هەفتەی داهاتوو كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەخرێتە روو

:: PM:03:53:14/01/2020 ‌

دوای دواكەوتنی بۆ ماوەیەكی زۆر بەهۆی رەتكردنەوەی زیاتر لە كاندیدێك لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بخرێتە روو و پەرلەمانەتارێكی هاوپەیمانی "فەتح"، كە خۆی بە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراق دەزانێت، دووپاتی كردەوە كە پرسەكە كۆتایی هاتووە و گفتوگۆ لەگەڵ كورد و سوننە دەكرێت لەوبارەوە.
شیعە گفتوگۆ لەگەڵ كورد و سوننە دەكات
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو بە گوشاری جەماوەری ناڕازی و مەرجەعیەتی باڵای نەجەف دەستی لەكار كێشایەوە، لەو ساتەوە تا ئێستە خۆپێشاندەران چەند كاندیدێكی هێزە سیاسییەكانی عێراقیان رەت كردووەتەوە.

فازڵ جابر لەو بارەوە گوتی، لە ماوەی ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەی نێوان هێزە شیعەكان بەچڕی بەڕێوە چوو بۆ یەكلاكردنەوەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق لەشوێنی عادل عەبدولمەهدی، ئاشكرای كرد كۆبوونەوەكان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە كۆمەڵە ناوێك ئامادە كراون و پێشبینی قبووڵكردنیان لەلایەن هەمووان لەوانەیش خۆپێشاندەران لێ دەكرێت. 

زیاتر گوتی، هێزە شیعەكان سەرقاڵی خستنەڕووی ئەو ناوانەن بۆ هێزە سیاسییەكانی كورد و سوننە بۆ پاڵپشتیكردنی كەسایەتییەك كە هەمووان لەسەری رازی بن، هاوكات دووپاتی كردەوە كە هاوپەیمانی "فەتح" لەسەر متمانەدانەوە بە عادل عەبدولمەهدی كۆك نییە و ئەو لە كاندیدكردنەوە دوورە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل