14 مانگ به‌سه‌ر ته‌مه‌نی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا تێپه‌ڕیوه و ته‌نیا یاسایه‌ك ده‌ركراوه، ده‌بوو زیاتر له 100 كۆبوونه‌وه ئه‌نجام بدرێت، كه‌چی نه‌گه‌یشتووه‌ته 25 كۆبوونه‌وه، ئه‌گه‌رچی ده‌بوو حكوومه‌ت 18 پڕۆژه‌یاسا بۆ په‌رله‌مان ره‌وانه بكات، ئه‌وه‌یش نه‌كراوه. به‌ڵام نایشارێته‌وه "په‌رله‌مان له ده‌ركردنی یاسا زۆر خراپ بووه".
دكتۆر رێواز فایه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مانی كوردستان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه و زۆر پرسی تریش ده‌داته‌وه. فایه‌ق رای ده‌گه‌یه‌نێت "نامانه‌وێ سه‌نگه‌ر له حكوومه‌ت بگرین، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێ هاوئاهه‌نگ بین بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان". ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌ش له لیژنه‌كانی په‌رله‌مان ده‌گرێت كه وه‌ك پێویست چالاك نین.
به دروستی له خولی به‌هاره و پایزه به هه‌ردوو خول زیاتر له 21 دانیشتنی په‌رله‌مان كراوه، له‌م ماوه‌یه‌دا سێ یاسا په‌سند كراوه و 12 بڕیار ده‌رچووه، له‌و سێ یاسایه یه‌كیان پێوه‌ندی به خه‌ڵك هه‌بوو كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێم ره‌ت كراوه‌ته‌وه. له‌و دۆخه رازین؟
هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر خولێكی په‌رله‌مانی و وه‌رزێكی یاسادانان، له‌سه‌ر بنه‌مای په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه و ژماره‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی په‌سه‌ندی ده‌كات، له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی چاودێری حكوومه‌ته كه په‌رله‌مانتار و لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه، به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان و پێڕه‌وی ناوخۆ، ده‌بێ له 15ـی ئۆكتۆبه‌ری هه‌موو ساڵێك بگاته په‌رله‌مان، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی تا ئێسته نه‌گه‌یشتووه، به پشتبه‌ستن به ماده‌ی 98ـی پێڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، نووسراومان ئاراسته‌ی حكوومه‌ت كردووه و پێمان ڕاگه‌یاندوون واده‌ی ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه زۆری به‌سه‌ردا چووه و به‌پێی یاسا ده‌بێ بینێرن، هه‌رچه‌نده ره‌نگه هۆی نهناردنهكهی تا ئێسته پێوه‌ندی به یه‌كلابوونه‌وه‌ی چاره‌نووسی گفتوگۆكان هه‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا.
له‌سه‌ر بنه‌مای كارنامه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوی حكوومه‌ت، ده‌بوو یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و كابینه‌یه ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه بێت له‌كاتی خۆی، بۆ كردهنیكردنی یه‌كێك له دروشمه‌كانی كابینه‌كه كه چاكسازییه .
تا ئێسته ئه‌ندامانی په‌رله‌مان زیاتر له ۱۸٠ پرسیاریان ئاراسته‌ی حكوومه‌ت كردووه و ۸٦یان وه‌ڵام دراونه‌ته‌وه
خاڵی دووه‌م پێوه‌ند به چاودێریی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و لیژنه‌كان بۆ كاره‌كانی حكوومه‌ت، تا ئێسته ئه‌ندامانی په‌رله‌مان زیاتر له ۱۸٠ پرسیاریان ئاراسته‌ی حكوومه‌ت كردووه و ۸٦ پرسیاری وه‌ڵام دراونه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی پێڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، ده‌بێ پرسیاری په‌رله‌مانتار له 21 رۆژدا وه‌ڵام بدرێنه‌وه، به‌ڵام نزیكه‌ی ۷٠ پرسیاریان ئه‌و ماوه‌یه‌ی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه و حكوومه‌ت وه‌ڵامی نه‌داونه‌ته‌وه. داوامان له سكرتێری په‌رله‌مان كردووه نووسراوێكی تری دووپاتكردنه‌وه بۆ حكوومه‌ت بكات تا له كاتێكی زۆر نزیكدا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی تریش بداته‌وه، چونكه پرۆسه‌ی چاودێری له بنه‌ڕه‌تدا به پرسیار و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیار ده‌ست پێ ده‌كات، بۆیه ئه‌و ژماره پرسیاره‌ی وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه، راستییه‌كه‌ی پرۆسه‌ی چاودێری په‌ك ده‌خات.
