مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان به بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 100 ڕۆژی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد و ڕای گه‌یاند، كه‌شێكی وامان دروست كردووه كه چیتر گه‌نده‌ڵی نه‌كرێ.
مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان گوتی، له ڕۆژی سوێندخواردنی كابینه‌كه له په‌رله‌مان، ئاماژه‌م به‌وه‌كرد، كه ئه‌ركێكی سه‌ختمان له ئه‌ستۆ گرتووه، به‌ڵام وتمان پشت به‌خوا و متمانه‌ی هاووڵاتییان ده‌توانین به‌سه‌ر سه‌ختییه‌كاندا زاڵ ببین و ئه‌م قۆناغه تێپه‌ڕێنین. به بڕوای ئێمه قۆناغی باشمان بڕیوه و ڕه‌وتی كاره‌كانمان كه‌وتووه‌ته سه‌ر ڕاسته‌ڕێ و ده‌سكه‌وتی به‌رچاو به‌دی هاتوون.
حكوومه‌تێكمان ده‌وێت، خزمه‌تی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكات
سه‌رۆك وه‌زیران گوتی، حكوومه‌تێكمان ده‌وێت، خزمه‌تی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكات، "ئێمه پابه‌ندبوونی خۆمان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه بۆ بنیاتنانی كوردستانێكی به‌هێزتر و حكومه‌تێك كه خزمه‌تی خه‌ڵك بكات، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌مه‌ش بنه‌مای كاركردنمان بووه له ڕۆژی ده‌ستبه‌كاربوونمانه‌وه".
سه‌رۆك وه‌زیران به ئاماژه‌دان به خواسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان گوتی، "ده‌زانم هاووڵاتییان چاوه‌ڕوانی زیاتریان له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه. به‌ڵام بێگومان ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی گرنگ و ستراتیجی، پێویستی به كاتی زیاتر و زه‌مینه‌ی له بارتر هه‌یه. پشتیوان به خوا و هاووڵاتیان، ئومێدمان زۆره، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئاست چاوه‌ڕوانی ئێوه‌دا بێت".
ئێسته كوردستان به‌هێزتر و سه‌قامگیرتره و حكوومه‌تیش شه‌فافتره
باشتركردنی پێوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌غدا، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، هه‌روه‌ها گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شه‌فافییه‌ت و دڵنیایی زیاتر له بواری داهاتی گشتی و ناوخۆ و نه‌هێشتنی ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاوی ڕووتینی وه‌ك نمونه‌ی ده‌ستكه‌وتی 100 ڕۆژ هێنایه‌وه.
" ئێسته كوردستان به‌هێزتر و سه‌قامگیرتره و حكوومه‌تیش شه‌فافتره ئێمه هیوادارین به به‌رده‌وامبوون له‌م پلان و ڕێكارانه‌ی كه گرتوومانه‌ته‌به‌ر، له چه‌ند ساڵی داهاتوودا ده‌سكه‌وتی زۆر گه‌وره‌تر به‌ده‌ست بهێنین" سه‌رۆك وه‌زیران وای گوت.
هه‌روه‌ك دووپاتی كرده‌وه كه هه‌ر حكوومه‌تێك بیه‌وێت خزمه‌تی خه‌ڵك بكات، پێویسته حكوومه‌تێكی ڕوون و شه‌فاف بێت.
ئێسته خه‌رجییه‌كانی حكوومه‌ت زیاتر به‌داواداچوونیان بۆ ده‌كرێت
له باره‌ی داهاتی داوده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه مه‌سروور بارزانی گوتی، له سه‌ره‌تای كاری ئه‌م كابینه‌یه‌وه، بڕیاردرا به كۆكردنه‌وه‌ی گشت داهاته‌كان له وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، به جۆرێك كه بزاندرێت داهاتی حكوومه‌تی هه‌رێم چه‌نده، هه‌روه‌ها بۆ خه‌رجییه پێویستییه‌كانیش به‌رچاومان روون بێت. له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، پلانمان داناوه بۆ زیاتركردنی داهاتی ناوخۆ و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی به پێی پێویستی. ئه‌م رێكارانه‌ش هاوته‌ریب بوون له گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنی پێداویستی دارایی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان.
