هاتنی سبیل جان بۆ هەولێر ڕەت كرایەوە

:: AM:11:32:07/12/2019 ‌
دەنگۆی هاتنی سبیل جان خاتوونە هونەرمەندی توركیا بۆ هەولێر ڕەت دەكرێتەوە بۆ سەری ساڵ، بەڵكو وەك چەند ساڵە چەند ئاهەنگێك بەڕێوە دەچێت لەلایەن هونەرمەندانی كورد.

ئەمڕۆ شەموو حەوتی كانوونی یەكەم، لەبارەی هاتنی خاتوونە هونەرمەندی توركیا بۆ هەولێر سەرچاوەیەكی باڵا بە "وشە"ـی ڕای گەیاند، ئەو هونەرمەندە نایەت بۆ هەولێر و بڕیاریش نەبووە بێت، ئەوەی گوتراوە تەنیا دەنگۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە.

ناوی سبیل جان لە لیستی ئەو هونەرمەندانە نییە
ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای كرد، بۆ سەری ساڵ چەند ئاهەنگێكی جەماوەری لە شوێنە گشتییەكان بەڕێوە دەچن بۆ هاووڵاتییان بە ئامادەبوونی هورنەمەندە ناوخۆییەكان، ڕەنگە هونەرمەندی بیانیش بێن، بەڵام ناوی سبیل جان لە لیستی ئەو هونەرمەندانە نییە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە سیروان تۆفیق بەڕێوەبەری بە بازاڕكردن لە دەستەی گەشتوگوزار كرد، بەڵام ژمارەكەی داخرابوو.

ماوەی چەند ڕۆژێكە دەنگۆی هاتنی هونەرمەند سبیل جان بۆ هەرێمی كوردستان بڵاو بووەتەوە، ئەوەیش ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی بەدوای خۆیدا هێناوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.





وشە - رامیار جەواد