دوای ئه‌و نووسراوه ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت هه‌ر وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه، ئه‌وا له ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان نامێنێت، له‌م كاته‌دا ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بۆ ده‌ستكه‌وتنی وه‌ڵامه‌كانیان، ده‌توانن بچن بۆ بابه‌تی پرساندن و بانگهێشتی وه‌زیره‌كان بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیان، به‌ڵام تا ئێسته هیچ په‌رله‌مانتارێك داوای پرساندنی وه‌زیره‌كان و حكوومه‌تی نه‌كردووه، به بڕوای خۆم هێشتا زووه بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه، چونكه زۆر نییه وه‌زیره‌كان ده‌ستبه‌كارن، به‌ڵام ده‌بێ كاراتر بن له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری په‌رله‌مانتاران.
پێوه‌ند به ده‌ركردنی یاسا و بڕیار كه یه‌كێكه له بنه‌ماكانی هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌رزی یاسادانان، تا ئێره زۆر خراپ بووه، چونكه وه‌رزی به‌هاره سه‌رباری ناكۆكییه سیاسییه‌كان، په‌رله‌مان سه‌رقاڵ بووه به كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، متمانه‌دان به كابینه‌ی حكوومه‌ت، درێژكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و رێكخستنه‌وه‌ی هه‌ندێك پرسی پێوه‌ند به په‌رله‌مان، ئه‌مانه‌یش ئه‌ركی په‌رله‌مانین و خستنه‌سه‌ر پێی دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمن كه نابێ نادیده بگیرێن و هه‌ژمار نه‌كرێن.
كاتێك ئێمه سه‌رۆكی په‌رله‌مانمان وه‌رگرت، ژماره‌یه‌كی زۆر پێشنیازه یاسا و بڕیار له وه‌رزی پێشتر له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه پێشكه‌شی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كرابوون كه هیچ كارێكیان له‌سه‌ر نه‌كرابوو. سه‌ره‌تا ئه‌و پڕۆژانه‌ی كێشه و كه‌موكوڕی ڕواڵه‌تییان هه‌بوو، ناردمانه‌وه بۆ خاوه‌نه‌كانیان تا چاكی بكه‌ن، ئه‌وانه‌یشی ڕه‌هه‌ندی داراییان هه‌بوو، به‌گوێره‌ی ماده‌ی 79ـی پێڕه‌وی ناوخۆ ناردمان بۆ حكوومه‌ت، ئه‌وانه‌ی تریش خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ كراوه و دابه‌شی سه‌ر لیژنه‌كان كراون تا راپۆرتی خۆیانی له‌سه‌ر ئاماده بكه‌ن، ئێسته هیچ پێشنیازێك لای سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان نه‌ماوه.
له دانیشتنی داهاتوودا راپۆرتێك له په‌رله‌مان بۆ رای گشتی ده‌خوێنینه‌وه، ناوی ئه‌و لیژنانه ده‌هێنین كه كه‌مته‌رخه‌م بوونه
دوای خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م ده‌ب
ێ لیژنه‌كان له ماوه‌ی 21 رۆژدا راپۆرتی خۆیانیان له‌سه‌ر بنووسن كه به‌شی زۆریان نهیاننووسیوه، بۆیه له دانیشتنی داهاتوودا راپۆرتێك له په‌رله‌مان بۆ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و رای گشتی ده‌خوێنینه‌وه، ناوه‌كانیشیان ده‌هێنین كه كامانه‌ن ئه‌و لیژنانه‌ی كه‌مته‌رخه‌م بوونه له نووسینی راپۆرت له‌سه‌ر پێشنیازه‌كان، چونكه كاری په‌رله‌مانی كاری ده‌سته‌جه‌معییه و كه‌س به‌ته‌نیا كاری پێ ناكرێت.
