لە ڕووداوێكی هاتوچۆ باوك و كوڕێك گیانیان لە دەست دا

:: AM:08:23:08/12/2019 ‌
لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا باوك كوڕێك گیانیان لە دەست دا و دوو كەسی تریش برینداربوون كە دانیشتووی شارەدێیەكی هەولێرن.

ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی كانوونی یەكەم، لە راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی كۆیە ئاشكرا كراوە، شەوی ڕابردوو لەسەر ڕێگای سەرەكی (سێگردكان - قوشتەپە) بەهۆی ڕووداوێكی هاتوچۆ كوڕ و باوكێك گیانیان لەدەستداوە و دوو كەسی دیكەش برینداربوون.

دووكەسەی گیانیان لەدەستداوە دانیشتوی شارەدێی سێگردكانن 
لە ڕاگەیەندراوەكە باس لەوەكراوە، رووداوەكە بەهۆی پێكدادانی دوو ئۆتۆمبێلەوە بووە و ئەو دووكەسەی گیانیان لەدەستداوە دانیشتوی شارەدێی سێگردكانن و لەكاتی گەڕانەوەیان لە شارەدێی تەقتەق تووشی ئەو ڕووداوە بوون. 

باس لەوەشكراوە، لە ئێستەدا لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە و پەراوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە.

ئەو ڕووداوە لە كاتێكە ساڵانە زیاتر لە 10 هەزار ڕووداوی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان ڕوودەدات و بەو هۆیەوە زیانی زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلار لە هاووڵاتییان دەكەوێت، بە گوتەی بەرپرسانی هاتوچۆش بەشی زۆری ڕووداوەكان بەهۆی پاپەند نەبوونە بە ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ.



وشە - رامیار جەواد