زانایان چوار جۆری پیربوون جیا دەكەنەوە

:: PM:03:15:16/01/2020 ‌

زانایان لە كۆلێجی پزیشكی لە زانكۆی ستانفۆردی ئەمەریكی رایان گەیاند كە چوار جۆری پیربوونی تاكەكان هەن و ئەوان هۆكاری هەر جۆرێكیان دیاری كرد. 
بە كەمبوونەوەی بەرگری لەش هەوكردن زیاد دەكات
وەك لە گۆڤاری "Nature Medicine"، هاتووەتە بڵاوكردنەوە، شارەزایانی ئەو كۆلێجە لە ماوەی 2-3 ساڵ ئاستی بوونی جۆرێكی دیاریكراوی میكڕۆب و گەردیلەی بایۆلۆجیان وەك پڕۆتین و چەوری لای 106 كەسی تەندروست تۆمار كرد كە تەمەنیان لە نێوان 29-75 ساڵ بوو.

ئەوان چاودێری ئەوەیان كرد كە چۆن ئەو ئاماژانە بەتێپەڕبوونی كات دەگۆڕدرێن، بۆ ئەو مەبەستەیش ئەوان بەبەردەوام نموونەیان لە خوێن و لیك و میز و پیسایی و ئاوی لووت و رۆخۆڵەی ئەوان وەردەگرت و تاقیكردنەوەی بۆماوەییان لەسەر ئەنجام دەدا.

توێژەران 10343 جین و 306 پڕۆتینی خوێن و 6909 جۆر میكڕۆبیان وەك ئاماژە بەكار هێنا و ئەوەش یارمەتی ئەوانی دا بۆ دیاریكردنی چوار رێگەی بایۆلۆجی بۆ پیربوونی لەش ئەوانیش، پێوەست بە شێوانی میتابۆلیزم و كەمبوونەوەی بەرگری لەش و شێوانی كاری جگەر و كێشەی گورچیلەكان. توێژەران ئاماژەیان كرد كە دەكرێت زیاتر لە هۆكارێك ببیتە هۆی پیربوون.

شارەزایان ئاماژەیان كرد كە دەتوانرێت ئەو گۆڕانكاریانە لە قۆناغی گەنجێتیدا بدۆزرێتەوە، بۆ نموونە شێوانی میتابۆلیزم ئەوەیە بەچوونە ناو تەمەنەوە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە زیاد دەكات و بە كەمبوونەوەی بەرگری لەشیش رێژەی هەوكردن و تووشبوون بە نەخۆشییەكانی پێوەندیدار بە بەرگری زیاد دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل