چەند پەنابەرێكی هەرێمی كوردستان لە یۆنان خنكان

:: AM:10:17:12/01/2020 ‌
دەزگای لووتكە بۆ كاروباری پەنابەران بڵاوی كردووەتەوە، لە كاتی چوونی ژمارەیەك پەنابەر لە یۆنانەوە بۆ ئیتالیا، یەختەكەیان هەڵدەگەڕێتەوە و ژمارەیەكی زۆریان دەخنكێن و كوردیشی تێدایە.

ئەمڕۆ یەكشەم 12ـی كانوونی دووەم، دەزگەی لووتكە بۆ كاروباری پەنابەرانی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی ژێر ئاوكەوتنی یەختێكی كۆچبەران، زیاتر لە 30 پەنابەر بوون بە قوربانی و ژمارەیەكیش بێسەروشوێن بوونە.

پۆلێك پەنابەر كە بەنیاز بوون لە كەناراوەكانی یۆنان خۆیان بگەیەننە كەناراوەكانی ئیتالیا
ڕوون كراوەتەوە، ڕووداوەكە لە كاتێكدا بووە پۆلێك پەنابەر كە بەنیاز بوون لە كەناراوەكانی یۆنان خۆیان بگەیەننە كەناراوەكانی ئیتالیا، لە نزیك دوورگەی (پاكسوس)ی یۆنان تووشی ڕووداو دەبن، زیاتر لە 30 كەسیان گیان لە دەست دەدەن و بێسەوشوێن دەبن لەناو دەریادا.

ئاشكرا كراوە، گەڕان بەردەوامە بۆ ئاشكراكردنی ناسنامەی قوربانییەكان، هەروەها لەلایەن چەند كەشتییەكی بارهەڵگرەوە پۆلیسی دەریاوانی (كەركەرە و ئیگۆمەنیچە)ی یۆنانی لێ ئاگەدار كراوەتەوە كە توانیویانە 21 كەسیان ڕزگار بكەن و تەرمی 12 قوربانی لە ناو دەریادا دەرهێناوە.

ئەوەیش ڕوون كراوەتەوە، لەناو یەختە نقومبووەكە خەڵكی هەرێمی كوردستانی تێدایە، 17 پەنابەری تر بیسەروشوێنن، پۆلیسی دەریاوانی بەردەوامە لە پرۆسەی گەڕان بەدوایاندا.



وشە - رامیار جەواد