سه‌ركرده‌یه‌كى ره‌وتى سه‌در ئاشكراى ده‌كات، به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ به فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان هێرش كراوه‌ته سه‌ر حه‌نانه له نه‌جه‌ف، تا ئێسته‌یش دیار نییه كه كێ له پشت هێرشه‌كه وه‌ستاوه.
ساڵح محه‌مه‌د عێراقى كه كه‌سێك نزیك له موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌دره و ئاشكراى كردووه، به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ شه‌موو حه‌وتى كانوونى یه‌كه‌م به فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان هێرش كراوه‌ته سه‌ر حه‌نانه كه شوێنى نیشته‌جێبوونى سه‌در و چه‌ندان كه‌سایه‌تیى ئاینى شیعه‌یه.
له تویتێكدا ساڵح عێراقى ده‌ڵێ، ئه‌م هێرشه دواى ئه‌وه هاتووه كه موقته‌دا سه‌در داواى كردووه خۆپێشانده‌ران بپارێزرێن.
تا ئێسته نازانرێت كێ هێرشه‌كه‌ى كردووه
روونیشى كردووه‌ته‌وه كه لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه ده‌كرێت.
دواتریش په‌یامێكى تر‌ى بڵاو كردووه‌ته‌وه، داوا له خه‌ڵكه‌كه ده‌كات پابه‌ند به سیستم و هێمنى و ئاشته‌وایى و له چاوه‌ڕێى بڕیاره‌كان بن.
ره‌وتى سه‌در كه ئێسته له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌دره‌وه رێبه‌رایه‌تى ده‌كرێت، پاڵپشتى له هاوپه‌یمانى سائیروون ده‌كات كه هه‌رچه‌نده به گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى په‌رله‌مانى عێراق داده‌نرێت، به‌ڵام ئه‌و فراكسیۆنه له به‌یاننامه‌یه‌كدا پشتگیرى له خۆپێشانده‌ران ده‌كات و سازش له‌سه‌ر ئه‌ركى دیاركردنى كاندیدى سه‌رۆكى حكوومه‌ت ده‌كات.