نەوت بەرزترین نرخی لە 75 رۆژی رابردوو تۆمار كرد

:: AM:10:21:07/12/2019 ‌

هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆرسە داخرا و لە كۆتایی هەفتەكەشدا بڕیاری ئۆپێك بۆ زیاتر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان، نرخی نەوتی بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز كردەوە.

كۆبوونەوەی ئۆپێك لە رۆژی چوارشەمی هەفتەی رابردووەوە دەستی پێ كردبوو و دوێنێ هەینی كۆتایی بە كۆبوونەوەكە هات. دەرەنجامی كۆبوونەوەكە ئەوەبوو وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك بە هاوكاری رووسیا 500 هەزار بەرمیلی تر لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە. پێشتریش ئەوان بڕیاری كەمكردنەوەی ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیلیان دابوو و بەوپێیە بەرهەمهێنانی نەوت لە سێ مانگی یەكەمی ساڵای 2020 ملیۆنێك و 700 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەم دەكرێتەوە.

ئۆپێك و وڵاتە هاوپەیمانەكانی لە چارەگی یەكەمی ساڵی 2020 سەرووی دوو ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم دەكەنەوە.
لە لایەكی ترەوە لە دەرەوەی رێككەوتنی ئۆپێك عەبدولعەزیز بن سەلمان وەزیری نەوتی سعوودیە بڕیاری دا 400 هەزار بەرمیلی تر لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكاتەوە بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بە نرخی نەوت بدرێت، دواجار بەم دەرەنجامە دەگەین كە ئۆپێك و وڵاتە هاوپەیمانەكانی لە چارەگی یەكەمی ساڵی 2020 سەرووی دوو ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم دەكەنەوە.

دەرەنجامی ئەم بڕیارە یەكسەر نرخی نەوتی لە بازاڕەكانی دنیا بەرز كردەوە و لە كۆتایی هەفتەكەدا بەرزترین نرخی لە ماوی دوو مانگ و نیوی رابردوو تۆمار كرد و بەگوێرەی livechart نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 65 دۆلار و 15 سەنت داخرا.

بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو دووبارە وڵاتانی ئۆپێك و رووسیا كۆ ببنەوە بۆ ئەوەی دیسان لەسەر درێژكردنەوەی بڕیارەكەیان یان كۆتایی پێهێنانی بڕیار بدەن.



وشە - سلێمان تاشان