عێراق.. خۆپێشاندانەكان ئامادەسازی بۆ سەرژمێری دانیشتوان پەك دەخەن

:: PM:10:37:07/12/2019 ‌

تا ئێستە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا رێككەوتنی كۆتایی لەسەر پرسی سەرژمێری گشتی دانیشتوان نەكراوە و ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حكوومەتی عێراق ئەوەندە كێشەی زۆرە كە هیچ كارێكی بۆ سەرژمێری نەكردووە.
پرۆسەكە پێویستی بە پارە هەیە و تا ئێستە هیچ بڕە پارەیەك ڕەوانەی هەرێم نەكراوە
ئەمڕۆ شەموو عەبدوڕەزاق محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پرسی سەرژمێری تا ئێستە لە نێوان هەرێم و بەغدا رێككەوتنی كۆتایی لەسەر نەكراوە، ئەو رێككارانەی پێویست بووە بگیرێنە بەر بۆ ئامادەسازییەكان تا دڵنیایی بدرێت لە بابەتی جێبەجێكردن و ئاساییكردنی ناوچەكانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی كوردستان، هیچی جێبەجێ نەكراوە.

زیاتر گوتی، تا ئەوانەی پێوەستن بە هەرێمی كوردستان ئاسایی نەكرێنەوە، هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم ناچنە ژێر پرۆسەی سەرژمێری و لە بەغداش دۆخەكە باش نییە، بەڵام كۆبوونەكانی هەردوو شاندی هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو پرسە بەردەوامن، تا ئەو كاتەی هەموو مافەكانی كورد یەكلا دەكرێنەوە كە گرنگترینیان مادەی 140 و ئاساییكردنەوەی ناوچەكانی تر بۆ ئەوەی خواستەكان بەرهەمدار دەبن.

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان روونی كردەوە، ئەو پرۆسەیە پێویستی بە تەرخانكردنی پارە هەیە، بەڵام تا ئێستە پارە ڕەوانەی هەرێم نەكراوە و ناشزانین بڕی ئەو پارەیەی كە تەرخان كراوە چەندە، هەركات پرۆسەكە بڕیاری لەسەر درا، بابەتی پارە دەبێتە دوایین شت، سەرەتا دەبێت بگەینە رێككەوتن.

لای خۆیەوە شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی نەهاتنی پڕۆژەی بودجەوە، نازانین ئایا پارە بۆ سەرژمێری تەرخان كراوە یان نا، هەروەها لەسەر حكوومەت و سەرۆك وەزیرانی نوێ كەوتووە ئایا مەیلی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دەبێت یان نا.

زیاتر گوتی، پرۆسەكە لە ئامادەسازیدایە، بەڵام بەهۆی كێشەكانی ئێستەی حكومەت كە دۆخەكە باش نییە، هیچ هەنگاوێك بۆ ئەوە نەنراوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل