‌منووسی، هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ى سوارانی په‌رستگه لێی ژیابوون له فڕه‌نسا و پورتوگال.
شته‌كه بۆ من وه‌ك یارییه‌كی ڤیدیۆیی لێ هات كه بتوانم رۆبچمه ناو كه‌سایه‌تى جه‌نگاوه‌رێك و بچمه ناو جۆرێك له مه‌مله‌كه‌تى جادوویی. له‌وه بترازێ كه تۆ له یاریی ڤیدیۆییدا به ته‌واوى هۆش و عه‌قڵت له‌ده‌ست داوه، كه‌چی له نووسیندا تۆ هه‌میشه ساته‌وه‌ختێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ت هه‌یه كه له ماشێنه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌یت، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى به‌یانی رۆژی دواتر خۆتی تێ فڕێ بده‌یته‌وه.
چه‌ند به‌لاته‌وه قورسه ریتمه‌كه وا لێ بكه‌ى گونجاو بێ؟
هه‌مان لاپه‌ڕه ده‌یان جار سه‌رله‌نوێ ده‌نووسمه‌وه. هه‌ندێ جار حه‌ز ده‌كه‌م بڕگه‌كان به ده‌نگێكی به‌رز بخوێنمه‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ى زۆر هه‌ستیارم به‌رانبه‌ر ریتمی نووسینه‌كانى خۆم.
كه‌ى ده‌نووسی؟ له رۆژێكدا چه‌ند ده‌نووسی؟ هیچ بنه‌مایه‌ك هه‌یه؟
هیچ بنه‌مایه‌ك نییه. نووسین هه‌ر ئه‌وه نییه وشه‌كان له‌سه‌ر لاپه‌ڕه ریز بكرێن. ده‌توانى به‌شێك له كاتى رێكردن یان نانخواردن بنووسی.
ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌ت لێ گیراوه كه مه‌عریفه‌یه‌كی فره‌وان له نووسینه‌كانتدا ده‌خه‌یته روو. ره‌خنه‌گرێك گوتوویه‌تى هۆى سه‌رسامبوونى خوێنه‌ر به كاره‌كانت بۆ ئه‌و خۆ به‌كه‌مبینییه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌وه‌ى كه نازانێ. كه دواجار ده‌بێته سه‌رسامبوونێكی ساوێلكانه له به‌رانبه‌ر نمایشه ورووژێنه‌ره‌كانت.
ئایا من كه‌سێكی سادیم؟ نازانم. حه‌زم له خۆنمایشكردنه؟ له‌وانه‌یه. گاڵته ده‌كه‌م. بێگومان نه‌خێر، هه‌رگیز ئه‌و هه‌موو كارانه‌م له ژیانمدا نه‌نووسیوه بۆ ئه‌وه‌ى مه‌عریفه له به‌رده‌م خوێنه‌ران هه‌ڵڕێژم. ئه‌و مه‌عریفه‌ى ده‌یخه‌مه ڕوو له سروشت و بنیاتی ئاڵۆزی رۆمانه‌كانمه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن. دواجار ئه‌وه بۆ خوێنه‌ر ده‌مێنێته‌وه تا ئه‌و شته بدۆزنه‌وه كه ده‌یانه‌وێ.
ئایا نووسینی رۆمان دید و بۆچوونى تۆی له‌مه‌ڕ ئاستی كاریگه‌ریت به‌سه‌ر خوێنه‌ره‌وه گۆڕی وه‌ك رۆماننووس؟
هه‌میشه پێم وابووه كتێبی باش زیره‌كتره له دانه‌ره‌كه‌ى خۆی. له‌به‌رئه‌وه‌ى كتێب هه‌ندێ شت ده‌ڵێ نووسه‌ره‌كه دركی پێ ناكات.
كه‌نیسه‌ى كاسۆلیكی زۆر ره‌خنه‌ى ئاراسته كردووى. رۆژنامه‌ى فه‌رمی ڤاتیكان له‌باره‌ی (پاندۆڵی فۆكۆ) نووسیویه‌تى كه ئه‌و رۆمانه‌ت "پڕه له پێشێلكارى و بێڕێزیكردن به‌رانبه‌ر به ئاسمان و بێ‌ئابڕوویی و سووكایه‌تی، وێڕاى فیز و گاڵته‌جاڕی".
