ڤایرۆسە مەترسیدارەکەی چین گەیشتە ئەمەریکا

:: AM:10:21:22/01/2020 ‌

ڤایرۆسێكی نوێ كە هێشتا تەنانەت ناویشی بۆ دیاری نەكراوە، لە چین بڵاو بووەتەوە و كۆمەڵێك كەس بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە. یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسەکە لە ئەمەریکاش تۆمار کرا و پێشتر حاڵەتەکە لە كۆریای باشوور و ژاپۆنیش راگەیەنرابوو و خەریكە بە دنیادا بڵاو دەبێتەوە.

نۆ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکە مردوون

كۆی ژمارەی ئەو كەسانەی لە چین تووشی ڤایرۆسەكە بوون، تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم 22/1/2020 گەیشتووەتە 440 كەس كە لەو ژمارەیە نۆ كەس گیانیان لە دەست داوە.

"لی بین" سەرۆكی كۆمسیۆنی نیشتمانیی تەندروستی چین بە میدیاكانی گوتووە، ئەو ژمارەیەی ئاماژەی پێ كراوە تا سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەمە و ئەگەر ژمارەی تووشبووانی چەند سەعاتی رابردووی  بخرێتە سەر، ئەوا لەوانەیە 149 حاڵەتی تر زیاد بكرێت.

ڤایرۆسەكە لە شاری ڤوهان لە پارێزگای هوبی چین لە كۆتایی مانگی رابردووی زاینی سەری هەڵدا. بەرپرسەكەی چین گوتوویەتی ئێستە ئەو ڤایرۆسە بۆ وڵاتانی تریش گواستراوەتەوە.

بەپێی ئامارەكە لە هەریەك لە وڵاتانی كۆریای باشوور، تایلەند و ژاپۆن حاڵەتی تووشبوون بەم ڤایرۆسە راگەیەنراوە و دوێنێ سێشەم لە ئەمەریكاش یەكەم حاڵەتی تووشبوو راگەیەنرا.

حاڵەتەكەی ئەمەریكا پیاوێكی تەمەن 30 ساڵە كە چەند رۆژێكە لە گەشتی چین گەڕاوەتەوە و لە نەخۆشخانەیەكی سیاتێلی ئەمەریكا خەوێنراوە. پزیشكان گوتوویانە دۆخی تەندروستیی نەخۆشەكە جێگیرە.

بەگوێرەی "یۆرۆنیوز" كۆمەڵێك وڵاتی دنیا لە ترسی بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە ڤایرۆسە، لە فڕۆكەخانەكانیاندا رێوشوێنی توندیان وەرگرتووە بەتایبەت لەو فڕۆكانەی لە چین دەگەڕێنەوە.

ئەم ڤایرۆسە نوێیە لە خێزانی كرۆنا ڤایرۆسە كە مرۆڤ تووشی پشووسواری دەكات و لەوانەیە بببێتە هۆی مردنی كەسەكە. ڤایرۆسەكە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە.

خێزانی كرۆنا ژمارەیەكی زۆری ڤایرۆس لە خۆ دەگرێت. ئەنفلەوەنزای ئاسایی  بەهۆی سەرما ئاساییترین و كەم مەترسیدارترینی ڤایرۆسەكانی ئەم خێزانەیە. هەڵبەت ڤایرۆسی مەترسیداری "سارس"یش لە هەمان خێزانە كە لە ساڵانی 2002  و 2003 بە دنیادا بڵاو بووەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر بوونە قوربانی.





وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 135 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