كه‌شێكی له‌بارمان هێناوه‌ته ئاراوه‌كه چیتر گه‌نده‌ڵیی تیایدا گه‌شه ناكات
سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان دڵنیایی دا له زیادكردنی داهاتی ناوخۆی و گوتی، تا ئێسته توانیومانه داهاتی ناوخۆمان زیاد بكه‌ین و كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی تا كۆتایی ئه‌مساڵ داهاتی ناوخۆ به ڕێژه‌ی 50٪ زیاد بكه‌ین، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی ڕێكخستنه‌وه و دانانی سیسته‌مێكی هاوسه‌نگی باج، كه ئامانجی خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێت و بتوانێت، داهات بۆخزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان دابین بكات.
ئاماژه‌یشی به‌وه كرد كه ئێسته خه‌رجییه‌كانی حكوومه‌ت زیاتر به‌داواداچوونیان بۆ ده‌كرێت و له ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی كۆنترۆڵێكی ناوه‌ندییه‌وه، چاودێرییه‌كی وردی خه‌رجییه گشتییه‌كان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین داهاتی گشتی به فیڕۆ نادرێت و خه‌رجیه گشتییه‌كانیش به پێی پێداویستییه له پێشینه‌كان بێت.
تا ئێسته به سه‌تان فه‌رمانبه‌ری وه‌همیمان له لیسته‌كان پاك كردووه‌ته‌وه
سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان گوتی، پڕۆسه‌یه‌كی شه‌فافمان گرتووه‌ته‌به‌ر، به‌تایبه‌ت له بواری داهاتی سامانه سرووشتییه‌كان به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام داتا و زانیارییه‌كانمان خستووه‌ته‌ڕوو. "ئێسته گشت هاووڵاتییان ده‌توانن بزانن، داهاتی نه‌وت و داهاته ناوخۆییه‌كانمان چه‌نده و له چ بوارێكدا خه‌رج ده‌كرێت".
له وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به گه‌نده‌ڵی كرد و گوتی، كه‌شێكی له‌بارمان هێناوه‌ته ئاراوه‌كه چیتر گه‌نده‌ڵیی تیایدا گه‌شه ناكات، "خۆم زۆر له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته رژدم و چاوپۆشی له گه‌نده‌ڵیی هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناكه‌م".
" ئێسته ڕێكاری یاسایی زۆر تووندمان گرتووه‌ته‌به‌ر به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌ی بۆ راپه‌ڕاندنی كاره‌كانیان، له داوده‌زگاكانی حكوومه‌تدا، به‌رتیل وه‌رده‌گرن، یان به‌رتیل ده‌ده‌ن. چه‌ندان كارمه‌ند و به‌رپرسی حكوومی له‌سه‌ر به‌رتیل وه‌رگرتن و چه‌نده‌ها خاوه‌نكاریش، به هۆی به‌رتیلدان، له‌م ماوه‌یه‌دا كه‌یسه‌كانیان دراوه‌ته دادگاكان" مه‌سروور بارزانی وای گوت.
هه‌روه‌ك ڕوونی كرده‌وه كه تا ئێسته به سه‌تان فه‌رمانبه‌ری وه‌همیمان له لیسته‌كان پاك كردووه‌ته‌وه و پرۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت. "ده‌مانه‌وێت دڵنیابین كه‌سانی شایسته مافه‌كانیان نافه‌وتێت و ته‌نیا ئه‌وانه‌ی زێده‌ڕۆییان كردووه، ڕێكاری پێوستیان له به‌رانبه‌ر ده‌گیرێته به‌ر".
سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ڵێت، دوای سه‌د رۆژ كاركردن، ئێسته ده‌توانم بڵێم گه‌نده‌ڵیمان تاڕادده‌یه‌كی به‌رچاو سنووردار كردووه. به یاسایش ڕووبه‌ڕووی هه‌موو گه‌نده‌ڵكاران ده‌بینه‌وه. له‌م ماوه‌یه‌دا، زۆر هه‌وڵیش دراوه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ساردمان بكه‌نه‌وه، به‌ڵام هاووڵاتیان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه، به هه‌موو توانایه‌كمان له هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین.