سه‌یر له‌وه‌دایه هه‌ر ئێسته بڕوانامه‌ى شكۆ و شانازیم له‌لایه‌ن دوو زانكۆی كاسۆلیكی پێ به‌خشراوه كه زانكۆی لۆڤین و لیۆلان
بۆچی مرۆڤ له رۆژگارێك كه‌سێكی خۆش ده‌وێ و رۆژی دواتر له‌پڕ ده‌بینێ ئه‌و خۆشه‌ویستییه ون بووه؟ به‌داخه‌وه
، هه‌ست و سۆز به‌بێ هیچ پاساوێك ون ده‌بن، هه‌ندێ جار ته‌نانه‌ت ئاسه‌واریشیان نامێنێ.
باشه، ئه‌گه‌ر بڕوات به‌خودا نه‌بێ، بۆچی به‌و فره‌وانییه له‌باره‌ى ئاینه‌وه نووسیت؟
له‌به‌رئه‌وه‌ى بڕوام به ئاین هه‌یه. مرۆڤه‌كان گیانله‌به‌رى ئایندارن و ناكرێ ئه‌و خه‌سڵه‌ته دیاره‌ى ره‌فتارى مرۆڤایه‌تى نادیده بگیرێ و فه‌رامۆش بكرێ.
كاتت هه‌یه رۆمانى نووسه‌ره هاوچه‌رخه‌كان بخوێنیته‌وه؟
زۆر نا. له‌وه‌ته‌ى بوومه‌ته رۆماننووس خۆم به كه‌سێكی لایه‌نگر ده‌بینم. له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌بێ یان رۆمانى نوێ له رۆمانه‌كانى خۆم به خراپتر بزانم كه حه‌زم له‌و شته نییه، یاخۆ له‌وانه‌یه پێم وابێ له رۆمانه‌كانى من باشترن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌شیانم پێ خۆش نییه.
كتێبخانه‌كه‌ت له شارى میلان ده‌گمه‌ن و ئه‌فسانه‌ییه. چ جۆره كتێبێكتان به‌لاوه دڵگیره كۆى بكه‌نه‌وه؟
نزیكه‌ى 50 هه‌زار كتێبم هه‌یه. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى كتێبی ده‌گمه‌ن كۆ ده‌كه‌مه‌وه، زۆر مه‌یلم بۆ كتێبی هزرى و نائاسایی ده‌چێ. بۆیه ئه‌و كتێبانه كۆ ده‌كه‌مه‌وه بڕوام به بابه‌ته‌كانى نه‌بێ، له نموونه‌ى كابالا و كیمیا و جادوو و زمانه داهێنراوه‌كان.
من پاتلیمۆسم هه‌یه نه‌ك گالیلۆ، له‌به‌رئه‌وه‌ى گالیلۆ به راستگۆیی قسه ده‌كات. منیش زانستی سه‌رشێتانه‌م پێ باشتره.
تۆ یه‌كێكی له ناودارترین بیرمه‌ندانى دنیا. بۆچوونى خۆت چییه له‌باره‌ی ده‌سته‌واژه‌ى "بیرمه‌ند"؟ ئایا ئێسته‌یش مانایه‌كی تایبه‌تى هه‌یه؟
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له "بیرمه‌ند" ئه‌و كه‌سه‌یه به ئه‌قڵی خۆی كار ده‌كات نه‌ك به‌هه‌ردوو ده‌سته‌كانى، ئه‌وسا فه‌رمانبه‌ری بانك بیرمه‌نده و مایكل ئانگلۆ وا نییه. ئه‌مڕۆ كه كۆمپیوته‌ر هه‌یه هه‌مووان وه‌ك بیرمه‌ند داده‌نرێن. بۆیه بڕوا ناكه‌م ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه پێوه‌ست بێ به پیشه‌ی مرۆڤه‌وه یان به چین و پێگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ى.
به دیدى من بیرمه‌ند كه‌سێكه مه‌عریفه‌یه‌كی نوێ به‌رهه‌م دێنێ به‌شێوه‌یه‌كی داهێنه‌رانه. ئه‌و جووتیاره‌ى له‌وه تێده‌گات كه جۆرێكی نوێی رووه‌كی متوربه‌كراو جۆرى نوێی سێ‌و به‌رهه‌م دێنێ، ئه‌و جووتیاره له‌وكاته به چالاكیی هزریی هه‌ستاوه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئوستادی فه‌لسه‌فه به درێژایی ته‌مه‌نی خۆی هه‌مان وانه له‌باره‌ى هایدگه‌ر دووباره بكاته‌وه، ئه‌وه بێگومان نه‌گه‌یشتووه‌ته پله و پایه‌ى بیرمه‌ند.
داهێنانی ره‌خنه‌گرانه، ره‌خنه‌گرتن له‌و كاره‌ى ده‌یكه‌ین یان داهێنانى شێوازی نوێتر بۆ كردنی كارێك تاقه ئادگار و خه‌سڵه‌تى وه‌زیفه‌ى هزرییه.
به درێژایی ئه‌م ته‌مه‌نه‌ى خۆت چیت له مه‌عریفه و رۆشنبیریی قازانج كرد؟
ئه‌و كه‌سه نه‌زانه‌ى ده‌مرێ، گریمان له ته‌مه‌نی مندایه و یه‌ك ژیان ژیاوه، منیش ژیانی ناپلیۆن و قه‌یسه‌ر و دارتنیان ژیابێتم. بۆیه من هه‌میشه لاوان هان ده‌ده‌م كتێب بخوێننه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه رێى هه‌ره‌باشه بۆ په‌ره‌پێدانى یاده‌وه‌رییه‌كی مه‌زن و كه‌سایه‌تییه‌كی هه‌مه‌جۆرى به هه‌ژموون. به‌مه ده‌توانى له كۆتایی ژیانتدا ببینی كه ژیانێكی بێ‌شومار ژیاوی، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا جیاوازیه‌كی دڵخۆشكه‌ره.
به‌ڵام یاده‌وه‌رى مه‌زن بۆی هه‌یه قورسایی خۆی هه‌بێ. وه‌ك یاده‌وه‌رى فۆنیس، یه‌كێك له كاره‌كته‌ره‌كانى بۆرخیس كه زۆر حه‌زی پێ ده‌كه‌ى، له چیڕۆكی (فۆنیسی یاده‌وه‌ر).
من حه‌زم له بیرۆكه‌ى خه‌مساردیی سه‌رسه‌ختانه‌یه. بۆ خاسكردنی خه‌مساردیی سه‌رسه‌ختانه پێویسته خۆت به چه‌ندان بوارى دیاریكراوی مه‌عریفه‌وه پێوه‌ست بكه‌ى. نابێ چاوچنۆك بیت، به‌ڵكو ده‌بێ خۆت پێگیر بكه‌ى به‌وه‌ى هه‌موو شتێك فێر نه‌بی، ده‌نا هیچ شتێك فێر نابی.
رۆشنبیریی به‌م چه‌مكه، زانست و مه‌عریفه‌ى چۆنیه‌تى بیرچوونه‌وه‌یه. ئه‌گه‌ر نا مرۆڤ وه‌ك فۆنیسی لێ دێ، ئه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و گه‌ڵادارانه‌ى بیر ماوه كه له ماوه‌ى 30 ساڵدا بینیویه‌تى. بۆیه له بێژنگدانى ئه‌و شتانه‌ى ده‌ته‌وێ فێریان بی و هاوكات وه‌بیر خۆتی بێنیته‌وه، له گۆشه‌نیگاى مه‌عریفییه‌وه پرسێكی گرنگه.
