بڕی 423 ملیار دینار گەندەڵی كراوە

:: PM:01:59:09/12/2019 ‌
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات بە بەهای 423 ملیار دینار گەندەڵی كراوە و پێویستە هەموو فەرمانبەران لە مەترسییەكانی گەندەڵی بگەن.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی كانوونی یەكەم، ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ میدیاكان گوتی، هەڵمەتەكانی هۆشیاری بەردەوامییان هەبووە بۆ فەرمانبەران و هاووڵاتییان لەبارەی مەترسییەكانی گەندەڵی، تەنانەت هەڵمەتەكانمان ناوەندەكانی پەروەردەشی گرتووەتەوە.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ئاشكرای كرد، پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تەنیا بە یەك لایەن ناكرێت و پێویستە بەهەموو لایەك ڕووبەڕووی ببینەوە تا گەندەڵی بنەبڕ بكرێت.

پێویستە بەهەموو لایەك ڕووبەڕووی ببینەوە تا گەندەڵی بنەبڕ بكرێت
سەرۆكی دەستەی دەستپكای باسی لەوەشكرد، بەپێی ئامارەكان سەرجەم ئەو داوا سزاییانەی لە فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان تۆمار كراوە تا ساڵی 2015 بریتی بووە لە هەزار و 27 داوای سزایی، كە 304 داوا لەژێر لێكۆڵینەوەیە، 299 داوا داخراوە، 103 داوا ڕەوانەكراوە بەپێی تایبەتمەندی جۆری و شوێن، هەروەها 281 داواش ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند كراون.

"لە ساڵی 2015 پارەی گەڕاوە بۆ حكوومەت بریتی بووە لە17 ملیار و 79 هەزار دینار، بڕی پارەی دەست بەسەرداگیراویش بریتی بوو لە دوو ملیار و77 هەزار دینار" ئەحمەد ئەنوەر وای گوت.

سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەکاتەوە، كۆی گشتی بەهای گەندەڵی خەمڵێنراو لە کوردستان بریتی بووە لە 423 ملیار و 29 هەزار دینار.



وشە - رامیار جەواد