هه‌روه‌ها له بابه‌تی ده‌وامكردنی فه‌رمانبه‌رانیش، سه‌رۆك وه‌زیران هێمای به‌وه كرد، گۆڕانكاری ڕووی داوه و ئێسته فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌ت باشتر له جاران پابه‌ندن به سه‌عاته‌كانی كاركردنیان و به‌وجۆره‌ش ڕایی كردنی مامه‌ڵه و كاروباری هاووڵاتیان خێراتر و كاریگه‌رتر بووه، كاردانه‌وه‌ی باشی هاووڵاتییانمان پێده‌گاته‌وه كه نه‌مانی ڕووتین و خێرایی ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌كانیان له زۆر داوده‌زگادا، "ئه‌مه‌ش زیاتر هانمان ده‌دات ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان له ڕووی كات و كوالێتییه‌وه به‌رزتر بكه‌یه‌نه‌وه، چونكه ڕه‌زامه‌ندی و خۆشحاڵیی هاووڵاتیان ئامانجمان بووه".
وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران به‌بێ ئاماژه‌دان به پێوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كۆتایی نه‌هات به‌ڵكو له‌وباره‌یه‌وه گوتی، "یه‌كێك له ئه‌ركه له پێشینه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌هێزكردن و باشتركردنی پێوه‌ندییه‌كانمانه له گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی له به‌غدا. له دوای یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، سه‌ردانی به‌غدامان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی نیازپاكیمان بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێكی دادپه‌روه‌رانه، له چوارچێوه‌ی ده‌ستوردا بۆ به‌غدا دووباره بكه‌ینه‌وه".
روونیشی كرده‌وه كه باشتركردنی پێوه‌ندییه‌كانمان له گه‌ڵ به‌غدا، كاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنی له سه‌ر ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو هاووڵاتییانی عێراقیشه، پێشكه‌وتنێكی باش له گفتوگۆكانمان به‌دیهاتووه و له سه‌ر چوار ته‌وه‌ر دانوستانه‌كان به‌رده‌وامن:
یه‌كه‌م : دۆزینه‌وه‌ی فۆرمۆڵه‌یه‌ك كه دادپه‌روه‌رانه بێت بۆ بابه‌تی به‌شی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی عێراق.
دووه‌م: به پێی ده‌ستووری عێراق، ده‌سه‌ڵات و مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به پرسی نه‌وت و گاز پارێزراو بن.
سێه‌م: كێشه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، به پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن.
چواره‌م: هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌شێك بێت له سیسته‌می به‌رگری عێراق و مافه ده‌ستوورییه‌كانی پارێزراو بێت.
سه‌رۆك وه‌زیران گوتی، به‌شێكمان له بودجه پێده‌گات. نه‌وتی كه‌ركووكیش به هاوبه‌شی هه‌نارده ده‌كه‌ین. سیاسه‌ته گومرگییه‌كانیشمان هاوتا كردووه. بێگومان چاره‌سه‌ركردنی پرسی مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی فیدراڵی، زۆر یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی زیاتر كه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی هاووڵاتییانی عێراق بێت.
مه‌سروور بارزانی هاووڵاتییانی دڵنیا كرده‌وه كه "هه‌موو هه‌وڵێكمان ده‌خه‌ینه گه‌ڕ تا بگه‌ین به ڕێككه‌وتنێكی دادپه‌روه‌رانه و مووچه و شایسته داراییه‌كانیان به شێوه‌ی مانگانه، به ته‌واوه‌تی بگات و جارێكی تر مووچه‌ی هاووڵاتیان پاشه‌كه‌وت نه‌كرێت".
"ئامانجێكی هه‌ره له‌پێشی حكوومه‌تی هه‌رێم پاراستنی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دابینكردنی ئاسایش و ئارامی هه‌رێمه. لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم سوپاسی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و هێزه‌كانی پۆلیس و داموده‌زگاكانی ئاسایش بكه‌م بۆ ئه‌و دۆخه ئارام و سه‌قامگیره‌ی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، كه جێی سه‌رنج و ستایشی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه" مه‌سروور بارزانی وای گوت.
سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ڵێت " من خۆم شاهیدی قاره‌مانێتی و ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌م، كه چۆن له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی به‌رگری له خاكی هه‌رێمی كوردستان بوون. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه ڕێز له قاره‌مانێیتی و قوربانیدانه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌گرێت و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تێكی شایسته پێشكه‌ش به پێشمه‌رگه و كه‌سوكاری شه‌هیده نه‌مره‌كانمان بكرێت".
له‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانیش گوتی، خه‌ریكین یاسایه‌كی نوێی وه‌به‌رهێنان داده‌ڕێژین، كه پرۆسه‌كه له قۆناغی كۆتاییدایه، به‌مه‌ش زه‌مینه بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران خۆشتر و ئاسانتر ده‌بێت. ستراتیج و پلانێكی تایبه‌تمان بۆ وه‌به‌رهێنان داڕشتووه، كه له‌مه‌ودا پرۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان به پێی پێداویستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بێت. بۆ نموونه له كاتێكدا كه‌رتی كشتوكاڵ یه‌كێكه له كه‌رته هه‌ره گرنگه‌كان، به‌ڵام پێشتر ته‌نیا 2% وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان له‌و كه‌رته‌دا ئه‌نجام دراوه. پێویسته ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كان له چوارچێوه‌ی یاسا و به پێی ستاندارد و مه‌رجی دیاریكراو بن، هه‌ر لایه‌نێك ئه‌و مه‌رجانه جێبه‌جێ نه‌كات، مۆڵه‌تی كاركردنی لێ ده‌سه‌نرێته‌وه..
ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یش به‌شێكی تره له وتاره‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان:
له بواری پێشخستنی ژێرخانی ئابووریدا، دوای ماوه‌یه‌ك له به‌دواداچوون و پێداچوونه‌وه، له مانگی 10ی ئه‌مساڵدا ڕه‌زامه‌ندیمان له سه‌ر خه‌رجكردنی شه‌شسه‌د و حه‌ڤده ملیار دینار داوه بۆ ئه‌نجامدانی سه‌دان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، له‌وانه‌ش بۆ پرد و ڕێگه‌وبانه‌كان و به‌نداو و دابینكردنی ئاوی خاوێن و یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون بۆ هاوولاتیانی كه‌مده‌رامه‌ت و دروستكردنی فه‌رمانگه‌ی حكومی. مه‌بله‌غی ئاماژه پێكراو به شێوه‌یه‌كی مانگانه و به قستی جیا و به پێی توانای دارایی هه‌رێم بۆ پڕۆژه‌كان خه‌رج ده‌كرێت.
له میانه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ش، پڕۆژه‌ی یازده به‌نداو، هه‌روه‌ها سێ سایلۆ له پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی شایه‌نی ئاماژه پێدانن، چونكه گرنگییه‌كی زۆریان بۆ ئاسایشی ئاو و ئاسایشی خۆراك له هه‌رێمدا هه‌یه.
هه‌روه‌ها خه‌رجی پێویستمان بۆ دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی چه‌ندین نه‌خۆشخانه و بنكه‌ی ته‌ندروستی دابین كردووه. به نرخێكی هه‌رزانیش، سه‌دان یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونمان له ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێم بۆ هاووڵاتییانی كه‌مده‌رامه‌ت ده‌سته‌به‌ر كردووه.
هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ش، سی و سێ ملیار دینارمان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌وبانه‌كان ته‌رخان كردووه.
