پلانێكی 18 مانگی بۆ رووبەڕووبوونەوەی خەتەنەكردن راگەیانرا

:: PM:04:22:15/12/2019 ‌

نەتەوە یەكگرتووەكان  بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەكردنی مێینە لەشاری هەولێر لەكۆنفرانسێك پلانەكەی راگەیاند كە تێیدا هەڵمەتێكی 18 مانگی بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ی كانوونی یەكەم، ئەژی ئەمین بەرپرسی بەرنامەی جێندەر و پەرەپێدانی دانیشتووان لە سندووقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان رای گەیاند، سندووقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی كاروباری خانمان، پلانی نەهێشتنی خەتەنەكردنی مێینە دەست پێ دەكات.

ئەوەیشی گوت، ساڵی رابردوو چەند كۆبوونەوەیەك كرا و چەند ئامارێكمان كۆ كردەوە، لە هۆكارەكانمان كۆڵییەوە بۆ ئەوەی لە كوردستاندا ئەو دیاردەیە نەمێنێت.

زیاتر پێ لەسەر دەوروبەری شارە گەورەكان دادەگرن، چونكە دیاردەكە لەو ناوچانەدا زیاترە

ئەژی ئەمین ئەوەی خستەڕوو پلانێكی 18 مانگی دانراوە لەگەڵ وەزارەتەكانی داد، پەروەردە، ئەوقاف و خوێندنی باڵا بەشدار دەبن. هەریەك لەو وەزارەتانە بەپێی بەركەوتەی خۆی ئەركەكانی خۆی لە پلانەكەی جێبەجێ دەكات.

ئەو بەپرسە گوتی، زیاتر پێ لەسەر دەوروبەری شارە گەورەكان دادەگرن، چونكە دیاردەكە لەو ناوچانەدا زیاترە، هەڵمەتەكەش زیاتر هۆشیارییە و رێكخراوە ناحكوومییەكان بە هەمانشێوە بەشدار دەبن تێیدا، ئەم كۆنفرانسە تەنیا بۆ راگەیاندنی پلانەكەیە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش چاودێری دەكرێت.

بەگوێرەی یاسا لە هەرێمی كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە خەتەنەكردن قەدەغە كراوە و وەك جۆرێك لە توندوتیژی بەرانبەر مێیینە هەژمار دەكرێ‌، بەڵام تا ئێستەیش لە هەندێك ناوچە ئەو توندوتیژییە بەرانبەر مێینە دەكرێ‌.



وشە - زریان تەها