ترەمپ لە داڤۆس هێرش دەکاتە سەر پێغەمبەران

:: PM:08:59:21/01/2020 ‌

سەرۆکی ئەمەریکا لەمیانەی بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس، هەندێک کەس بە پێغەمبەری شووم ناو دەبات، ئەوانەی پێیان وایە دنیا لەژێر هەڕەشەیەکی ژینگەیی گەورەدایە.

ئەمڕۆ سێشەم (21ی کانوونی دووەم) دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە پانێلی سەرەکیی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی کە لە داڤۆس دەبەسترێ گوتی، من ئەوبەڕی بڕوام بە ژینگە هەیە، بەڵام دەشبێ پێغەمبەرە شوومەکان ڕەت بکەینەوە، ئەوانەی گریمانەی ئەوە دەکەن کە دنیا وێران دەبێ و ژینگە بە تەواوی تێک دەچێت.

ترەمپ خۆی بە ژینگەدۆست دەزانێ و پێی وا نییە هەرگیز ژینگەی زەوی بگاتە ئەو ئاستەی ژیان کۆتایی بێت


وێڕای ئەوەی گومان هەبوو سەرۆکی ئەمەریکا بەشداریی کۆڕبەندی داڤۆس بکات و چاوەڕوان دەکرا ئیڤانکای کچی بێت، بەڵام دواتر کۆشکی سپی ڕای گەیاند کە سەرۆکەکەیان بەشدار دەبێت و بایەخی ڕژدی پێ دەدەن.

ترەمپ لەم گوتارەیدا، وەڵامی کچێکی مێردمنداڵی سویدی دایەوە، کاتێک پێش چەند سەعاتێک لەناو کۆڕبەندی داڤۆس گوتارێکی خوێندەوە و تێیدا داکۆکیی لە ژینگە دەکرد و باسی مەترسییەکان دەکرد کە لە داهاتوودا چاوەڕێ دەکرێ تووشی دنیا بێت. گریتا تۆنبێرگ، هێرشی کردە سەر حکوومەتەکان و گوتی، هیچ شتێکیان لەپێناو پاراستنی ژینگە نەکردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا، بەشێکی گوتارەکەی بە وەڵامدانەوەی گریتا و باسکردنی ژینگە تەواو کرد و بەشە گەورەکەیشی لەسەر "شۆڕشی  ئابووری” بوو، وەک خۆی ناوزەندی دەکرد و دۆخی ئێستەی ئابووریی وڵاتەکەی پێ وەسف دەکرد و گوتی: توانیومانە گۆڕانکارییەکی گەورە لە هەموو بوارەکاندا بۆ باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان دروست بکەین و لە سەردەمی مندا ڕێژەی بێکاریی کەمی کردووە و لەوەتەی بوومەتە سەرۆک، پێنج ملیۆن هەلی کاری نوێم بەگەڕ خستووە.

ئەوەی پێش چوونی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی گرنگ بوو، گەڕانەوەی کۆمپانیاکانیانە بۆ وڵات و نەهێشتنیان لە چین و مەکسیک، بۆیە ئێستەیش لە گوتارەکانیدا هەمیشە دووپاتی ئەو خاڵە دەکاتەوە و لە داڤۆسیش ئاماژەی پێ دا کە ژمارەیەک کۆمپانیا و کارگەی ئەمەریکی گەڕاونەتەوە وڵات و ئێستە چارەکێکی وەبەرهێنانی هەموو دنیامان لایە.

داڤۆس، دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی نا حکوومی و قازانجنەویست، بە کۆڕبەندێک ناوبانی دەرکردووە کە ساڵانە لە مانگی کانوونی دووەم لە شاری داڤۆس لە وڵاتی سویسرا ڕێکی دەخەن و ناویشیان لێ ناوە، کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی و لە دنیادا هەر بە کۆڕبەندی داڤۆس ناوی دەرکردووە.

هەر لە گوتارەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ لەسەر کەمردنەوەی باج لەسەر کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی دوا کە بۆ نزمترین ئاست هێناونێتییە خوارەوە و گوتی: ئێستە لە ئەمەریکا دەتوانی کۆمپانیا دامەزرێنیت بەبێ ئەوەی هیچ باجێک بدەی و ئەوەی خستە ڕوو کە ئەوان کارێکی زۆریان لە بەرژەوەندیی دەستی کار و خێزانەکانیان کردووە و بانگەشەی ئەوەیشی کرد، ئەوان خەریکی دامەزراندنی ئابوورییەکی ئەمەریکین کە کاریگەرییەکەی بۆ سەر هەموو توێژەکان بێت.

سەبارەت بە ڕێککەوتنی بازرگانیی نێوان ئەمەریکا و چین، ترەمپ گوتی، ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە لە قۆناغی یەکەمدایە و هێشتا قۆناغی دووەم ماوە، چین ڕازی بووە هەموو ڕێوشوێنێک بگرێتە بەر کە پێشتر هەرگیز ئامادە نەبوو بچێتە ژێر بارییەوە، هەروەک چۆن پێوەری تایبەتمان بۆ گرەنتیی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە داناوە و ئێستە خەریکین خراپترین ڕێککەوتنی ئابووریی مێژووی وڵاتەکەمان هەڵدەوەشێنینەەوە.
هەفتەی پێشوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لەگەڵ لیو هی سەرۆک وەزیرانی چین، ڕێککەوتنێکی ئابوورییان واژۆ کرد، تێیدا ترەمپ بە وێزگەیەکی مێژوویی ناوی برد و گوتی، ئەم ڕێککەوتنە گەورەترین شەڕی ئابووری لە نێوان دوو زلهێزترینی ئابووریی دنیا کۆتا پێ دێنێ.

کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس، بایەخ بە گرنگترین پێشهاتەکانی ساڵ دەدات و خۆی لەسەر چەند تەوەرێک دەبینێتەوە کە ئەمانەن:
- بڕیاردان لەسەر شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم. سەرپەرشتیی هەموو ئەو داهێنانە پیشەسازییە بەرکابەرانە دەکات کە بەرهەم هاتوون و چاوەڕێ دەکرێ لە داهاتوودا بێنە بەرهەم، وەک بازاڕی ئۆتۆمبێل و مۆبایل، هەروەها چۆنییەتیی کاریگەرییان بۆ سەر ژیانی نەوەکانی داهاتوو و چۆنییەتیی ڕێکخستنی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و ڕۆشنبیری.
- چارەسەری ئەو گرفتە جیهانییە ئابوورییانەی لەماوەی تەواوبوونی کۆنگرەی ڕابردوو تا ئێستە تووشی هاتوون، هەروەها ئەو گۆڕانکارییە ژینگەییانەی دەبێتە هۆی ئەوەی یەکدەنگیی لەسەر بدرێ و ڕووبەڕووبوونەوە هەمەلایەنەی هەبێ لە هەردوو کەرتی گشتی و تایەبت و دۆزینەوەی چارەسەری تەکنەلۆژیی نوێ.
- چارەسەرکدنی بابەتی تەناهیی لەسەر ئاستی دنیا. کۆڕبەندەکە هەوڵ دەدات بیری نوێ بۆ دانانی ستراتیجییەک کە سوودەکەی بۆ تەواوی دنیایە بخاتە بەردەم سەرکردەکانەوە و لەسەر گۆڕانکارییە نوێیەکان ڕایان بهێنێ بۆ ئەوەی دنیا لە هەڕەشەی تەناهیی بپارێزرێ.



وشە - كوردۆ شابان