پاش ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی نا بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌خۆر مانگانه له بانك مووچه وه‌ربگرن، هه‌رجاره و وه‌زاره‌تێك ده‌خرێنه ناو سیستمه‌كه. له هه‌ڵه‌بجه 15 هه‌زار مووچه‌خۆر راسته‌وخۆ مووچه له بانك وه‌رده‌گرن، به‌ڵام پارێزگاكه ته‌نیا بانكێكی تێدایه و به‌شی ئه‌وه ناكات كاری فه‌رمانبه‌ران رایی بكات. به‌ڕێوه‌به‌ری بانكه‌كه هۆكاره‌كه بۆ "كه‌میی فه‌رمانبه‌ر و نه‌بوونی لقی تری بانكی" ده‌گێڕێته‌وه.
خاوه‌ن پێداویستییه‌كی تایبه‌ت: هه‌ندێك جار دوای سێ رۆژ نۆره‌ی وه‌رگرتنی مووچه‌م به‌رده‌كه‌وێت
حكوومه‌ت قۆڵی لێ هه‌ڵماڵیوه و ده‌یه‌وێ رۆتین كه‌م بكاته‌وه، خه‌ڵك له جیاتی ئه‌وه‌ی له فه‌رمانگه‌كانیان مووچه وه‌ربگرن، بچنه بانك، به‌ڵام ژێرخانی جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیستمه لانی كه‌م بۆ هه‌ڵه‌بجه ئاماده نییه، هه‌رچه‌نده ژماره‌یه‌كی زۆر به‌م شێوه‌یه مووچه وه‌رده‌گرن و تووشی كێشه بوونه‌ته‌وه.
فه‌لاح ئه‌حمه‌د خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، چه‌ند مانگێكه به بڕیاری حكوومه‌ت مانگانه ئه‌و 150 هه‌زار دیناره‌ی وه‌ریده‌گرت، ده‌بێ بۆ وه‌رگرتنی له شاره‌دێی خورماڵه‌وه بچێته هه‌ڵه‌بجه. ئه‌و به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، سیستمی وه‌رگرتنی مووچه له بانك سیستمێكی باشه، به‌ڵام بانكی هه‌ڵه‌بجه زۆر قه‌ره‌باڵغه و مووچه‌ی ته‌واوی چین و توێژه‌كان به‌سه‌ریه‌كه‌وه ده‌درێت.
ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی دا، "وه‌رگرتنی مووچه زۆر ئه‌سته‌م بووه، به‌تایبه‌ت بۆ كه‌سێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، مانگی وا هه‌یه دوو بۆ سێ ڕۆژ هاتووم ئینجا نۆره‌م هاتووه تا مووچه وه‌ربگرم، بۆیه داواكاریم له وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌وه‌یه كێشه‌ی وه‌رگرتنی مووچه له هه‌ڵه‌بجه چاره‌سه‌ر بكه‌ن".
"خاوه‌ن پێداویستییه‌كی تایبه‌ت مانگی وا هه‌یه 15 هه‌زار دینار به كرێی ئۆتۆمبێل و نانخواردن ده‌دات تا 150 هه‌زار دیناری مووچه‌كه‌ی وه‌ربگرێت" فه‌لاح ئه‌حمه‌د وای گوت.
له كوردستان سه‌رووی ملیۆنێك مووچه‌خۆر هه‌ن كه دابه‌ش ده‌كرێن به‌سه‌ر 90 بانكی هه‌رێمه‌كه‌دا، به‌ڵام ژماره‌ی زۆری بانكه‌كان ده‌كه‌ونه ناو سه‌نته‌ری پارێزگهكانهوه.
جاسم محه‌مه‌د خانه‌نشینی سه‌ربازی كه بۆ وه‌رگرتنی مووچه‌كه‌ی له به‌رده‌م بانكی هه‌ڵه‌بجه ڕاوه‌ستابوو، به"وشه"ی گوت، "ئێمه‌ی خانه‌نشین زۆر ماندوو ده‌بین له كاتی وه‌رگرتنی مووچه، به‌تایبه‌ت ئێسته وه‌رزی زستانه و زۆر سارده، كه‌چی هه‌زاران مووچه‌خۆر پاڵ به‌یه‌كه‌وه ده‌نێن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن زوو مووچه‌كانیان وه‌ربگرن و بڕۆنه‌وه ماڵه‌وه".
جاسم. ڕوو له به‌رپرسان ده‌كات و ده‌ڵێ، سیستمی دابه‌شكردنی مووچه چاك بكه‌ن. وه‌ك خۆی ده‌ڵێ "ناكرێ ئێمه‌ی خانه‌نشین به درێژایی ڕۆژ چاوه‌ڕێی خوێندنه‌وه‌ی ناومان بین بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و مووچه‌ی پاش چه‌ندان ساڵ خزمه‌ت پێمان ده‌ده‌ن."
تا ئێسته‌یش له هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتنی مووچه زۆر سه‌ره‌تاییه و به‌شێكی زۆری فه‌رمانگه‌كان له گونێدا پاره‌كه له بانكه‌وه ده‌گوازنه‌وه بۆ فه‌رمانگه‌كانیان و له‌وێ دابه‌شی ده‌كه‌ن، جیا له‌وه‌ی چه‌ند جارێك دزی زه‌به‌لاح له‌و پرۆسه‌یه‌دا كراوه یاخۆ چه‌ته رێی پێگرتوون و كۆی پاره‌كه‌ی بردوو. به‌ڵام ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌ت ئێسته خراونه‌ته سه‌ر بانك.
سه‌ركۆ یونس ئابووریناس، باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌ركی بانك ته‌نیا ئه‌وه نییه مووچه دابه‌ش بكات به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ردا. به‌گوته‌ی ئه‌و "گرنگترین ئه‌ركی بانك وه‌رگرتنی سپاردهكانه كه بریتییه له‌و سه‌رمایه‌یه‌ی خاوه‌ن سه‌رمایه له بانك دایده‌نێن، به‌ڵام ئێسته كه رۆڵی مووچه دابه‌شكردن ده‌بینن، له هه‌ڵه‌بجه ته‌نیا بانكێك ناتوانێ وه‌ك پێویست ئه‌ركه‌كانی ڕایی بكرێت".
سه‌ركۆ به پێویستی ده‌زانێ له‌پێناو نه‌هێشتنی قه‌ره‌باڵغی به‌رده‌م بانك له‌كاتی دابه‌شكردنی مووچه‌دا، دوو لقی تری بانكی له هه‌ڵه‌بجه بكرێنه‌وه، چونكه ته‌واوی فه‌رمانگه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و پارێزگا و سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆ حیساب بانكیان له بانكی هه‌ڵه‌بجه هه‌یه، ئه‌وه‌ش وای كردووه ئه‌ركێكی زۆر له‌سه‌ر بانكه‌كه هه‌بێت و وه‌ك پێویست نه‌توانن كاره‌كانی خۆیان بكه‌ن.
به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی جه‌لال عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی هه‌ڵه‌بجه، بۆ "وشه"ی خستیه‌ڕوو، ئه‌وان مووچه‌ی زیاتر له 15 هه‌زار مووچه‌خۆر ڕاسته‌وخۆ دابه‌ش ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی ته‌واوی مووچه‌ی فه‌رمانگه و بهڕێوهبهراییهتیهكان له‌لایه‌ن نوێنه‌ریانه‌وه.
"مانگانه هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ك له ڕێی لیژنه‌كانیانه‌وه دێن و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانیان وه‌رده‌گرن" جه‌لال وای گوت.
مووچه‌ی خانه‌نشینی شارستانی و سه‌ربازی و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و چه‌ند جۆرێكی تر له مووچه، ڕاسته‌وخۆ له بانك بۆیان خه‌رج ده‌كه‌ن كه ژماره‌یان زیاتر له 15 هه‌زار كه‌سه، نۆ كارمه‌ندی بانكه‌كه تایبه‌ت كراون به دابه‌شكردنی مووچه و مانگه‌كه جگه له ڕۆژانی پشوو، مووچه دابه‌ش ده‌كه‌ن.
به‌گوته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر "بارگرانییه‌كی زۆر گه‌وره له‌سه‌ر بانك دروست بووه". هۆكاره‌كه‌ش بۆ بچووكی بانك و كه‌میی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
ئاماژه‌ی دا، كاتێك مووچه‌خۆر دێن بۆ مووچه و نۆره ده‌گرن و به‌ریان ناكه‌وێت، هۆیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه به‌و ژماره كه‌مه‌ی فه‌رمانبه‌ر هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان پێ ده‌كرێت و كه‌مته‌رخه‌مییان نه‌كردووه، چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه بانكه‌كه گه‌وره بكرێت و ژماره‌یه‌كی زیاتری فه‌رمانبه‌ر مووچه دابه‌ش بكه‌ن.
پارێزگای هه‌ڵه‌بجه له ناوندی شاری هه‌ڵه‌بجه و شاره‌دێكانی خورماڵ و بیاره و سیروان و به‌مۆ و سه‌تان گوند پێك دێت، به‌ڵام ته‌نیا یه‌ك بانكی هه‌یه.
وشه/به‌دواداچوونی عه‌زیز ڕه‌سووڵ