هاووڵاتییانی به‌ڕێز:
هاوته‌ریب له‌گه‌ل ئه‌نجامدانی چاكسازی، پێویسته كار له سه‌ر گه‌شه‌پێدانی ئابووری هه‌رێمی كوردستانیش بكه‌ین. ئابووری و داهاتی ئێمه تا ئێستا به‌شی زۆری به‌نده به داهاتی نه‌وته‌وه. به شێوه‌یه‌كی زۆر پشت به هه‌نارده‌كردنی نه‌وت به‌ستراوه و كه‌رته‌كانی دیكه فه‌رامۆش كراون. بۆیه یه‌كێك له كار و ئه‌ركی له پێشینه‌مان هه‌مه‌جۆركردنی ئابووری و سه‌رچاوه‌كانی داهاته.
نابێت چیتر ته‌نیا پشت به یه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات ببه‌ستین. ده‌مانه‌وێت له هه‌رێمێكی به‌كاربه‌ره‌وه، ببین به هه‌رێمێكی به‌رهه‌مهێنه‌ر.
بۆ نموونه ده‌رفه‌تێكی گه‌وره هه‌یه بۆ وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی كشتوكاڵ و سووود وه‌رگرتن له‌و كه‌رته، وه‌ك یه‌كێك له سه‌رچاوه سه‌ره‌كییه‌كاتی داهاتمان.
هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێ ببێته سه‌به‌ته‌ی خۆراكی عێراق و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه‌ش. له‌م ڕووه‌وه ده‌رفه‌تێكی زۆر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌پێدان له كه‌رتی كشتوكاڵ ئه‌نجام بده‌ین.
هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێ پشتگیریی كه‌رتی پیشه‌سازیش بكه‌ین و پێشیبخه‌ین. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كارمان له سه‌ر پێشخستن و به‌هێزكردنی ژێرخانی هه‌رێمی كوردستان كردووه، هه‌روه‌ك ئاماژه‌مان پێدا له دروستكردن و چاككردنی پرد و ڕێگاوبانه‌كان و به‌نداو و سایلۆ و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ بۆ به‌رهه‌مه‌كانمان.
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆ جووتیارانی هه‌رێم بابه‌تی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قه‌رزه كشتوكالییه‌كانی كردووه‌ته پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نتر و ئاسانتر، تاكو فشاری دارایی بۆ سه‌ر جووتیاران دروست نه‌كرێت.
هه‌روه‌ها پلانمان بۆ زیادكردنی به‌رهه‌می گه‌نم له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه. ڕێوشوێن و ڕێكاری پێویستمان گرتووه‌ته‌به‌ر، بۆ پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆیی. ئێمه كار ده‌كه‌ین بۆ هێنانه ئارای زه‌مینه‌یه‌كی له باری ئه‌وتۆ كه به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كانمان بتوانن كێبركێ له گه‌ل به‌رهه‌می بیانی‌دا بكه‌ن.
له كه‌رتی كشتوكاڵدا، تا ئێستا ڕه‌زامه‌ندیمان له‌سه‌ر سی پڕۆژه‌ی كشتوكاڵی داوه، وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانیش ئاره‌زووی خۆیان نیشان داوه وه‌به‌رهێنان له بواری كشتوكاڵیدا بكه‌ن. له دانیشتنه‌كانمدا له‌گه‌ل شانده ئابوورییه بیانییه‌كان، هه‌میشه جه‌ختم له‌سه‌ر هاندانیان بۆ وه‌به‌رهێنان له بواری كشت‌وكال له هه‌رێمدا كردووه.
هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست:
یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی ئێمه بنیاتنانی دواڕۆژه بۆ خۆمان و نه‌وه‌كانمان.
ئێستا ئێمه كار له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی چه‌ندین پڕۆژه ده‌كه‌ین بۆ بنیاتنانی ژێرخانێكی به‌هێز، ئه‌و ژێرخانانه‌ی ڕۆژانه به‌كاری ده‌هێنین.
من ده‌زانم بۆ خه‌ڵكی ئێمه تا ئێستاش كاره‌با جێی نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی بووه، كه پێداویستییه‌كی زۆر گرنگه بۆ هاووڵاتییان و خاوه‌نكاران و كۆمپانیاكانیش. بۆیه ئێمه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ باشتركردنی كه‌رتی كاره‌با.
