ڕۆژنامەنووسێكی كورد لە بەغدا شەهید بوو

:: PM:01:57:07/12/2019 ‌
بەهۆی ئاڵۆزییەكانی عێراق، ڕۆژنامەنووسێكی كورد لە بەغدا بە فیشەكی هێزە تەناهییەكانی عێراق شەهید دەبێت.

ئەمڕۆ شەموو حەوتی كانوونی یەكەم، سەید قەهار شوانی هاوڕێیەكی ڕۆژنامەنووس ئەحمەد فەیلی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەداخەوە لە خۆپێشاندانەكانی ئێوارەی دوێنێ‌ ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافی كورد ئەحمەد فەیلی شەهید بوو.

هێزە تەناهییەكان بە بەرپرس دەزانین لە شەهیدبوونی 
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاشكرای كرد، ئەوەی ئێمە زانیومانە ئەحمەد ئەو كاتەی شەهید كراوە سەرقاڵی وێنەگرتنی خۆپێشاندەرێكی بریندار بووە و لەناو خۆپێشاندەران فیشەكی بەركەوتووە، بۆیە هێزە تەناهییەكان بە بەرپرس دەزانین لە شەهیدبوونی.

باسی لەوەش كرد، بەرپرسانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكن بۆ ئەوەی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی بكەن تا بزانن بۆچی ئەو ڕۆژنامەنووسە كراوەتە ئامانج و كێ‌ بەرپرسە تا ڕووبەڕووی دادگا بكرێتەوە.

شەهیدبوونی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە كاتێكدایە بارودۆخی بەغدا لە دوێنێ‌ هەینی بە تەواوەتی شێوابوو و زیاتر لە 12 خۆپێشاندەر لەلایەن میلیشیا چەكدارەكان كوژران و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون.

عێراق ئێستە بەدۆخێكی خراپی سیاسی و تەناهی تێدەپەڕێت، بۆیە بەرپرسان چەندان جار هۆشدارییان داوە ئەگەری لە دەستچوونی دۆخەكە هەیە.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 6104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