شای كۆمیدیا كۆچی دوایی كرد

:: AM:09:37:07/12/2019 ‌
ستویانكا موتافوفا كە ناودارترین خاتوونە ئەكتەری كۆمیدیای دنیایە و بولگارییە، دوێنێ لە تەمەنی 97 ساڵدا كۆچی دوایی كرد. ئەوەش بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی "رۆیتەرز". هاوكات لە زۆربەی میدیاكانی دنیادا مردنی ئەو هونەرمەندە بووەتە هەواڵ.

لە درێژەی ژیانی هونەرییدا دەیان خەڵاتی وەرگرتووە
موتافوفا كە لە ساڵی 1945ەوە تا چەند مانگێك بەرلە مردنی، بەردەوام لەسەر تەختەی شانۆ دەبینرا و لە چالاكیی هونەریدا بووە. یەكەم كاری هونەریشی لە 1945دا، شانۆگەریی "حیل سكابین"ی مۆلێر بوو كە تێیدا رۆڵی خزمەتكارێكی بینی.

ئەو خاتوونە جیا لە شانۆگەرییەكانی، لە دەیان بەرنامەی خۆشڕابوێریی تەلەڤزیۆنی بەشداریی كردووە. لە تەمەنی 94 ساڵیدا بۆ نمایشی كارە هونەرییەكانی، گەشتی بۆ ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپادا كردووە و شانۆگەییەكانی پێشان داوە. تەنانەت بەرلە مردنی بە چەند مانگێك، لە نمایشێكی كۆمیدیی لەسەر تەختەی شانۆ هاتە بینین.

ئەو هونەرمەندە لە درێژەی ژیانی هونەرییدا دەیان خەڵاتی وەرگرتووە.

لەبارەی مردنەكەیەوە بویكۆ بۆریسۆف سەرۆك وەزیرانی بولگاریا رای گەیاندووە، "هونەرمەند و مرۆڤێكی زۆرباشمان لە دەست دا، ئەو مرۆڤە بە هێمای شانۆی بولگاریا دەناسرێتەوە".

دوو ساڵ بەر لە ئێستە، ستویانكا موتافوفا لە دیمانەیەكدا رای گەیاندبوو كە بەهیچ شێوەیەك لە كاری هونەری پەشیمان نییە، ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ تەمەنی 20 ساڵی، وەك ئەكتەر كاری هونەریی دەكات.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د