عێراق.. هیچ چارەسەرێك بۆ پرسی پێكهێنانی حكوومەت نییە

:: PM:08:41:21/01/2020 ‌

لەوكاتەی دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەكی تەواو چووە بەهۆی ئەو ململانێ گەورەیەی لەنێوان ئەمەریكا و ئێراندا هەیە، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دووبارە خۆی لەبەردەم بڕیارە قوڕسەكە دەبینێتەوە كە كێ بۆ پێكهێنانی حكوومەت رابسپێرێت، پەرلەمانتارانی شیعە گەشتەكەی ساڵح بە خۆدزینەوە دادەنێن و شارەزایەكیش دەڵێت ئەو گەیشتووەتە قەناعەت كە چارەسەری نییە.
بەرهەم ساڵح دووبارە لەبەردەم بڕیارە سەختەكە
لە سەرەتای تشرینی یەكەمی رابردووەوە خۆپێشاندانی جەماوەری لە عێراق دەستی پێ كرد و ئەوان داوای گۆڕینی رژێمی سیاسیی وڵات و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن، هاوكات هێزە سیاسییەكانی عێراق دەزانن كە جێبەجێكردنی داواكاریی خۆپێشاندەران نەمانی ئەوان و لێپرسینەوەیانە بە تۆمەتی گەندەلی و خراپتریش، بۆیە دوور لەهیچ پێوەندییەك بە خۆپێشاندەران دەستی دەستی بە پرسی پێكهێنانی حكوومەت دەكەن و گرەو لەسەر كات دەكەن بۆ هێوربوونەوەی دۆخەكە و مانەوەیان لە دەسەڵات.

ئەحمەد كنانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "بینا"ی نزیك لە ئێران كە خۆی وەك فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان راگەیاندووە داوا لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەكات ئازا بێت و كاندیدی ئەوان بۆ سەرۆك حكوومەتی كاتی رابسپێرێت و چیتر بە پاساوی گەشتكردن خۆی لە بەرپرسیارەتی نەدزێتەوە، كاتێك ئەوان چەندان كاندیددیان پێشكەیش كردووە و زۆرینەیان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە قبووڵكراو بوون.

واسق هاشمی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، بەرهەم ساڵح لە داڤۆس برسی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا و دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێی ناوچەكە و دۆخی ئێستەی عێراق لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا باس دەكات، بۆیە ئەو گەشتەی لەكاتێكدایە كە گەیشتووەتە قەناعەت بەوەی لە رۆژانی داهاتوو هیچ چارەسەرێك بۆ دۆخی عێراق نییە، بەهۆی ناكۆكیی هێزە سیاسییەكان لەبارەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانەوە.  

لەوكاتەی حوسێن عقابی، پەرلەمانتاری عێراق حزبەكانی دەسەڵاتدار لە عێراق بە كاتكوشتن و خۆدزینەوە لە پێكهێنانی حكوومەت تۆمەتبار كرد كە رەنگە بیانەوێ تەمەنی ئەو حكوومەتەی ئێستە درێژ بكەنەوە و ئەوەیش پێشێلكردنی دەستوورە، ئەحمەد كنانی، پەرلەمانتاری "فەتح"، گوتی، تا ئێستە هیچ كاندیدێكمان بۆ پۆستەكە نییە و ئەو بابەتە بەتەوافوقی سیاسییەوە دەبێت، هێزە سیاسییەكان چەند ناوێكیان داوەتە بەرهەم ساڵح و دەبێت ئەو بەپەلە دۆخەكە یەكلا بكاتەوە. 

بەپێی دوایین زانیاری لەبارەی كاندیدەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە ناوەكانیان لەبەردەم بەرهەم ساڵحن، ئێستە چوار ناو باسیان دەكرێت جگە لەوانەی پێشوو، ئەوانیش عەلی شوكری و مستەفا كازمی و محەمەد تۆفیق عەلاوی و عەلی عەبدولئەمیر عەلاوین.

لای خۆیەوە ئەسعەد مورشیدی، پەرلەمانتاری حیكمە ئاشكرای كرد كە هێزە سیاسییەكان لەسەر كاندیدكردنی مستەفا كازمی و محەمەد تۆفیق عەلاوی رێككەوتن، بەڵام ناكۆكی نێوان "فەتح" و "سائیروون" بووە هۆی دیاری نەكردنی هیچیان، عەلاوی نیزكتر بوو، بەڵام ناكۆكییەكان پەكی خست، بۆیە تا ئێستە ململانێ لەنێوانیان بەردەوامە و چاوەڕوان دەكرێت لەم رۆژانە یەكلا ببێتەوە و ئەگەر ئەوەیش بوو، پەرلەمان كۆ دەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەری.

لای خۆیەوە ئینتسار مووسەوی، پەرلەمانتاری "فەتح"، روونی كردەوە، ئێمە هیڵی سوورمان لەسەر هەر كاندیدێك هەیە كە دوورەگەزنامەیی بێت، بۆیە رەتی دەكەینەوە هەركەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێ كاندید بكرێت كە خاوەنی دوو رەگەزنامە بێت، دووپاتی كردەوە، كە ئەو بابەتە لەناو پەرلەمانی دەنگی لەسەر درا و ئەویش كاندیدكردنی بۆ پۆستەكانی هەرسێ سەرۆكایەتی رەت كردووەتەوە.

زیاتر گوتی، دواكەوتنی كاندیدكردنی كەسایەتییەكان بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی كاتی عێراق بەهۆی رەتكردنەوەی ئێمەیە بۆ وەرگرتنی كەسانی دوو رەگەزنامە بۆ پۆستەكە، چونكە نامانەوێ ئەو كەسە لاگیری بۆ دەرەوە بێت و بە نەهامەتی عێراقیەكان نەزانێت.

ریاز مەسعوودی، پەرلەملانتاری "سائیروون" روونی كردەوە، ناكۆكی نێوان هێزە سیاسییەكان بۆ دۆزینەوەی شوێنگرەوەی عادل عەبدولمەهدی پێوەست نییە بە كەسی كاندیدەكە، بەڵكو پێوەستە بە میكانیزمی كاری حكوومەتی داهاتوو، چونكە زۆرێَك وا دەزانن ناكۆكیی نێوان هێزە شیعەكان بەهۆی رێكنەكەوتنیانە لەسەر كەسایەتییەك و ئەویش راست نییە، ئەوەی لە هۆڵە داخراوەكان دەگوزەرێت، بوونی ناكۆكییە لەسەر میكانیزمی كاری حكوومەتی داهاتوو.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد كە سێ بۆچوون لەبارەی ئەو میكانیزمەوە هەن، یەكەمیان گوشار دەكات بەئاراستەی بەردەوامبوونی عادل عەبدولمەهدی وەك حكوومەتی كاتی بە دەسەڵاتی سنووردار و دووەم دیاریكردنی كەسایەتییەكی سەربەخۆ و تاقیكراوە وەك سوودانی و شوكری و هیتریش تا كاتی هەڵبژاردن، سێیەم وەك ئەوەی مەرجەعیەت و خۆپێشاندەران دەیانەوێ كەسێكی تەواو سەربەخۆ و بەهێزبێت و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات و ئەوەیش هێزە سیاسییەكان نایانەوێت، چونكە دەبنە دۆڕاوی گەورە، بۆیە پرۆسەی سیاسی لە عێراق بە سەختترین دۆخدا تێپەڕ دەبێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل