بۆ یه‌كه‌م جار له چه‌مچه‌ماڵ، كارگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی چوكلێتی خۆماڵی كراوه‌ته‌وه و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌وه‌نده خواستی له‌سه‌ره كه هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیشی ده‌كات. یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی چوكلێتی كوردستانی پێخۆشه ئه‌مه‌ریكایه و به‌هۆی سروشتیبوونی به‌رهه‌مه‌كانه‌وه ناوبانگی ده‌ركردووه.
كه ده‌چیت بۆ چه‌مچه‌ماڵ له‌سه‌ر ڕێی سه‌ره‌كی شارۆكه‌كه، كارگه‌یه‌ك دێته به‌رده‌مت كه تایبه‌ته به دروستکردنی شیرینیی لوقم و باسوق و سجوق و چوكلێت.
ئاری فاتیح خاوه‌نی كارگه‌ی شیرینیی ئاری، له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان به"وشه"ی گوت، ماوه‌ی زیاتر له ساڵێكه كارگه‌كه دامه‌زراوه و سێ به‌رهه‌می شیرینی هه‌ن كه بریتین له لوقم، باسوق و سجوق، هه‌روه‌ها چوكلێتی میوه كه له هه‌نجیر و قه‌یسی و ترێ دروست ده‌كرێن و ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كان سروشتین.
له كاتی جه‌ژنه‌كاندا هاووڵاتییان ده‌چنه بازاڕ بۆ كڕینی چوكلێت تا به شیرینیی پێشوازی له میوان بكه‌ن، بۆیه جاران به چوكلێتی وڵاتانی تر جه‌ژنه‌كه‌یان به‌ڕێ ده‌كرد و بڕه پاره‌یه‌كی زۆر له هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ كۆمپانیاكانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌گوازرایه‌وه، به‌ڵام جه‌ژنی قوربانی رابردوو ئه‌و چوكلێتانه‌ی كارگه خۆماڵییه‌كه ئه‌وه‌نده خواستی له‌سه‌ر بوو كه نرخه‌كه‌ی له‌لایه‌ن دوكانداره‌وه گران كرابوو.
له كارگه‌كه‌دا لوقم و باسوق و سجوق و ڕۆژانه 300 كیلۆ چوكلێت به‌رهه‌م دێ
كارگه‌ی شیرینییه‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ڕۆژانه توانای به‌رهه‌مهێنانی نزیكه‌ی 300 كیلۆ چوكلێتی هه‌یه. هه‌رچه‌نده زۆرجار هه‌واڵه‌كان له‌باره‌ی چه‌مچه‌ماڵه‌وه تاڵن، به‌ڵام ئه‌و چوكلێته تایبه‌ته‌یشی لێ به‌رهه‌م دێت.
به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و كارگه‌یه بۆ ته‌واوی شاره‌كانی كوردستان ده‌گوازرێته‌وه و هه‌نارده‌ی ناوچه‌كانی خوارووی عێراقیش ده‌كرێت، هه‌روه‌ها له میسر و ئه‌مه‌ریكا كڕیاری هه‌یه و خواستی له‌سه‌ره.
خاوه‌نی كارگه‌كه باسی له‌وه‌ش كرد، "له كاتی بۆنه و جه‌ژنه‌كاندا خواست له‌سه‌ر چوكلێته‌كان زیاتره، بۆیه له‌و كاتانه‌دا كارمه‌ندی زیاتر ده‌یخه‌ینه كار و زیاتر له 40 كه‌س ده‌بن، ئه‌وان به ده‌ستی خۆیان چوكلێته‌كان ده‌خه‌نه زه‌رفه‌كانه‌وه و ئاماده‌ی ده‌كه‌ن بۆ فرۆشتن".
ئاری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "ئه‌م كارگه‌یه‌ی چه‌مچه‌ماڵ یه‌كه‌م كارگه‌یه چوكلێت به‌رهه‌م بێنێت، ناوبانگێكی باشی په‌یدا كردووه و خواست له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانمان زۆره".
له‌سه‌ر كاغه‌زی چوكلێته‌كه‌یان ناوی كارگه‌كه‌یان نووسیوه، هاوكات ژماره‌یه‌كی مۆبایلیش دانراوه تا ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌رهه‌مه‌كان بكڕن و ببنه بریكاریان، پێوه‌ندییان پێوه بكه‌ن.
وشه/به‌دواداچوونی ئاریان محه‌مه‌د