پەرلەمانتارێك: ئەگەری زۆرە هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رابگەیەندرێت

:: PM:04:56:07/12/2019 ‌

حەنین قەدۆ پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح" كە زۆرینەی هێزەكانی سەر بە حەشدی شەعبی كۆ كردووتەوە و لە ئێرانەوە نزیكە، دووپاتی كردەوە كە چیتر ناتوانرێت دەستی دەستی لە پرسی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراقدا بكرێت و پێشبینی كرد كە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ناوی سەرۆك وەزیرانی نوێ بێتە راگەیاندن. 
هێزە شیعەكانی سەر بە ئێران بەرەو پێكهێنانی حكوومەتی نوێ گوشار دەكەن
خۆپێشاندانەكانی عێراق پێیان نایە ناو سێیەم مانگ و خوێناوی تر دەبن، لەسایەی بێدەنگی مەرجەعیەتی باڵای نەجەف، هەوڵێكی ئاشكرای هێزە سیاسییەكانی شیعە هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و پەیامی جیاجیا بۆ خۆپێشاندەران رەوانە دەكەن بەوەی لابردن و گۆڕینی دەسەڵاتی ئەوان ئاسان نییە. 

قەدۆ ئەمڕۆ شەموو گوتی، ئەو قسانەی لەبارەی درێژكردنەوەی كاری حكوومەتی ئێستە و تێپەڕكردنی ماوەی یاسایی و دەستووری رێگە پێ نەدراوە، هاوكات ئەو دۆخەی ئێستەی وڵات و هەرەسهێنانی دۆخی تەناهی پێویست دەكات هەموو هێزە سیاسییەكان سازش بكەن و كۆببنەوە بۆ دیاریكردنی كەسێكی قبووڵكراو لەلایەن جەماوەرەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.

روونی كردەوە، گفتوگۆی سیاسی لەنێوان هەموو لایەنەكان كراوەیە و بەردەوامە و ناتوانرێت بوەستێنرێت تەنیا بە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوۆێ نەبێت، بۆیە پێشبینی دەكەین هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ بێتە راگەیاندن. 

هەفتەی رابردوو قەدۆ رای گەیاند كە تا ئێستە ئەو ناوانەی بۆ سەرۆكایەتی حكوومەتی نوێ باسیان لێوە دەكرێت بریتین لە فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعیدی فەرماندەی پێشووی هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق و ئیبراهیم بەحر ئەلعلووم پەرلەمانتاری پێشوو و وەزیری نەوتی پێشووتری عێراق و محەمەد شەیاع سوودانی پەرلەمانتاری پێشوو، هاوكات كەسایەتی تریش دەخرێنە روو.

زیاتر گوتی، هێزە سیاسییەكانی عێراق دەستبەرداری مافی خۆیان بوون لە پێكهێنانی حكوومەت و ئەوان گرنگی بە پۆست نادەن ئەوەندەی هەوڵی رازیكردنی شەقامی عێراقی و جێبەجێكردنی داواكاری خۆپێشاندەران و بەدیهێنانی دادوەری دەدەن، بۆیە ئێستە گفتوگۆكان بەردەوامن و رەنگە هەڵبژاردنەكە لەسەر كەسایەتییەكی تەواو سەربەخۆ بوەستێت جیا لەو ناوانەی ئێستە دەخرێنە روو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل