وەزیری دارایی: دەبێت پێداچوونەوە بە دەرماڵەكان بكرێت

:: PM:02:09:13/01/2020 ‌
وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستانەوە بەپێویستی زانی كە پێداچوونەوە بكرێتەوە بە هەردوو دەرماڵەی مەترسی و خواردنی هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆی هەرێمی كوردستان.

دەرماڵەی خواردنی فەرمانبەرێك لەگەڵ دەرماڵەی مەترسییەكەی یەكسانە بە مووچەكەی ئەگەر زیاتریش نەبێت
ئەمڕۆ دووشەم 13ـی كانوونی دووەم، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دانیشتنی پەرلەمان گوتی، لە هەندێك لە دەزگا تەناهییەکانی هەرێم كۆی دەرماڵەی خواردنی فەرمانبەرێك لەگەڵ دەرماڵەی مەترسییەكەی یەكسانە بە مووچەكەی ئەگەر زیاتریش نەبێت، بۆیە پێویستە ئەوە پێداچوونەوەی پێدا بكرێت.

وەزیری دارایی گوتی، لە هەندێك وەزارەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەرماڵەی بڕوانامەی بەكالۆریۆس جیاوازیی هەیە، بۆیە پێویستە پێداچونەوە بەوەیشدا بكرێت و ڕێكبخرێتەوە.

باسی لەوەشكرد، ئەو فەرمانبەرەی هەرگیز ناچێتە سەر ستوونی كارەبا، بە هەمانشێوەی ئەو فەرمانبەرەی دەچێتە سەر ستوونی كارەبا دەرماڵەی مەترسی وەردەگرێت، ئەوەیش نادادپەروەرییە.

ئەو گوتانەی وەزیری دارایی لە كاتێكە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بۆ دووەمین ڕۆژی بەردەوامە لەسەر خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی و تا ئێستە چەند مادەیەكی پەسند كراوە.



وشە - رامیار جەواد