ئێستا زیاتر گازی كوردستان به‌كار ده‌هێنین بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، به‌مه‌ش ئێستا كه‌متر پشت به گازوایلی ده‌ره‌كی ده‌به‌سترێت، به‌وجۆره‌ش ساڵانه نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلارمان له تێچووی به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌ی كه‌م ده‌بێته‌وه.
به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردن و به‌كارهێنانی كاره‌بای هه‌رێم، پێداچوونه‌وه‌ی پێویسته، ئێستا ئێمه سه‌رقاڵی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه‌مترین ڕێژه‌ی كاره‌با به فیڕۆ بچێت. بێگومان هاوكاریی هاووڵاتیان له‌م بواره‌دا زۆر كاریگه‌ر ده‌بێت و بۆیه كۆمپانیاكان و ناوه‌نده بازرگانییه‌كان و هاووڵاتیانی خۆشه‌ویستمان ده‌بێت ئه‌ركی خۆیان له به‌فیڕۆنه‌دانی كاره‌با و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خه‌رجیی به‌كارهێنانی كاره‌با له ئه‌ستۆ بگرن.
په‌یوه‌ست به دۆخی په‌روه‌رده‌وه، من ئاگادارم قوتابخانه‌كانیشمان له ڕه‌وشێكی باش‌دا نین. سه‌ردانی چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كم كردووه و ده‌زانم كێشه وگرفتی زۆریان هه‌یه و ژماره‌یه‌كی زۆری قوتابیان له یه‌ك پۆلدا ده‌خوێنن و ڕۆژانه سێ شه‌فت، ده‌وامیان تێدا ده‌كرێت. هه‌ر بۆیه‌ش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و بارگرانییه و باشتركردنی دۆخی قوتابخانه‌كانمان، بودجه‌یه‌كی تایبه‌تمان ته‌رخان كردووه بۆ دروستكردنی قوتابخانه‌ی نوێ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و قوتابخانانه‌ی پێویستن.
له بواری چاكسازی له كه‌رتی په‌روه‌رده‌شدا، له ڕێگه‌ی ئه‌لیكترۆنییه‌وه، قوتابخانه و قوتابی و مامۆستاكان به یه‌كه‌وه ده‌به‌ستینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی ڕوونتر، په‌یوه‌ندییان به یه‌كه‌وه هه‌بێت.
داهاتووی منداڵه‌كانمان به خوێندن و په‌روه‌رده‌وه به‌نده، بۆیه گرنگییه‌كی تایبه‌تی پێ ده‌ده‌ین. چاوه‌ڕوانیمان له خاوه‌نكار و كۆمپانیا خۆماڵییه‌كان هه‌یه، كه هاوكاریی زیاتری كه‌رتی په‌روه‌رده بكه‌ن و له هه‌ڵمه‌تی دروستكردنی قوتابخانه له سه‌رانسه‌ری هه‌رێم به‌شدار بن.
هاووڵاتییانی به‌ڕێز
بۆ ڕێزگرتن له قوربانیدانی پێشمه‌رگه و كه‌سوكاری شه‌هیده‌كانمان، ڕه‌زامه‌ندیمان له سه‌ر خه‌رجكردنی هاوكارییه‌ك داوه بۆ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی شه‌ڕی دژ به تیرۆریستانی داعش. هه‌روه‌ها به‌رده‌وام ده‌بین له پشتیوانیكردنی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و هێزه‌كانی ئاسایش و خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و برینداره‌كانمان.
به پێی تواناش هاوكاری پێویست پێشكه‌شی ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ین كه خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن، یان ئه‌وانه‌ی شایسته‌ی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تین. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستا پشتیوانیی دارایی پێشكه‌شی ده‌یان هه‌زار خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت ده‌كات و له دوا هه‌نگاویشدا، دوای پێداچوونه‌وه، یارمه‌تیی دارایی بۆ زیاتر له دوازده هه‌زار كه‌سی دیكه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت گه‌ڕانده‌وه، كاریش ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و یارمه‌تییه ته‌نیا خه‌ڵكی شایسته لێی سوودمه‌ند ببن.
