زەویی كشتوكاڵی بەسەر دەرچووانی دانەمەزراودا دابەش دەكرێت

:: PM:12:23:21/01/2020 ‌
بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچووانی دانەمەزراوی زانكۆ و پەیمانگاكان، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیدا گفتوگۆ لەسەر پێدانی زەوی بەو دەرچووانە دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 21ـی كانوونی دووەم، مەهدی مەحموود ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆبونەوەی ئەمرۆیدا گفتوگۆ لە سەر پێدانی زەوی كشتوكاڵی بەدەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەكرێت بۆ ئەوەی هەلی كاریان بۆ بڕەخسێنرێ و ئەو زەویانەش چیتر بەبێ بەرهەم نەمێننەوە.

دەتواندرێت لەو ڕێگەیەوە هەم هەلی كار بۆ ئەو دەرچووانە بڕەخسێنرێت
ئەندامەكەی ئەنجوومەن گوتی، ژمارەیەك زەوی زۆر هەن كە موڵكی حكوومەتن و بێ بەرهەم ماونەتەوە، بۆیە دەتواندرێت لەو ڕێگەیەوە هەم هەلی كار بۆ ئەو دەرچووانە بڕەخسێنرێت و هەمیش زەویەكان بەرهەمیان هەبێت.

ڕوونی كردەوە، دابەشكردنی ئەو زەویانە پێویستی بە دەركردنی ڕێنوێنی تایبەت هەیە و ئەوان پرۆژەكە بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ بەرز دەكەنەوە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر بدات، هەروەها دوای بەرزكردنەوەی داواكارییەك  كۆمەڵێك ڕێكار هەیە ئەگەر وەزارەت و پەرلەمان قبوڵی بكات.

ئەو گوتانەی ئەندامەكەی ئەنجوومەن لەكاتێكدایە ژمارەیەكی زۆری دەرچووانی كشتوكاڵی پەیمانگە و زانكۆكان ئێستە بێكارن.


وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 7583 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