"وشە" ناوەڕۆكی چۆنیەتی دانەوەی پاشەكەوتی مووچە بڵاو دەكاتەوە

:: PM:02:08:05/12/2019 ‌
هاوكاتی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2020، پەرلەمانتاران لەسەر بنەمای زیادكردنی داهاتی هەرێمی كوردستان لە دەرئەنجامی چاكسازی، پڕۆژەیەك بۆ دانەوەی مووچەی پاشەكەوتی فەرمانبەران دەدەنە حكوومەت. عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێ، قۆناغی یەكەم جێگركردنی قەرزەكە، پاشان لێدەكردنی قەرزی حكوومەت لای فەرمانبەران لە پاشەكەوتەكە، پاشان دانەوەی ئەوەی دەمێنێتەوە وەك مووچەی پاشەكەوتكراو بەشێوەی مانگانە بەگوێرەی زیادەی داهاتی حكوومەت، ئەمانە خاڵی سەرەكی پڕۆژەكە دەبن.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی كانوونی یەكەم، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد كە سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكن لەسەر چۆنیەتی دانەوەی مووچەی پاشەكەوتی فەرمانبەران، دەڵێ نامەوێت وەها وێنا بكرێت كە پڕۆژەی گۆڕانە، بەڵكو ئامانجی ئێمە سەرخستنی پڕۆژەكەیە.

بە قسەی عەلی حەمەساڵح بێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 12 ملیار دۆلار قەرزاری فەرمانبەرانە، روونی دەكاتەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەشت مووچەی تەواوی سەرجەمی فەرمانبەران قەرزارە لەگەڵ جیاوازی مووچەی 35 مانگ، هاوكات 12 مووچەی خانەنشینانیش قەرزارە كە كۆی گشتی نزیكەی 12 ملیار دۆلار دەكات.

قۆناغی یەكەم جێگركردنی قەرزەكە، پاشان لێدەكردنی قەرزی حكوومەت لای فەرمانبەران لە پاشەكەوتەكە، پاشان دانەوەی ئەوەی دەمێنێتەوە وەك مووچەی پاشەكەوتكراو بەشێوەی مانگانە بەگوێرەی زیادەی داهاتی حكوومەت، ئەمانە خاڵی سەرەكی پڕۆژەكە دەبن


سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان پێی وایە رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2020، پاڵنەرێكی سەرەكی دەبێت لە زیادبوونی داهات لە هەرێمی كوردستان، بەو مەرجەی حكوومەت چاكسازی لە خاڵە سنوورییەكان و پڕۆژە یاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمان بكات

لە بارەی پڕۆژەكەوە عەلی حەمەساڵح دەڵێ، قۆناغی یەكەم جێگیركردنی هەژماری هەموو فەرمانبەرێك كە چەند پارەی لای حكوومەت هەیە، قۆناغی دووەم حكوومەت دەتوانێت بڕیارێك دەربكات كە فەرمانبەران بۆیان هەیە قەرزەكانی لەسەریانە لە مووچەی پاشكەوتەكە لێی ببڕن، گوتی "ئەوەی دەمێنێتەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت لە زیادەی داهات مانگانە بڕێك پارە دابین بكات و بەسەر فەرمانبەران دابەشی بكات تا پاشەكەوتی مووچە بە تەواوەتی دەدرێتەوە، ئەم سێ خاڵە رۆحی پڕۆژەكە دەبێت". 

بە بڕوای سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەگەر چاكسازی لە خاڵە سنوورییەكان و گومرگ بكرێت، ئەوا مانگانە 30 تا 40 ملیۆن دۆلار دەبێتە داهات بۆ حكوومەت، هاوكات یاسای چاكسازی و كۆمپانیا نەوتییەكانیش داهاتی زیاتر بۆ حكوومەت دروست دەكەن،  گوتی "بەو داهاتانە دەتوانرێت پاشەكەوت بدرێتەوە".



وشە - فه‌رمان سادق