پێشێلكارییەكانی گرتووخانەكانی سلێمانی ئاشكرا كرا

:: PM:01:15:26/12/2019 ‌
ڕێكخراوێكی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای دەكات، لە گرتووخانەكان شوێنی مانەوەی گیراوان زۆر خراپە و لە ژوورێكی 20 كەسی 70 كەس شوێنی كراوەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی كانوونی یەكەم، ڕێكخراوی نیشتمانی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا چەند پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤیان لە گرتووخانەكانی سلێمانی بڵاو كردەوە.

نزیكی 70 كەسی تێدا دادەنێن و لە نزیك حەمام و توالێتەكان دەخەون 
ئەو ڕێكخراوە لە ڕاپۆرتێكی ئاشكرای كرد، بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی سلێمانی جێی تەنیا 250 كەس دەبێتەوە، بەڵام بەردەوام زیاتر لە 400 كەسی تێدا ڕاگیراوە، ئێستەش 480 كەسی تێدایە.

ڕوون كرایەوە، هۆڵەكانی ئەو شوێنە ئەگەر جێی 20 كەس ببێتەوە، نزیكی 70 كەسی تێدا دادەنێن و لە نزیك حەمام و توالێتەكان دەخەون و زۆرجار شەوان تەنیا لەسەر یەكلا دەخەون، هەروەها لە دادگا زۆرینەی دۆسیەكان زیاتر لە ساڵێك دەخایەنێت، لەكاتێكدا پێویستە هەموو دۆسیەیەك لەماوەی شەش مانگدا یەكلا بكرێتەوە.

لە ڕاپۆرتە باس لەوەش كراوە، هەندێك لە تۆمەتبارەكان وەك تۆڵەكردنەوە یان تەمبێكردن لەلایەن دادوەرەكان ڕادەگیرێن، نەك بۆ پێویستی لێكۆڵینەوە.



وشە - رامیار جەواد