لیژنه هه‌یه سێ مانگه پڕۆژه‌ی ئاراسته كراوه و یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌كردووه
كه‌واته مه‌به‌ستته بڵێی له ئه‌دای خۆتان وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان رازین؟
به‌ڵێ، من ئه‌وه به ژماره ده‌سه‌لمێنم، هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ی هاتوونه‌ته سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌یان بۆ كراوه، تۆپه‌كه له گۆڕه‌پانی لیژنه‌كانی په‌رله‌مانه كه راپۆرتیان نه‌نووسیوه، بۆیه ئێمه‌ش ناویان ده‌هێنین، لیژنه هه‌یه سێ مانگه پڕۆژه‌ی ئاراسته كراوه و یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌كردووه، لیژنه هه‌یه له بواری چاودێریی كارایه و له بواری كاری یاسایی كارا نییه، لیژنه‌یش هه‌یه له هه‌ردوو بواردا پێویستی به به‌خۆداچوونه‌وه‌یه كه به بڕوای ئێمه به تێپه‌ڕبوونی كات و وه‌رگرتنی ئه‌زموونی زیاتر، ئه‌م كێشانه هه‌مووی چاره‌سه‌ر ده‌بن و له دڵسۆزی و خه‌مخۆریی په‌رله‌مانتاران هیچ گومان و دوودڵییهكمان نیه.
به‌ڵام به‌گشتی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر راپۆرتی لیژنه‌كانی له به‌رده‌ست نه‌بێت، ناتوانێ به‌رنامه‌ی كاری كۆبوونه‌وه دابنێت، كۆبوونه‌وه به‌پێی پێڕه‌و بێ به‌رنامه‌ی كار ئه‌نجام نادرێت.
به‌گوێره‌ی پێڕه‌وی ناوخۆ كه هه‌فتانه په‌رله‌مان ده‌بێ دوو دانیشتن بكات، ده‌بوو تا ئێسته زیاتر له 100 دانیشتنی په‌رله‌مان بكرایه، به‌ڵام ته‌نیا 21 دانیشتن كراوه، ئه‌مه بۆچی؟
باسی رابردوو ناكه‌م له خولی به‌هاره، كه بوومه سه‌رۆكی په‌رله‌مان دوو مانگ پشوو بوو، له‌م ماوه‌یه‌ی تریش كه دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان كه‌م بووه، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه لیژنه‌كانی په‌رله‌مان راپۆرتیان ئاماده نه‌بووه، چونكه دانیشتن له‌پێناو دانیشتن ناكرێت، به‌ڵكو بۆ ده‌ركردنی یاسا، بڕیار، خوێندنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاسا، چاودێری و پرسینه‌وه ده‌كرێت، هه‌ر راپۆرت ئاماده بێت دانیشتن ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لیژنه‌كان راپۆرتیان ئاماده نه‌بێت، چی بكه‌ین.
كه‌واته چ رێكارێك ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی لیژنه‌كان ناچار بكه‌ن؟
رێكاری تر ده‌گرینه به‌ر، به‌ڵام ره‌چاوی ئه‌وه‌مان كردووه ئه‌مه ساڵی یه‌كه‌می په‌رله‌مان و وه‌رزی دووه‌می یاسادانانه، هاوكات لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانیش هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێسته به‌ته‌واوی جێگیر بوون چونكه پێڕهومان هه‌موار كرده‌وه، په‌رله‌مانتارانیش مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه ده‌رفه‌تی زیاتریان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموون وه‌ربگرن، به‌ڵام دواجار ره‌خنه ئاراسته‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت، یه‌كه‌م كه‌س سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌گرێته‌وه ئینجا په‌رله‌مانتار.
ئێمه به‌گوێره‌ی پێڕه‌وی ناوخۆ پابهندییهكمان هه‌یه كه ناتوانین خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ هیچ پڕۆژه‌یه‌ك بكه‌ین ئه‌گه‌ر ره‌هه‌ندی دارایی هه‌بێت بێ ره‌زامه‌ندی حكوومه‌ت، هه‌ندێك له‌وانه‌ی پێوه‌ندی به حكوومه‌ته‌وه هه‌یه، وه‌زیری دارایی وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌ڵێ وه‌ڵامی وه‌زیر بێ راوێژ بووه به ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، بۆیه پێویسته جارێكی تر پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین، له‌وانه پێشنیازه یاسای به هه‌میشه‌ییكردنی گرێبه‌سته‌كان.