هه‌ڵوێستت چییه ده‌رهه‌ق به‌وانه‌ى مردنی رۆمان و كتێب و خوێندنه‌وه راده‌گه‌یه‌نن؟
بڕوابوون به كۆتا شتێك دۆخێكی رۆشنبیریی به‌ربڵاوه. هه‌ر له سه‌رده‌می كه‌ڵچه‌رى گریكی و لاتین پێمان وابووه كه باوباپیرانمان له ئێمه باشتر بوون. ئه‌م بیرۆكه پێكه‌نیناوییه كه كه‌ناڵه‌كانى میدیا به گه‌رموگوڕی بره‌وى پێ ده‌ده‌ن، بۆ من مایه‌ى خۆشی و سه‌مه‌ره‌یه.
هه‌ر ماوه‌یه‌ك وتارێك بڵاو ده‌بێته‌وه له‌باره‌ى كۆتایی رۆمان و وێژه و كۆتایی مه‌عریفه له ئه‌مه‌ریكا. خه‌ڵك وه‌ك جاران ناخوێننه‌وه، هه‌رزه‌كاره‌كان یاریی ڤیدیۆیی ده‌كه‌ن، راستییه‌كه‌ی له گشت كون و قوژبنێكی ئه‌م دنیایه به‌هه‌زاران شوێنی كتێبفرۆشی هه‌ن و پڕن له گه‌نجی خوێنه‌ر. له مێژووی مرۆڤایه‌تی هیچ جار هه‌ڵنه‌كه‌وتووه ئه‌و ژماره زۆره‌ى كتێب هه‌بووبێت و ئه‌وه‌نده شوێنه زۆره‌یش نه‌بووه كتێب بفرۆشن كه گه‌نجان رووى تێبكه‌ن و كتێب بكڕن.
له دیدى تۆوه گرنگی بیرۆكه‌ى نه‌مریی به‌رهه‌مه‌كانى خۆتت پێ چۆنه؟ ئایا بیر له میراتی هزریی خۆت ده‌كه‌یته‌وه؟
بڕوا ناكه‌م مرۆڤ له‌پێناو خۆیدا بنووسێ. پێم وایه نووسین كرده‌یه‌كه پاڵنه‌ره‌كه‌ى خۆشه‌ویستییه، تۆ ده‌نووسی بۆ ئه‌وه‌ى شتێك به كه‌سێكی تر بده‌ى. بیرۆكه‌ى گواستنه‌وه‌ى شتێكه كه وا له خه‌ڵكانێكی تر بكه‌ى له هه‌سته‌كانتدا به‌شدار بن.
كێشه‌ى تا چه‌ند به‌رهه‌مه‌كانت به زیندوویی ده‌مێننه‌وه؟ كێشه‌ى بنه‌ڕه‌تیی گشت نووسه‌رێكه نه‌ك هه‌ر به ته‌نیا رۆماننووس یان شاعیر.
راستییه‌كه‌ی فه‌یله‌سووف كتێبه‌كه‌ى ده‌نووسێ له‌پێناو ئه‌وه‌ى وا له زۆر كه‌س بكا قه‌ناعه‌ت به تیۆرییه‌كانى بكه‌ن، ئه‌و هیواخوازه له‌و سێ هه‌زار ساڵه‌ى داهاتوودا خه‌ڵكی ئه‌و كتێبه‌ى ده‌خوێننه‌وه. ئه‌و پرسه وه‌ك ئه‌وه وایه ئومێدی ئه‌وه‌ت هه‌بێ منداڵه‌كانت به زیندوویی بتهێڵنه‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌وه‌شت هه‌بێ ئه‌وه حه‌ز ده‌كه‌ى كوڕه‌كه‌ت به نه‌مریی بهێڵێته‌وه. مرۆڤ هیواخوازى هه‌ستێكه له به‌رده‌وامی.
كاتێك نووسه‌ر ده‌ڵێ من چاره‌نووسی كتێبه‌كه‌ى خۆمم به‌لاوه گرنگ نییه، زۆر به ساده‌یی درۆ ده‌كات. له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و قسه‌یه بۆ رازیكردنی ئه‌و كه‌سه ده‌كات په‌یڤینه‌كه‌ى له‌گه‌ڵدا ساز داوه.
وه‌رگێڕانی: ئه‌مین بۆتانی