عه‌لى شه‌مخانى سكرتێرى گشتى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئێران راى گه‌یاند بۆ توڵه‌كردنه‌وه‌ى كوشتنى قاسم سوله‌یمانى ئێران 13 سیناریۆى ئاماده كردووه.
ماڵپه‌ڕى ئارتى رووسى ئه‌مڕۆ سێشه‌م حه‌وتى كانوونى یه‌كه‌م ئاماژه‌ى بۆ دیمانه‌یه‌كى عه‌لى شه‌مخانى كردووه كه لە لایه‌ن گۆڤارى "حه‌ره‌م"ى ئێران بڵاوكراوه‌ته‌وه، له دیمانه‌كه شه‌مخانى باسى له سیناریۆكانى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌مەریكاى كردووه.
شه‌مخانى: ئه‌مه‌ریكا 19 بنكه‌ى سه‌ربازى له ناوچه‌كه هه‌یه هه‌موویان له ئێمه نزیكن
ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ى ئێران ده‌ڵێ "تۆڵه‌ى تاران بۆ كوشتنى سوله‌یمانى به لێدانى یه‌ك زه‌برى دیاریكراو نابێت".
دواتریش ده‌ڵێ "13 سیناریۆمان بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه له ئه‌مه‌ریكا هه‌یه".
له به‌شێكى تر‌ى دیمانه‌كه‌ى ده‌ڵێ ئه‌مه‌ریكا 19 بنكه‌ى سه‌ربازى هه‌یه 11 له‌وان له ناوچه‌كه‌ن كه ئه‌وانه له سنوورى رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواى ئێمه سه‌ره‌ڕاى هه‌شت بنكه‌ى تری ئه‌مه‌ریكا كه له باكور و باشوورى سنووره‌كانى ئێرانن و دواتر ده‌ڵى هیچ یه‌كێك له بنكه‌كان له هێرشه‌كانى ئێمه دوور نین.
رۆژى هه‌ینى رابردوو له هێرشێكى ئه‌مه‌ریكا قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قی قودسى سوپاى پاسداران كوژرا، به‌رپرسانى ئێران چه‌ند رۆژێكه دووپات له‌سه‌ر تۆڵه‌كردنه‌وه ده‌كه‌نەوە.