وه‌ك ئه‌وه‌ى ویستى خه‌ڵك و ئێمه‌یه، حكوومه‌ت هاوئاهه‌نگ نه‌بووه له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان
مه‌به‌ستته بڵێی حكوومه‌ت هاوئاهه‌نگ نییه؟
وه‌ك ئه‌وه‌ی ویستی خه‌ڵك و ئێمه‌یه هێشتا نه‌خێر، ره‌نگه ئه‌وه‌ش پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بێت حكوومه‌ت سه‌رقاڵی
خۆڕێكخستنه‌وه و پێوه‌ندییه‌كانیه‌تی له‌گه‌ڵ به‌غدا، جگه له‌مه كه وه‌رزی یاسادانانی دووه‌م ده‌ستی پێ كرد، نزیكه‌ی مانگێك وه‌ستاین تا حكوومه‌ت ئه‌و پڕۆژانه بنێرێت له كارنامه‌ی خۆیدا رای گه‌یاند كه ژماره‌یان 18 پڕۆژه‌یه، به‌ڵام ته‌نیا پڕۆژه‌یاسای ماده هۆشبه‌ره‌كانی ناردووه، كه‌واته حكوومه‌ت یه‌ك پڕۆژه‌ی ناردووه.
كه‌واته كه پێڕهوتان هه‌موار كرد، بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌تان بۆ خۆتان دروست كرد؟ بۆ كاتتان بۆ حكوومه‌ت ده‌ستنیشان نه‌كرد له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ی ره‌هه‌ندی داراییان هه‌یه؟
ئه‌وه خاڵه‌كه‌یه، ده‌بوو له هه‌مواری پێڕه‌وی ناوخۆ ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕووی كاتی وه‌ڵامدانه‌وه‌مان حكوومه‌ت ده‌ستكراوه نه‌بێت، به‌ڵكو ده‌بوو كات بۆ حكوومه‌ت دیاری بكرایه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به به‌ڵێ یان نه‌خێر. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی كه‌می ده‌ركردنی یاسا كه زۆر له پڕۆژه‌كان ره‌هه‌ندی داراییان هه‌یه، له‌وانه پێشنیازی پێدانه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی خوێندكاران كه ره‌ت كراوه‌ته‌وه، پێشنیازی دووباره ده‌ستكردنه‌وه به پێدانی پێشینه‌ی خانووبه‌ره و قه‌رزی بچووك كه حكوومه‌ت ره‌تی كردووه‌ته‌وه به پاساوی ئه‌وه‌ی ئێسته به‌رچاوی له‌باره‌ی داهاتی هه‌رێم ڕوون نییه و ناتوانێ پاره‌یان بۆ ته‌رخان بكات، بۆیه به‌شی زۆری پڕۆژه‌كانی په‌رله‌مانتاران ره‌هه‌ندی داراییان هه‌یه و حكوومه‌ت ره‌تی ده‌كاته‌وه، كه‌واته په‌رله‌مان چی بكات به یاسا.
تاكه‌ی چاوه‌ڕوانی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن تا ئه‌و 18 پڕۆژه‌یه‌تان بۆ بنێرێت؟
ناوه‌ستین و ده‌ستمان به كار كردووه، زۆر پڕۆژه له لیژنه‌كانن تا راپۆرتیان له‌سه‌ر بنووسرێت، كه‌ی حكوومه‌تیش پڕۆژه‌ی نارد بۆ په‌رله‌مان، ده‌یخه‌ینه كارنامه.
كه‌واته ئه‌و پڕۆژانه‌ی ره‌هه‌ندی داراییان هه‌یه له په‌رله‌مان ده‌رناچێت تا حكوومه‌ت ره‌زامه‌ند نه‌بێت؟
ئه‌مه بنه‌مایه‌كی ده‌ستووری و یاساییه، په‌رله‌مان یاسا و بڕیار په‌سه‌ند ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت ڕه‌زامه‌ند نه‌بێ پاره‌ی جێبه‌جێكردنی دابین بكات، یاسا بۆ ده‌ربچێت.
بڕیارمان داوه له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت هاوئاهه‌نگ بین نه‌ك سه‌نگه‌ری لێ بگرین
به‌ڵام ماوه‌ی ساڵێكه یه‌ك یاساتان ده‌ركردووه، ده‌ستی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه به‌ستراوه؟
بڕیارمان داوه له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان هاوئاهه‌نگ بین نه‌ك سه‌نگه‌ری لێ بگرین، به فه‌رمیش نه‌یانگوتووه هیچ مه‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌شیان نییه به ئێمه بڵێن هیچ مه‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه ده‌رفه‌تمان پێ داون ب
ۆ ئه‌وه‌ی زه‌وینه‌ی یاسایی بۆ جێبه‌جێكردنی كارنامه‌كه‌ی حكوومه‌ت بڕه‌خسێت كه دواجار كارنامه‌یه‌كی په‌سه‌ندكراوی زۆرینه ڕه‌های په‌رله‌مانه.
