تارا محەمەد: تابلۆ ڕووتەكانم گوزارشت لە ئازادی ژن دەكەن

:: AM:09:21:07/12/2019 ‌


تارا محەمەد /33 ساڵ/ شێوەكار و دیزاینەر، خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و دانیشتووی سلێمانییە. ماوەی 12 ساڵە دیزاین و كاری شێوەكاری دەكات و خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە گرافیك دیزاین. وەك خۆی لەم دیمانەی "وشە" ئاشكرای دەكات، "تابلۆ ڕووتەكانی گوزارشت لە ئازادی ژن دەكەن".

تارا سەرەتا بە گرافیك دیزاین دەستی پێ كردووە و لە كۆمپانیایەكی ڕێكلام لە ساڵی 2007 دەستی بە كاركردن كرد. دواتر لە پاڵ دیزایندا دەستی بە وێنەكێشان كرد و تا ئێستە چوار پێشانگای كردووەتەوە. بەگوتەی خۆی "دوویان تایبەتن بە خۆم و دووەكەی تریش بە هاوبەشی بووە". پێشانگەكانیشی لە هەشتی مارس كردوونەتەوە كە تایبەت بووە بە رۆژی ژنان.

 ئەو كچە دەڵێت "تابلۆ ڕووتەكانم گوزارشت لە ئازادی ژن و یەكسانی دەكەن، نەك بە مانای سێكس، بەڵكو باس لە مافەكانی ژن دەكەم لە كۆمەڵگەی كوردی، چونكە مافی ژن و پیاو یەكسان نین و ژن بەردەوام دەبێتە قوربانی". 
كۆمەڵگە قبووڵی ناكات یان زۆربەیان لە تابلۆكە تێناگەن و ڕەخنەی زۆر دەگرن

تارا ئەوە ناشارێتەوە كە ناتوانێ هەموو جۆرە تابلۆیەك بكێشێ. لەبارەی هۆكارەكەیشی ئەوە دەخاتە ڕوو "چونكە كۆمەڵگە قبووڵی ناكات یان زۆربەیان لە تابلۆكە تێناگەن و ڕەخنەی زۆر دەگرن."

ئەم شێوەكارە لەبارەی تاتۆ گوتی، تاتۆ دروستكردن پیشەیەكی سەرەكی ئەوە و دانانی تاتۆ لەسەر پێست هەمیشەییە، بۆیە بەشێوەیەكی باش بیری لێ بكرێتەوە بەتایبەت بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی وەك داپۆشینی شوێنی سووتان، رووتانەوەی موو، شوێنی شكاو كە تاتۆكە كاریگەریی زۆری دەبێت بەسەر جەستەی مرۆڤەوە، بەڵام لەسەر پێست دەمێنێتەوە و ناڕوات. 

"تاتۆكردن كارێكی ئەستەمە، چونكە دەبێ ئەو كەسە شارەزایی تەواوی هەبێت و نابێ ئارەزوومەند هیچ جۆرە نەخۆشییەكی هەبێت، لەلایەنی تەندروستییەوە ڕێی پێ درابێت و ئەو كەلوپەلانەی بەكاری دێنێت، ماوەیان بەسەر نەچووبێت" ئەمە بەگوتەی تارا.

ئاشكرایشی كرد، زۆر داوایان لێ كردووە وەك ئەكتەر بەشداری لە فیلمدا بكات، بەڵام نایەوێ ئێستە بەشداری بكات، چونكە بواری نواندن ئەستەمە و پێویستە ئەزموونێكی باشی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێ بە سەركەوتوویی وەك ئەكتەر ڕۆڵ بگێڕێت.

وشە/ گەرمیان گلی
























وشە - وشه‌