موفتی داعش گیرا

:: PM:07:49:16/01/2020 ‌
دوای دوو ساڵ لە خۆ شاردنەوە، لە ئۆپراسیۆنێكی تایبەتدا پۆلیسی مووسڵ، موفتی داعش لەلای راستی شارەكەیان دەگرن. عەبدولباری موفتی داعش تۆمەتبارە بەوەی فەتوای كوشتنی ژمارەیەك زانای ئاینی و تەقاندنەوەی مزگەوتی نەبی یونسی دەركردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی كانوونی دووەم، هێزە تەناهییە عێراقییەكان لە مووسڵ، ئەبو عەبدولباری موفتی داعشیان گرت.

فتوای رتەقاندنەوەی مزگەوتی نەبی یونس و كوشتنی ئەو زانا ئاینیانەی دا كە بەیعەتیان بە داعش نەدا


شانەی راگەیاندنی تەناهی لە هەژماری خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویان كردەوە كە فەوجێكی سواتی سەر بە سەركردایەتی پۆلیسی مووسڵ، لەسەر بنەمای زانیاری ورد، دوای گەڕان و پشكنین و چاودێری بەردەوام، توانیان شیفا ئەلنعمە ناسراو بە ئەبو عەبدولباری موفتی داعش بگرن. 
 
زیاتر گوتی "ئەبو عەبدولباری وەك ئیمام و خەتیب لە ژمارەیەك مزگەوتی مووسڵ خزمەتی داعشی كردووە، وەك بانگخوازێكیش بە بەردەوام بیر و هزری توندڕەوی داعشی بڵاو دەكردەوە". 
 
 بەگوێرەی زانیارییەكان عەبدولباری لە سەركردەكانی ریزی پێشەوەی داعشە، ئەو بەرپرس بووە لە دەركردنی فەتواكانی داعش بەتایبەت فەتوای كوشتنی ژمارەیەكی زۆری زانای ئاینی كە بەیعەتیان بە داعش نەدا. 

هێزی تەناهی دەڵێ، عەبدولباری ئەو كەسەیە كە فەتوای تەقاندنەوەی مزگەوتی نەبی یونسی دەركردووە، ئەمڕۆ لە گەڕەكی مەنسووڕ لەلای راستی مووسڵ گیرا.



وشە - فه‌رمان سادق