ئه‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی یاسای زێده‌ڕۆیی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێم؟
پێوه‌ندی به هه‌ندێ ده‌سته‌واژه هه‌یه كه داوای گۆڕینی كردووه، ده‌توانین له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ئه‌وه بكه‌ین.
باسی ئه‌وه‌تان كرد حكوومه‌ت سه‌رقاڵی پێوه‌ندییه‌كانیه‌تی له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڵام به بڕیاری ژماره یه‌كی په‌رله‌مان له ساڵی 2005، په‌رله‌مان مه‌رجه‌عه، كه‌واته ئێوه له كوێی ئه‌و دانوستاندن و رێككهوتنانهن؟
ئێمه وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی ئاگاداری هه‌نگاوه‌كانی دانوستاندن و كۆبوونهوهكانین و به‌رده‌وام دووپات‌مان كردووه‌ته‌وه كه هانده‌ری گفتوگۆی بنیاتنه‌رین، پشتیوانی سیاسی شاندی دانوستانكاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانین، به مه‌رجێك دانوستانێكی شه‌فاف و هاوسه‌نگ و له به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان بێت، چونكه هاوئاهه‌نگی و پێوه‌ندییه‌كی ته‌ندروستمان هه‌یه، په‌رله‌مان له پرسه چاره‌نووسسازه‌كان مه‌رجه‌عه، به‌ڵام له پێوه‌ندی نێوان دوو حكوومه‌ت كه ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه، پێوه‌ندی به حكوومه‌ته‌وه هه‌یه و له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی دانوستان ده‌كات نه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌رله‌مانی كوردستان بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی شاندی دانوستانكاری حكوومه‌ت له دانوستانه‌كان، شاندی ناردووه‌ته به‌غدا و لێره‌ش پشتیوانی سیاسیی خۆمان بۆ ماف و شایسته‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتیی عێراق دووپات كردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یشمان به سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتووه ئه‌وكاته‌ی سه‌ردانی هه‌ولێری كرد.
هه‌ر كاتێكیش رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق كرا یان پێش ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌یش، به‌شێوه‌ی فه‌رمی مافی په‌رله‌مانتارانی كوردستانه داوا بكه‌ن ئاگاداری رێككه‌وتنه‌كه هه‌بن، ئێمه‌ش ئه‌وكات داوا له حكوومه‌ت ده‌كه‌ین بێته په‌رله‌مان و زانیاری به په‌رله‌مانتاران و لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كان بدات.
ساڵێكه هیچ وهزیرێكتان بانگ نه‌كردووه، ته‌نیا یه‌ك وه‌زیر به ویستی خۆی ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بووه، وایه؟
چه‌ندان وه‌زیر به‌شدارییان له دانیشتنی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان كردووه، هاتنی وه‌زیریش بۆ دانیشتنی په‌رله‌مان له‌سه‌ر داوای په‌رله‌مانتار ده‌بێ كه داوایان نه‌كردووه.
داوای هاتنی وه‌زیری دارایی كراوه بۆ لیژنه‌ی دارایی و ئابووری، ئه‌ویش ده‌ڵێ ته‌نیا ده‌توانم باسی ئه‌و 350 ملیار دیناره بكه‌م كه بۆ مووچه وه‌ری ده‌گرین له حكوومه‌ت. وه‌زیری دارایی به ته‌له‌فۆن پێی گوتین كه ئاگاداری هه‌موو داهاتی نه‌وت نییه، بۆیه ده‌بێ ئاشتی هه‌ورامیی له‌گه‌ڵ بێت كه دێته په‌رله‌مان تا وه‌ڵامی په‌رله‌مانتاران بداته‌وه، بۆیه داوا كراوه تیمێك له حكوومه‌ته‌وه بێته لیژنه‌كان و زانیاری بداته ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر داهاتی نه‌وت.
یه‌ك جاریش داوا كراوه ئه‌نجوومه‌نی نه‌وت و گاز بێته په‌رله‌مان كه نه‌هاتووه، تا ئێسته حكوومه‌ت وه‌ڵامی داواكه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه، ره‌نگه پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بێت كه هێشتا ئه‌نجوومه‌نه‌كه خۆی كۆ نه‌بووه‌ته‌وه.
یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی په‌رله‌مان ئه‌وه‌یه حكوومه‌ت بودجه‌ی بۆ بنێرێت، له 2013ـه‌وه بودجه بۆ په‌رله‌مان نه‌هاتووه‌ته ناردن، ئایا ده‌كرا به‌یانی كۆتای خه‌رجییه‌كان بۆ په‌رله‌مان بنێرن؟
وه‌ك گوتم داوامان كردووه بۆ ئه‌مساڵ، به‌ڵام به‌یانی دارایی 2014، 2015 و 2016 بۆ په‌رله‌مان هاتووه، ئه‌وانی تریش پێویسته لیژنه‌ی دارایی داوای بكات، بۆیه باشتره له لیژنه‌كه بپرسی ئایا داوایان كردووه؟ هه‌رچه‌نده ڕاستییه‌كه‌ی به‌یانی دارایی ناتوانێ جێی یاسای بودجه و ژمێره‌ی كۆتا بگرێته‌وه.
كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان هه‌یه بۆ نایكه‌ن؟
ره‌نگه له داهاتوودا بیكه‌ن تا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ده‌ست بكه‌وێت.
هه‌ست ده‌كرێت هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك هه‌یه، ئه‌مه‌ش چه‌قبه‌ستنێكی له ژینگه‌ی سیاسی دروست كردووه، پێت وایه ململانێی نێوان هێزه‌كانی پێكهێنه‌ری حكوومه‌ت كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئه‌دای په‌رله‌مان دروست كردووه؟
ئه‌و حزبانه‌ی به‌یه‌كه‌وه حكوومه‌تیان پێكهێناوه، ده‌مانه‌وێ جۆرێك له متمانه له نێوانمان دروست بێت، به‌ڵام ئه‌و متمانه‌یه نابێ له‌سه‌ر تهمبهڵكردن و ئیفلیجكردنی په‌رله‌مان بێت، تا ئێسته كه قسه ده‌كه‌ین ئه‌و هه‌ڵوه‌سته كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر كاری په‌رله‌مانی و په‌رله‌مانتاران.
رهنگدانهوهكه له‌وه بووه زۆرجار هه‌بووه هه‌ڵوێسته‌یان كردووه له بانگهێشتی وه‌زیرێك كه وا بكه‌وێته‌وه بۆ تێكدانی پێوه‌ندی و متمانه‌یه، له كاتێكدا له سه‌ردانمان بۆ لای سه‌رۆكی حكوومه‌ت وا رێككه‌وتین هیچ وه‌زیرێك پارێزراو نییه، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش هه‌مان بۆچوونی هه‌یه، به‌ڵام له ماوه‌ی ئه‌و چوار مانگه ناكرێ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاری وه‌زیرێك بكه‌ی كه هێشتا فریای رێكخستنه‌وه‌ی ناوخۆی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی نه‌كه‌وتووه، بۆیه ئه‌مه بێویژدانییه‌كی گه‌وره‌یه و چوار مانگ كه‌مه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌زیر، چوار مانگ كه‌مه په‌رله‌مانتار تۆمه‌تبار بكرێت كه ئیشی نه‌كردووه، هه‌ست ده‌كه‌م زووه.
په‌رله‌مان ئاگاداری داهاتی نه‌وت و نانه‌وتی هه‌یه؟
به نافه‌رمی زانیاریمان هه‌یه، به‌ڵام به فه‌رمی نه‌خێر. وه‌زیری دارایی ده‌توانێ زانیاری بداته په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر داهاته نانه‌وتییه‌كان، به‌ڵام په‌رله‌مانتاران داوای هه‌موویان كردووه، بۆیه هه‌وڵ ده‌درێت كه‌سێك له حكوومه‌ت بێته په‌رله‌مان و زانیاری له‌سه‌ر داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتی بداته په‌رله‌مانتاران.
به بۆچوونی من ده‌بێ په‌رله‌مانتاران بانگهێشتی هه‌ردوو كۆمپانیای وردبینی داهاتی نه‌وتیش بكه‌ن، ده‌بێ پێداگری بكه‌ن له بینینی وه‌زیری دارایی و كه‌سێك كه زانیاری له‌سه‌ر داهاتی نه‌وت هه‌بێت، چونكه داهاتی هه‌رێم یه‌كێكه له پرسه هه‌ره گرنگه‌كان كه پێوه‌ندی به خه‌ڵكی كوردستانه‌وه هه‌یه.
چوار ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆ سه‌ر به په‌رله‌مانن و سێیان ماوه‌ی یاساییان ته‌واو بووه و نووسراویشیان بۆ په‌رله‌مان كردووه، كۆمسیۆنیش مانگێكی ماوه و ئه‌ندامێكیشی ده‌ستی له‌كار كێشاوه‌ته‌وه، له‌و رووانه‌وه چیتان كردووه؟
یه‌كه‌م پرس له‌گه‌ڵ جێگر و سكرتێری په‌رله‌مان قسه‌م له‌سه‌ر كرد بابه‌تی ئه‌و سێ ده‌سته‌یه بووه، راسته ئه‌و ده‌ستانه سه‌ربه‌خۆن، به‌ڵام حزبه‌كان كاندیدی بۆ ده‌نێرن، كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌كانیش مافیان هه‌یه داوا پێشكه‌شی په‌رله‌مان بكه‌ن، رێككه‌وتین پرۆسه‌ی گۆڕینه‌كه سه‌رپێ بخه‌ین، مانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستانه به‌مجۆره ڕه‌خنه‌یه‌كی له‌جێی خۆیه‌تی له‌سه‌ر په‌رله‌مان و بیرمان لێ كردووه‌ته‌وه به رێككه‌وتن چاره‌سه‌ری بكه‌ین، ئه‌وه‌ی كۆمسیۆنیش هێشتا كاتی ماوه.
به‌ڵام ئه‌وه چ پێوه‌ندی به حزبه‌كان هه‌یه؟ ئێوه له په‌رله‌مان بۆ ئه‌و بابه‌ته ناكه‌نه رۆژه‌ڤ و چاوه‌ڕوانی حزب نه‌نگی نییه بۆ په‌رله‌مان؟
من مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌مری واقیع ده‌كه‌م، چونكه له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان حزبه‌كانن ده‌نگی بۆ ده‌ده‌ن.
به‌ڵام له‌سه‌ر ئێوه‌یه له دیوه یاساییه‌كه‌ی بیجووڵێنن تا حزبه‌كانیش كاندید بنێرنه په‌رله‌مان؟
بێگومان، هیچ شتێك رێگر نییه له‌وه‌ی رای بگه‌یه‌نین، به‌ڵام له رووی واقیعه‌وه ئه‌وه‌ی ده‌یباته‌وه ئه‌وانه‌ن فراكسیۆنی گه‌وره‌یان له په‌رله‌مان هه‌یه. دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌مه ده‌بێته بابه‌تێكی بنه‌ڕه‌تی كاری په‌رله‌مان.
زۆر له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار ده‌كرێت به یاسای سزادانی عێراقییه، بۆ به‌دواداچوون ناكه‌ن له‌سه‌ر جێبه‌جێ نه‌كردنی یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری و مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری؟
بڕیار بوو سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان و چه‌ند رۆژنامه‌نووسێكی میدیای ئه‌هلی ببینین، به‌ڵام هێشتا ئه‌و ده‌رفه‌ته نه‌بووه، هه‌رچه‌نده سه‌نته‌ری میترۆمان بینیوه و چاوه‌ڕوانین سكاڵایه‌ك بێته په‌رله‌مان، یان ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی به‌و یاسایه سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار كراوه یاداشتێك بنووسن و بیده‌نه سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان تا كاری له‌سه‌ر بكه‌ین.
كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌یاسا هه‌ن پێویستیان به هه‌موار هه‌یه، گرنگترینیان داواكاری گشتییه، بۆ كارتان له‌سه‌ر نه‌كردووه تا داواكاری گشتی بكرێته دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ تا رۆڵی زیاتر ببینێت؟
دوو پێشنیازه یاسا بۆ داواكاری گشتی پێشكه‌ش كراون و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ كراوه، ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی داد و ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریش كراون تا قسه‌ی خۆیانی له‌سه‌ر بكه‌ن.
بڕوای من وایه كابینه‌ی نوێ ئه‌گه‌ر بیه‌وێ چاكسازی بكات، باشترین شت ئه‌وه‌یه داواكاری گشتی سه‌ربه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بێت نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، ئه‌مه‌ش بنه‌مایه‌كی ده‌ستوورییه و له ده‌ستووری عێراق ئاماژه‌ی پێ كراوه. به‌مه‌ش بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌هێزتر ده‌بێت.