هونەرمەندی شێوەكار بەكر عەبدولڕەحمان لە پێشانگایەكی تایبەتیدا 42 تابلۆی كاریكاتێری بەناوی (دیداری وشە و ھێڵ) کردەوە لە شاری سلێمانی.
پێشانگای ھونەرمەند لە ھۆڵی یەکێتی نووسەران کرایەوە لە سلێمانی، هاووڵاتییانیش بۆ بینینی تابلۆ كاریكاتێرەكانی سەردانی پێشانگاکەیان دەکرد.
بەكر عەبدولڕەحمان تهمهن /54ساڵ/، هونەرمەندێكی شێوەكاری سلێمانییە و لە بواری كاریكاتێریستدا ھونەر دەکات، ئەم ھونەرمەندە بە ئەكادیمی هونەری شێوەكاری نەخوێندووە، بەڵکو حەز و خولیایی بۆ هونەر ئەوی كردووەتە شێوەكارێكی بەتوانا. ئەو هونەرمەندە یەكەم پێشانگای لە ساڵی 1992 كردووەتەوە و لەسەر دیوار و ئۆتۆمبێڵی شكاو تابلۆكانی نمایش كردووە، لە ساڵی 1996 دەستی كردووە بە هونەری كاریكاتێرستی و تاوەکو ئێسته بەردەوامە و سەرجەم کارەکانیشی لەڕێی پێشانگای تایبەت و ھاوبەشەوە نمایش دەکات.
بەكر عەبدولڕەحمان سەبارەت بە پێشانگاكەی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "پێشەنگاكەم لەژێر ناوی (ھێڵ و وشە) كردەوە لە ھۆڵی یەکێتی نووسەران و مەبەست لە دروشمی پێشانگاکەیش ئەوە بوو کە وشەی نووسەران و ھێڵی شێوەکاری من تێکەڵ بکەم و پێوەندییەک دروست بکەم، وە لە پێشانگاکەدا 42 كاری كاریكاتێریم نمایش كردبوو."
تابلۆکان سەرجەمیان ھێمان بۆ (سمێڵ بابڕەکان) کە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا سمێڵ هێمای پیاوسالاری و دەسەڵات و پارەیە، كاتێك كە ئەم سمێڵ بابڕییە لە مرۆڤێكدا بەرجەستە دەبێت، ئەوكاتە بەرانبەرەكەی دەسڕێتەوە و زۆر میزاجی دەبێت.
ئەم ھونەرمەندە ھەرجارە و پێشانگاکەی لە شوێنێک دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئیتر ئەو کلتوریە باوە بگۆڕدرێت و کۆرە ھونەرییەکان بچن بۆ لای کەسەکان، لە پڕۆژەمدایە جارێکیتر لە کافتریایەک بیکەمەوە و کارەکانم بەرم بۆ لای خەڵک.
سەرجەمی تابلۆكان بە قەڵەم كێشراون لەسەر كاغەز و ئەمە 16یهمین پێشانگای تایبەتی ھونەرمەندە و بەشداریکردووە لە زیاتر لە 10 پێشانگای هاوبەشدا.
سلێمانی/ ئاریان محەمەد