ئه‌نجوومه‌نی سه‌وزی چیا، یه‌كێكه له‌و ئه‌نجوومه‌نه چالاكانه‌ی 21 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له مه‌ریوان دامه‌زراوه، جێپه‌نجه‌ی له بڵاوكردنه‌وه‌ی هوشیاری ژینگه‌یی دیار و به‌رچاوه، بۆیه "وشه" له نزیكه‌وه ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی به‌سه‌ر كرده‌وه و ناسیح حوسێنی ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر له ئه‌نجوومه‌نه‌كه له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا وێڕای ئاشكراكردنی ژماره‌ی ئه‌ندامانی، باس له كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه به‌سه‌ر ژینگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه ده‌كات.
هۆی دروستبوونی ئه‌نجوومه‌نی سه‌وزی چیا چی بوو؟
ماوه‌ی 21 ساڵه دروست بووه و هۆكاره‌كه‌ی بۆ سووتاندنی دارستانه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، سه‌ره‌تا كه ئاگر له چیاكان كه‌وته‌وه كۆمه‌ڵێك كه‌سی خۆبه‌خش له مه‌ریوان هه‌ستان به دروستكردنی ئه‌نجوومه‌نێك به ئامانجی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگر. پاش ماوه‌یه‌ك له به‌رده‌وامی ئه‌نجوومه‌نه‌كه، بڕیار درا كاره‌كانی فراوان بكرێت بۆ ئه‌نجوومه‌نێكی ژینگه‌دۆست كه خزمه‌ت به هه‌موو بواره ژینگه‌ییه‌كان بكات، بۆیه هه‌ر بواره و كۆمیته‌یه‌كی بۆ پێكهێنرا و تا ئێسته چه‌ندان كۆمیته‌ی جیاوازی هه‌یه و هه‌ریه‌كه له بوارێكدا خۆبه‌خشانه خزمه‌ت ده‌كه‌ن، بۆ نموونه كۆمیته‌ی په‌له‌وه‌رناسی و كۆمیته‌ی وه‌رزش و كۆمیته‌ی ژنان و چه‌ند كۆمیته‌یه‌كی تر كه له كاره‌كانیان به‌رده‌وامن.
كۆمیته‌ی وه‌رزش و كۆمیته‌ی ژنان چ پێوه‌ندییه‌كیان هه‌یه؟
هه‌موو به‌یه‌كه‌وه پێوه‌ستن و پێوه‌ندیی پته‌ویان هه‌یه، بۆ نموونه ڕێنوێنیی وه‌رزشی ده‌ده‌ن بۆ جه‌سته‌یه‌كی ته‌ندروست، ئه‌ندامانی كۆمیته‌كه له بواری وه‌رزشدا ڕۆڵی خۆیان ده‌گێڕن له ڕۆشنبیریی ژینگه‌یی و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ستی خۆشه‌ویستی به‌رانبه‌ر ژینگه. به واتایه‌كی تر، وه‌رزشوان ده‌توانن باڵوێزی ژینگه‌پارێز بن. بۆ ژنانیش به‌هه‌مانشێوه ژیان چۆن به‌ڕێوه ده‌برێت، هه‌ر له خاوێنی خواردن و ماڵ و حه‌وش و به‌رده‌رگه و كۆڵان، ژنان رۆڵی گرنگیان له ژینگه‌دا هه‌یه.
جگه له ئاگركوژاندنه‌وه، چ كارێكی تری مه‌یدانی له خزمه‌تی ژینگه‌دا ده‌كه‌ن؟
هه‌موو كارێك ده‌كه‌ین له‌پێناو پاراستن و پاكڕاگرتنی ژینگه، بۆ نموونه ساڵانه هه‌ڵده‌ستین به خاوێنكردنه‌وه‌ی شاری مه‌ریوان، هه‌روه‌ها هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ی زرێبارمان هه‌یه كه له وه‌رزی هاتنی په‌له‌وه‌ره كۆچه‌رییه‌كاندا چالاكیمان هه‌یه و ساڵانه هه‌ڵمه‌تی ناشتنی به‌ڕوومان هه‌یه له ناوچه شاخاوییه‌كان و دره‌خت ده‌روێنین.
هه‌روه‌ها 90%ی مزگه‌وته‌كانی گونده‌كان گه‌ڕاوین و هۆشیاری ژینگه‌ییمان داوه به خه‌ڵكی گونده‌كان و گرنگی ژینگه‌مان بۆ باس كردوون، ساڵی رابردوو رێوڕه‌سمی ته‌ور شكاندنمان كرد له گوندی سه‌ردۆش كه خه‌ڵكی ئاواییه‌كه به‌ڵێنیان دا چیتر دار نه‌بڕن.
كارێكی ترمان كۆمیته‌ی په‌له‌وه‌رناسییه، ئه‌م كۆمیته‌یه كاری ناونووسین و سه‌رژمێری و پۆلێنكردنی هه‌موو ئه‌و په‌له‌وه‌ر و باڵندانه‌یه كه له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات هه‌ن، سه‌ره‌تا له باڵنده‌كانی زرێباره‌وه ده‌ستمان پێ كرد، به‌ڵام ئێسته كۆمیته‌كه‌مان له ته‌واوی ئێران‌دا كار ده‌كات و ته‌نانه‌ت بووه‌ته نوێنه‌رێكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌وزی چیا، له ڕووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ئه‌ندامی فیدراسیۆنی په‌له‌وه‌رناسی نێوده‌وڵه‌تین.
بۆ نموونه، كۆمیته‌ی مه‌ریوان پۆلێنی هه‌موو په‌له‌وه‌ره‌كانی مه‌ریوانی كردووه، په‌له‌وه‌ره وه‌رزییه‌كانی زرێباری پۆلێن كردووه له دووتوێی كتێبێكدا، ته‌واوی ناو و زانیاری و وێنه‌ی په‌له‌وه‌ره‌كان خراونه‌ته ڕوو، ئه‌و كتێبه له چه‌ند وڵاتی وه‌ك هیندستان و به‌ریتانیا و فڕه‌نسا چاپ كراوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، لێكۆڵینه‌وه له په‌له‌وه‌ر و باڵنده‌كان كراوه و تۆمار كراون به‌پێی پۆلێنی زانستی خۆیان .
سپۆنسه‌رتان كێیه و چۆن كاره‌كانتان به‌ڕێوه ده‌به‌ن؟
سپۆنسه‌ر و پشتیوانی داراییمان نییه، ته‌نیا ئه‌وه‌نده هه‌یه ئێمه پێشنیار و ده‌رخسته‌ی كاری ژینگه‌یی ده‌ده‌ینه ده‌سته‌ی ژینگه و سروشتی ئێران و ئه‌وانیش به وه‌رگرتنی كاره‌كه تێچووی پڕۆژه‌پێشنیاره‌كه ده‌گرنه ئه‌ستۆ، هه‌روه‌ها ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش جارجار هاوكارمانن به پێدانی تێچووی پڕۆژه‌یه‌ك كه به بیرۆكه پێشكه‌شیان ده‌كه‌ین، هاوكات خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵات هاوكارمانن، بۆ نموونه ئێمه پێویستمان به ئۆتۆمبێلێك بوو كه بۆ ناوچه‌ی شاخاوی بگونجێ بۆ كاتی ئاگركه‌وتنه‌وه، به سوپاسه‌وه خه‌ڵكی مه‌ریوان هاتن به‌ده‌م داواكه‌مانه‌وه و ئۆتۆمبێلێكی به‌رزمان كڕی بۆ كاتی ئاگركه‌وتنه‌وه له چیاكان.
ساڵانه كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ خه‌ڵك دێن چه‌كه‌كانیان ده‌شكێنن و به‌ڵێن ده‌ده‌ن ڕاو نه‌كه‌ن و ده‌بنه دۆستی ژینگه
ئه‌ی رێوڕه‌سمی "چه‌كی سه‌وز" چییه؟
رێوڕه‌سمی چه‌كی سه‌وز بۆ چه‌ند ساڵی پێشوو ده‌گه‌ڕێته‌وه كه شه‌هیدانی ژینگه له ژیاندا بوون، شه‌هید شه‌ریف و شه‌هید ئومێد ڕۆحیان شاد بێ. پیاوێك له ئاوایی ده‌ره‌كێ بڕیاری دا واز له ڕاوكردن بهێنێت و چه‌كه‌كه‌ی بشكێنێ، ئێمه رێوڕه‌سمێكمان بۆ ساز كرد، دواتر كاریگه‌رییه‌كه‌ی له سه‌رانسه‌ری ئێران بڵاو بووه‌وه و ده‌یان كه‌سی تر چه‌كه‌كانیان سووتاند و شكاند، ڕاوكردن له گونده‌كان كه‌می كردووه و باسكردنیشی به عه‌یبه هه‌ژمار ده‌كرێ.
ئه‌نجوومه‌نی سه‌وزی چیا چه‌ند ئه‌ندامی هه‌یه؟
زیاتر له دوو هه‌زار ئه‌ندام. ئه‌وانه ئه‌و ئه‌ندامانه‌ن كه كارتیان هه‌یه وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌وزی چیا، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی زیاتر له 20 هه‌زار ئه‌نداممان له ئێران هه‌یه كه ناویان تۆمار نه‌كراوه، كاتێك پێویست ده‌كات بۆ كارێكی ژینگه‌یی له هه‌ر جێیه‌ك، ئه‌و خه‌ڵكه وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌وزی چیا به‌هانامانه‌وه دێن، ته‌نانه‌ت له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌نداممان هه‌یه له ڕێكخراوه‌كان، بۆ نموونه من خۆم ئه‌ندامی نێوده‌وڵه‌تیم له ده‌سته‌ی په‌له‌وه‌رناسی له كیشوه‌ری ئاسیا .
به‌گشتیی هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌تان كاریگه‌ری هه‌یه؟
به‌ڵێ زۆریش كاریگه‌ری هه‌یه، تۆ بڕۆ به مه‌ریواندا بگه‌ڕێ، بچۆ زرێبار و لێكۆڵینه‌وه بكه، بزانه كه‌سێك ده‌بینی ڕاوی باڵنده‌یه‌ك بكات، یان كاتێك له ساڵێكدا 900 ئاگركه‌وتنه‌وه له ناوچه‌یه‌كی وه‌ك مه‌ریوان ده‌كه‌وێته‌وه، خۆشبه‌ختانه هیچ ئاگرێك نییه 60 بۆ 70 كه‌س نه‌گات پێی و ده‌یكوژێننه‌وه، ئه‌مه كاریگه‌ری ئه‌نجوومه‌نی سه‌وزی چیایه، یاخۆ ساڵانه كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ خه‌ڵك دێن چه‌كه‌كانیان ده‌شكێنن و به‌ڵێن ده‌ده‌ن ڕاو نه‌كه‌ن و ده‌بنه دۆستی ژینگه، ئه‌وه هه‌موو كاریگه‌ریی ئه‌نجوومه‌نی سه‌وزی چیایه .
وشه/ شه‌فیق بانیشاری