هاووڵاتیانی به‌ڕێز
هه‌رچه‌نده له سه‌د ڕۆژی كاركردنماندا ده‌سكه‌وتی باش به‌ده‌ست هاتوون. به‌ڵام هێشتا كاری زۆرمان له پێشه. تا ئێستا داموده‌زگاكانی حكومه‌ت له ئاستی ویستی ئێمه‌دا چالاك و به‌رهه‌مدار نین، ده‌كرێ زۆر كاراتر و به‌رهه‌مدارتر، توانا مرۆڤی و ماددیه‌كانمان به‌كار بهێنین.
ئامانجمان كوردستانێكی به‌هێزتر و سه‌قامگیرتر و گه‌شه‌سه‌ندووتره. كوردستانێك كه په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگی ئاشتیانه‌ی له گه‌ڵ دراوسێكان هه‌بێ و جێی متمانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش بێت.
خوازیارم به پشتیوانی خوای گه‌وره و ئێوه‌ی به‌ڕێز، بتوانین ئه‌م ئامانجه به‌دیبهێنین .
له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، خه‌ڵكی ئێمه دووچاری بارودۆخێكی زۆر سه‌خت بوونه‌وه و زۆر ئازایانه‌ش به‌رگه‌ی ئه‌و ڕۆژه سه‌ختانه‌یان گرت. بۆیه ئێمه له كاتێكدا ڕێز و پێزانینی تایبه‌تمان هه‌یه بۆ ئه‌و قوربانیدان و ئارامگرتنه‌تان، پێمانوایه ئێوه شایانی ژیان و گوزه‌رانێكی باشترن. ئێوه شایسته‌ی حكومه‌تێكی كارامه و چالاكن، كه بتوانێت خزمه‌تێكی شایسته‌تان پێشكه‌ش بكات. ئێمه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ خزمه‌تكردنی ئێوه.
هاووڵاتیانی به‌ڕێز، لایه‌نه سیاسییه به‌ڕێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان...
خۆشبه‌ختانه كه‌شێكی له بار‌مان ڕه‌خساندووه كه هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش له نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی و ده‌سته سه‌ربه‌خۆكان هه‌یه. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ئه‌رێنی هه‌بووه له سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه یاسایی و كارگێڕییه‌كان، له ناو هه‌رێمی كوردستاندا.
حكومه‌تی هه‌رێم هی هه‌موو هاووڵاتیانه، به ته‌نیا هی تاكه كه‌سێك و یان چه‌ند حیزبێك نییه، بۆیه چاوه‌ڕوانین هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم له به‌هێزكردنی ئه‌م حكومه‌ته پاڵپشتمان بن. له كاره باشه‌كان هانده‌رمان بن و هه‌ڵه‌كانمان بۆ ده‌ستنیشان بكه‌ن.
دۆخی ناوچه‌كه وا ده‌خوازێت، كه هه‌موومان ته‌با و یه‌كگرتووتر بین. چه‌ند جیاوازی و بۆچوونی جیامان هه‌بێت، پێویسته له ئاست به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتیمانییه‌كان یه‌كریز بین.
له جیاتی له‌مپه‌ر خستنه به‌رده‌م یه‌كتری و دڵه‌ڕاوكی و نیگه‌رانی دروست كردن بۆ هاووڵاتیان، با وزه و تواناكانمان و كاتمان بۆ پێشخستنی نیشتمان و خزمه‌تی هاووڵاتیان ته‌رخان بكه‌ین.
له كۆتایی ئه‌م وته‌یه‌مدا، ڕایده‌گه‌یه‌نم كه ڕاپۆرتێكی وردی كار و ده‌سكه‌وته‌كانی گشت وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت ئاماده‌كراوه، كه له ڕێگه‌ی میدیاكانه‌وه، ده‌خرێته به‌ر دیده‌ی هاووڵاتیانی خۆشه‌ویستمان.
سوپاس بۆ خۆڕاگریتان.. سوپاس بۆ هاوكاریتان.
هه‌ر شاد و سه‌رفراز بن
كوردستانیش ئاوه‌دانتر و به‌هێزتر بێت.