بۆ ڕۆژی 17ـی ئەم مانگە چەند چالاكییەكی گرنگ بەڕێوە دەچن

:: AM:10:06:08/12/2019 ‌
بڕیارە ڕۆژی 17ـی كانوونی یەكەم چەند چالاكییەك لە ناوەندەكانی خوێندن لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچن و ئامادەكارییەكان لە قوتابخانەكان و ناوەندەكانی پەروەردە دەستیان پێ‌ كردووە.

ڕۆژی ئاڵای كوردستان لە قوتابخانەكان بەرز ڕادەگیرێت
ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی كانوونی یەكەم، نەوزاد عەبدوڵا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەروەردەی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕۆژی ئاڵای كوردستان لە قوتابخانەكان بەرز ڕادەگیرێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەروەردەی هەولێر گوتی، ئەو ڕۆژە ڕۆژێكی گرنگە بۆ هەمووان و ئەو یادە وەك چەند ساڵەی تر دەكرێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە ناوەندەكانی پەروەردەش ئاگەداری بۆ قوتابخانەكان چووە ئامادەكاری بكەن بۆ یادكردنەوەی ئەو ڕۆژە و قوتابیانیش سەر پشك دەكرێن بە جلوبەرگی نەتەوەیی ئەو ڕۆژە دەوام بكەن.

ڕۆژی 17ی كانوونی یەكەم، بە ڕۆژی ئاڵای كوردستان ناسێنراوە، لە ساڵی 2009دا پەرلەمانی كوردستان بڕیاری دا كە ڕۆژی ١٧ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی ئاڵا دیاری بكرێت و لەو ڕۆژەدا سەرجەم ئاڵاكانی سەر داودەزگاكانی هەرێمی كوردستان بێنە گۆڕین و نوێ بكرێنەوە. هۆكاری دانانی ئەم ڕۆژەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە 17ی كانوونی یەكەمی 1947 ئاڵای كوردستان لەسەر داودەزگاكانی كۆماری مەهاباد هەڵكرا.




وشە - رامیار جەواد