كچێكی ئێزیدی لە پارێزگای ئەنبار رزگار دەكرێت

:: PM:08:40:05/12/2019 ‌

رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ئابی 2014 شنگال و دەوروبەری داگیر كرد و كۆمەڵكوژی بۆ كوردانی ئێزیدی رێكخست، جیا لەوە ژمارەیەكی لە كچ و منداڵانی ئێزیدی بەدیل برد و كڕین و فرۆشتنی بەوان كرد، ئەمڕۆ پۆلیسی پارێزگای ئەنبار رای گەیاند كە توانوویانە كچێكی ئێزیدی لە شارۆكەی هیت لە دەستی ماڵباتێكی داعش رزگار بكەن.
رزگاركردنی ئێزیدییەكان بەردەوامە
بەپێی بەیاننامەیەكی سەركردایەتی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار، بەپشتبەستن بە زانیاری ورد لەبارەی بوونی كچێكی بیانی لە ماڵێكی شارۆكەی هیت، تیمێكی كار بەسەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ئەنبار پێكهێنرا و هەڵیان كوتایە سەر ماڵەكە كە ماڵباتێكی تیرۆریستانی داعش بوو و كچەكە دۆزرایەوە كە هەڵگری ناسنامەیەكی ساختە بوو بەوەی ئەندامێكی ئەو ماڵباتەیە.

دوای لێكۆڵینەوە لە ئەندامانی ماڵباتەكە دەركەوت ئەو كچە ئێزیدییە و ناوی (ز.ا)ی و خەڵكی گوندی كۆجك سەر بە شارۆكەی شنگالە لە سنووری پارێزگای نەینەوا، ئەو لە 2014 لەلایەن تیرۆریستانی داعش رفێنراوە و دواتر لە ناوچەی هەجین لە سووریا گیرساوەتەوە.

وەك لە بەیاننامەكە هاتووە، ئەو كچە چەند جارێك كڕین و فرۆشتنی پێ كراوە و دواجار لە ماڵی تیرۆریست (ئەبو ئەنەس)، كە ئێستە كوژراوە، ماوەتەوە و ناسنامەی ساختەی لەلایەن كەسێكی نزیكی ئەو تیرۆریستەبۆ دەرهێنراوە و لە كەمپی هۆل لە سووریاوە هێنراوەتە شارۆكەی هیت، ئێستەش ئازاد كراوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل