ڕەنگە ئەگەر بە ڕوانگەیەکی شاعیرانە لەم
گوتەیە بڕوانین، بڵێین لەوانەیە باسی ئەو شارانە بێت کە کچی جوانیان زۆر تێدایە،
بەڵام بەڕاستی هەندێک شار لەلایەن پسپۆڕانی ژینگەوە بە مەترسی بۆ سەر دڵ هەژمار
کراون، ئەویش لەبەر کچەکانیان نا، بەڵکو لەبەر پیسیی ژینگەکەی.
توێژەران ڕێژەی پیسبوونی ژینگە و
بڵاوبوونەوەی میکربیان بە نەخۆشییەکانی دڵ بەستووەتەوە و لە گۆڤاری وەرزانەی "سيركيوليشن” تایبەت بە بابەتی پزیشکی
بڵاویان کردووەوە و سەرەتا باسی تاقیکردنەوەیەکیان کردووە کە چۆن 26 تەنیا بە مانەوەیان بۆ ماوەی شەش بۆ هەشت سەعات
لە شاری بەیجین پایتەختی چین، ڕێژەی هەوکردنەوە لەسەر شادەمارەکانیان ڕەنگی
داوەتەوە.
خەڵکی چین بەدەست نەخۆشیی دڵەوە دەناڵێنن
ئەوان ئاشکرای دەکەن، خەڵکی ئەو شارە بە تایبەت و چین بەگشتی، بەهۆی
جەنجاڵی و پیسیی ژینگەکەیانەوە، زۆرترین نەخۆشیی دڵیان تێدایە. جێی بیرهێنانەوەشە،
ئەو وڵاتە نزیکی ملیارێک و نیو مرۆڤی تێدا دەژی.
ئەو توێژەرە ئەمەریکییانە، بەراوردێکیان لە نێوان شاری لۆس ئەنجلس و
بەیجین کردووە، دەرکەوتووە پایتەختی چین بە ڕێژەی 371% بە بەراورد بە شارەکەی ئەمەریکا ڕێژەی
پیسبوون تێیدا زیاترە، ئەمەش لەکاتێدایە کە شاری لۆس ئەنجلس یەکێک نییە لە شارە
زۆر خاوێنەکانی دنیا.